ترەمپ هەڕەشەی کەمکردنەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن تاوتوێی کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی لە ئەڵمانیا دەکات. ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەڵوێستەکانی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا سەبارەت بە شەڕی ئێران.
 
رۆژی چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە تروس سۆشیەڵ نووسی: "ئەمریکا خەریکی لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەریی هێزەکانی لە ئەڵمانیا، لە ماوەیەکی نزیکدا بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە دەدرێت."
 
ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا لە نێوان 35 بۆ 50 هەزار سەربازە. هەرچەندە ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییشیدا هەڕەشەی هاوشێوەی کردبوو، بەڵام ئەمجارە هەوڵەکە وەک "سزایەک" دەبینرێت بۆ ئەو هاوپەیمانانەی کە ئامادە نین پشتگیریی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بکەن، یان بەشداری لە هێزی پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمزدا بکەن.
 
کەمێک پێش بڵاوکردنەوەی پۆستەکەی ترەمپ، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن لەگەڵ یوهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا قسەی کرد و پرسی ئاسایشی کەشتیوانیان لە تەنگەی هورمز تاوتوێ کرد.
 
گرژییەکانی نێوان واشنتن و بەرلین دوای ئەوە زیادیان کرد کە فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆ واشنتن "شەرمەزار" دەکات. ترەمپ لە وەڵامدا هێرشی کردە سەر مێرتس و گوتی: "ئەو وا دەزانێت ئاساییە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، ئەو نازانێت باسی چی دەکات!"
 
مێرتس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەرلین هەوڵیدا دۆخەکە هێور بکاتەوە و گوتی: "پەیوەندییە کەسییەکانی نێوان من و سەرۆکی ئەمریکا وەک خۆی ماوەتەوە،" بەڵام گوتیشی، وڵاتەکەی و ئەورووپا بەدەست لێکەوتەکانی شەڕی ئێرانەوە دەناڵێنن.