تیمێکی نێودەوڵەتی: کۆریای باکوور 20 هەزار کۆنتێنەر تەقەمەنی بە رووسیا داوە

رووداو دیجیتاڵ

تیمی چاودێریکردنی سزا فرەلایەنەکان بڵاویکردەوە، کۆریای باکوور هاوکاریی رووسیای لە بۆردوومانکردنی ژێرخانی سڤیل لە ئۆکراینا کردووە و زیاتر لە 20 هەزار کۆنتێنەر تەقەمەنی بەو وڵاتە داوە. 
 
تیمی چاودێریکردنی سزا فرەلایەنەکان لە راپۆرتێکدا دەڵێت، نۆ ملیۆن گولـلە تۆپ و ژمارەیەکی زۆر مووشەک هەڵدەریان تێدابووە. دەشڵێت، تەقەمەنییەکان بە کەشتی رووسی گوێزراونەتەوە، ئەمەش وەکو بەشێک لە هاوئاهەنگی سەربازی نێوان هەردوو وڵات کە پێشێلکارییە بەرامبەر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. 
 
دوای ئەوەی بەهۆی ڤیتۆی چین و رووسیاوە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکەوتوو نەبوو لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر پیۆنگیانگدا، ئەو تیمە دروستکرا.
 
ئەمریکا، کۆریای باشوور، ژاپۆن و هەشت ئەندامی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێو تیمەکەدان. 
 
لە راپۆرتەکەیدا تیمەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، رووسیا بە پێدانی زانیاری هاوکاری کۆریای باکووری کردووە بۆ ئەوەی پڕۆگرامی مووشەکەکانی بەرەوپێشببات. جەختیشیان لەوە کردەوە، "کۆریای باکوور و رووسیا دەیانەوێت بەردەوامی بە هاوئاهەنگی سەربازییان بدەن و زیاتر بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان". 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کۆریای باکوور یارمەتی مۆسکۆی بۆ زیادکردنی هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر شارەکانی ئۆکراینا و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی سڤیلی وڵاتەکە کردووە. هەروەها، لە ئەیلوولی 2023ـوە، ناردنی تەقەمەنییەکان بۆ مۆسکۆ لەلایەن پیۆنگیانگەوە دەستیپێکردووە. 
 
کانوونی دووەمی 2024، ئەمریکا و ئۆکراینا، کۆریای باکووریان بە ناردنی سەرباز بۆ رووسیا تۆمەتبارکرد. نیسانی ئەم ساڵ، پیۆنگیانگ و مۆسکۆ پرسەکەیان پشتڕاستکردەوە. 
 
پار رێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژی هەمەلایەنە لەنێوان کۆریای باکوور و رووسیا واژۆکرا. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، ئەگەر هەر یەکێکیان لە جەنگدا بێت، پێویستە لایەنەکەی دیکە هەموو هاوکارییەکی سەربازی و تەکنەلۆژی پێشکێش بە لایەنی دووەم بکات. 
 
شوباتی 2022، رووسیا هێرشیکردە سەر ئۆکراینا و جەنگی نێوانیان دەستیپێکرد. هەرچەندە ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەش هەوڵی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا جگە لە ئاگربەستی کاتی و ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە، هەوڵەکان بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی هیچیان لێ سەوز نەبووە.