ئایا ئێران دەتوانێت بە نهێنی چەکی ئەتۆمی تاقی بکاتەوە؟ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵام دەدەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، هەر تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمی کە هێزەکەی هاوتای 500 تۆن لە تەقەمەنیی کیمیایی (TNT) یان زیاتر بێت، دەستنیشان دەکرێت، بەڵام بۆ تاقیکردنەوە بچووکترەکان، ئەگەری هەیە جیهان پێی نەزانێت.
رۆبێرت فلۆید، بەڕێوەبەری رێکخراوی پەیماننامەی گشتگیری قەدەخەکردنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان (CTBTO)، لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بەوەی کە ئایا دەتوانن بە هەموو تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمی بزانن و ئێران ناتوانێت بە نهێنی چەکی ئەتۆم دروست بکات و تاقی بکاتەوە؟، گوتی: "من زۆر دڵنیام کە هەر تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمی، یان تەقینەوەیەکی ئەتۆمی کە هێزەکەی هاوتای 500 تۆن لە تەقەمەنی کیمیایی (TNT) یان زیاتر بێت، دەستنیشان دەکرێت. بۆیە ئێمە لەوەدا زۆر دڵنیایین. بەڵام متمانەمان زۆر کەمترە بۆ زانینی هەر تاقیکردنەوەیەک کە لە خوار ئەو ئاستەوە بێت (کەمتر لە 500 تۆن) تا دەگاتە ئەو تەقینەوانەی کە وزەیەکی زۆر کەم بەرهەم دەهێنن؛ ئەوەش ئەو بوارەیە کە پێموایە پێویستە کاری زیاتری تێدا بکەین بۆ دروستکردنی متمانە لە لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە هەر تاقیکردنەوەیەک ئەنجام بدرێت، دەستنیشان دەکرێت."
بە واتایەکی دیکە، هەر تەقینەوەیەک لە 500 تۆن (تی ئێن تی) بچووکتر بێت کە دەکاتە کەمتر لە 2%ـی ئەو بۆمبەی ئەمریکا لە هێرۆشیما بەکاری هێنا، ئەگەری هەیە جیهان پێی نەزانێت.
قسەکانی ئەم بەرپرسە باڵایەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێک دان کە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنفرانسێکی چوار هەفتەیی دەستی پێ کردووە بۆ پێداچوونەوە بەو رێککەوتنە جیهانییەی کە بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی چەکی ئەتۆمی واژۆ کراوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی دیکە دا، نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو، لەبارەی بیرۆکەی داماڵینی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە چەکی ئەتۆمی، پرسیاری لە سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کرد کە "چ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەترین بەربەستە بۆ وەدیهێنانی خەونی دروستکردنی رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی بێ چەکی ئەتۆمی؟"
رافایل ماریانۆ گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) لە وەڵام دا گوتی: "سوپاس بۆ پرسیارەکەت. پێموایە ئەمە بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵە. وەک دەزانن، هەموومان و تەواوی وڵاتانی ناوچەکە بۆ چەندین دەیەیە لەم بوارەدا کار دەکەین و ئاگاداری بارودۆخەکەین. بۆیە ئاماژەکردن بۆ وڵاتێک و گوتنی ئەوەی کە وڵاتی (A) یان وڵاتی (B) مەترسیدارترین وڵاتی جیهانە، پێموانییە کارێکی گونجاو بێت. ئەوەی بە لای منەوە گونجاوە بیڵێین ئەوەیە کە پێویستە هەموومان پابەندی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بین. پێویستە کار بۆ جیهانێک بکەین کە چەکی ئەتۆمی کەمتری تێدا بێت و لە ژێر هەر بارودۆخێکدا بێت، پێویستە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بین."
لە ساڵی 1996، پەیماننامەیەک بۆ رێگریکردن لە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لەلایەن 187 وڵاتەوە واژۆ کرا، بەڵام نۆ وڵاتیان بە کردەیی پابەند نین پێی و واژۆکردنەکەیان تەنیا بە شێوەیەکی سیمبوولی ماوەتەوە. ئەو وڵاتانەش بریتین لە: ئەمریکا، رووسیا، چین، ئیسرائیل، ئێران، میسر، کۆریای باکوور، هیندستان و پاکستان.