بەڕێوەبەری ناسا داوا دەکات پلووتۆ بە هەسارە پۆڵێن بکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (ناسا) مشتومڕێکی کۆنی هێناوەتەوە بەرباس و دەڵێت، بە بڕوای ئەو، پلووتۆ هێشتا هەسارەیە، ئەمەش پێچەوانەی بڕیاری زانایانە کە چەندین ساڵە پلووتۆیان لە لیستی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر دەرهێناوە.
 
جیم بریدنستاین، بەڕێوەبەری ناسا لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئاشکرا گوتی: "با بزانن، بە بڕوای من پلووتۆ هەسارەیە. دەتوانن بنووسن کە سەرۆکی ناسا جارێکی دیکە پلووتۆی وەک هەسارە ناساند." 
 
کاتێک لێی دەپرسن بۆچی وا دەڵێیت؟ لە وەڵامدا دەڵێت: "چونکە من لە قوتابخانە هەر بەو شێوەیە فێری بووم و سووریشم لەسەر ئەو بۆچوونەم."
 
بۆچی پلووتۆ کێشەی لەسەرە؟
 
لە ساڵی 1930ـەوە پلووتۆ دۆزراوەتەوە و وەک نۆیەمین هەسارەی کۆمەڵەی خۆر دەناسێنرا. بەڵام لە ساڵی 2006، یەکێتیی گەردوونناسیی نێودەوڵەتی بڕیاریدا کە چیدیکە پلووتۆ وەک "هەسارەیەکی تەواو" هەژمار نەکرێت و ناویان لێنا "هەسارۆک" یاخود “Dwarf Planet” واتە هەسارەی قەزەم. 
 
بۆچی لە لیستی هەسارەکان دەریانکرد؟
 
زانایان سێ مەرجیان داناوە بۆ ئەوەی تەنێک پێی بگوترێت هەسارە. پلووتۆ دوو مەرجیانی تێدایە: بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، هەروەها شێوەکەی خڕە. بەڵام مەرجی سێیەمی تێدا نییە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت قەبارەی هێندە گەورە بێت کە هێزی کێشکردنەکەی رێگە نەدات هیچ تەنێکی دیکەی گەورە لەسەر رێڕەوەکەی یان لە دەوروبەری بمێنێتەوە، بەڵام پلووتۆ نەیتوانیوە دەوروبەرەکەی لە تەنەکانی دیکە پاک بکاتەوە.
 
ئایا بەڕاستی پلووتۆ بووەتەوە بە هەسارە؟
 
نەخێر، هەرچەندە سەرۆکی ناسا ئەم قسەیەی کردووە، بەڵام بڕیاری فەرمیی زانایانی گەردوونناسی نەگۆڕاوە و هێشتا پلووتۆ هەر بە "هەسارۆک" دادەنرێت. قسەکەی سەرۆکی ناسا تەنیا بۆچوونی خۆیەتی.