ترەمپ و میلانیا ماڵئاواییان لە شا چارلز و شاژنە کامیلا کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و میلانیا ترەمپی خانمی یەکەم، رۆژی پێنجشەممە بە فەرمی ماڵئاواییان لە شا چارلزی سێیەم و شاژنە کامیلای شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا کرد، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی سەردانە فەرمییەکەیان بۆ ئەو وڵاتە.
 
لە بەردەم کۆشکی سپی، ترەمپ ستایشی شا چارلزی کرد و بە "مەزنترین پاشا" ناویبرد.
 
کەمێک دواتر، کاتێک ئەندامانی خێزانی شاهانەی بەریتانیا کۆشکی سپییان جێهێشت، سەرۆکی ئەمریکا لە قسەکانی بەردەوام بوو و گوتی: "کەسانی مەزنن. ئێمە لە وڵاتەکەماندا پێویستمان بە کەسانی زیاتری لەو شێوەیەیە."
 
سەرەتای ئەم هەفتەیە، شا و شاژن لەگەڵ ترەمپ و میلانیا لە کۆشکی سپی بەشدارییان لە چەند بۆنەیەکدا کرد. پاشا گوتارێکی دەگمەنی لەبەردەم کۆنگرێس پێشکێش کرد. کە یەکەمین گوتاری فەرمانڕەوایەکی شاهانەی بەریتانیایە لەوەتەی شاژنە ئیلیزابێسی کۆچکردووی دایکی لە ساڵی 1991ـەوە پێشکێشی کردبوو، دوای ئەوەش لە کۆشکی سپی بەشدارییان لە ئێوارەخوانێکی فەرمیی کرد.
 
پاشا و شاژن بەر لەوەی کۆتایی بە سەردانەکەیان بۆ ئەمریکا بهێنن، سەردانی چەند شوێنێکی ویلایەتی ڤێرجینیایان کرد؛ سەرەتا سەردانی گۆڕستانی نیشتمانیی ئارلینگتن-یان کرد بۆ دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕی سەربازی ون، پاشانیش بەشداری لە ئاهەنگێکی جەماوەری دەکەن کە بەبۆنەی 250ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەمریکا رێکخراوە، لەگەڵ سەردانیکردنی گۆڕەپانێکی پێشبڕکێی ئەسپسواری.
 
دواتر شا چارلز بەتەنیا گەشت دەکات بۆ دوورگەی بەرموودا، کە ئەمەش یەکەمین سەردانیەتی وەک پاشا بۆ یەکێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا لە دەرەوەی وڵات.