رووسیا: کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک نابێتە هۆی دابەزینی نرخى نەوت
رووداو دیجیتاڵ
ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایگەیاند، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس سەرەڕای کشانەوەی ئیمارات لە کارەکانی بەردەوام دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، ئەلێکساندەر نۆڤاک بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، هاوپەیمانیی بەرهەمهێنەرانی نەوت بەردەوام دەبن لە کارکردن پێکەوە. نۆڤاک ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان ناکات کشانەوەی ئیمارات ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نرخەکان، چونکە ئێستا بازاڕەکانی جیهان بەدەست کەمیی دابینکردنی نەوتەوە دەناڵێنن.
جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا دۆخی ئێستای کەرتی وزەی بە "قووڵترین قەیران لە مێژووی پیشەسازییەکەدا" وەسف کرد و گوتی: "لەم دۆخەدا قورسە باس لە جەنگی نرخەکان بکرێت، لە کاتێکدا بازاڕ تینووی نەوتە. ئێمە دەبینین بڕێکی زۆر لە نەوت ناگاتە بازاڕەکان، لە کاتێکدا خواست بە شێوەیەکی بەرچاو لە خستنەڕوو زیاترە."
ئەم ناهاوسەنگییە لە بازاڕدا بەهۆی پەککەوتنی هێڵەکانی گواستنەوە و لۆجیستی دروستبووە، بەتایبەتی بەهۆی بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەنگی ئێرانەوە.
نۆڤاک دەڵێت، رووسیا وەک ئەندامێکی سەرەکی لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسدا دەمێنێتەوە، کە لە ساڵی 2016ـەوە دامەزراوە.
رۆژی سێشەممە ئیمارات بڕیاری کشانەوەی لە ئۆپێک دا، ئەمەش وەک گورزێکی بەهێز بۆ یەکگرتوویی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت بینرا.
ئیمارات چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نێو ئۆپێک پڵەس بوو. ئیمارات دەیەوێت بە دەرچوونى لە رێکخراوەکە، بەرهەمهێنانی خۆی بۆ 5 ملیۆن بەرمیل تاوەکو ساڵى داهاتوو زیاد بکات و رێگەیەکی سەربەخۆ بگرێتەبەر.
جەنگی ئێران بووەتە هۆی داخستنی تەنگەى هورمز و گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران، وایکردووە 20%ی وزەی جیهان نەگاتە بازاڕەکان.
رێکخراوى ئۆپێک کە لە ساڵی 1960 دامەزرا، لە ساڵی 2016 هاوپەیمانیی لەگەڵ 10 بەرهەمهێنەری دیکە کرد بۆ پێکهێنانی ئۆپێک پڵەس.