شێخمووس تەککال؛ ئەو پیاوەی ئێزدییەکانی بە ئەڵمانیا ناساند و کچەکانی بوونە دەنگی کاریگەری کۆمەڵگە

رووداو دیجیتاڵ

لە دیمەنێکی پڕ لە یادەوەریدا لە شارۆچکەی هانۆڤەری ئەڵمانیا، رووداو چیرۆکی شێخمووس تەککال، ئەو دیاسپۆرانشینە کوردە دەگێڕێتەوە کە نەک هەر یەکەم کۆمەڵەی ئێزدییەکانی لە ئەڵمانیا دامەزراندووە، بەڵکو باوکی پێنج کچی کاریگەر و ناسراوە لەو وڵاتە.
 
دیارترینیان دیوزەن تەککالە، کە لە دەیەی رابردوودا رۆڵێکی بەرچاوی لە میدیا و سیاسەتی ئەڵمانیادا گێڕاوە بۆ ناساندنی دۆزی کورد و بەتایبەتیش ئێزدییەکان.
 
منداڵانی شێخمووس تەککال و فاتیمەی هاوژینی، کە رەگ و ریشەیان دەگەڕێتەوە بۆ گوندی داوودیای سەر بە چناری ئامەدی باکووری کوردستان، ئێستا لەنێو شەقام و دامەزراوەکانی ئەڵمانیادا بوونەتە ناوێکی دیار و جێی رێز. شێخمووس و فاتیمە، کە ئامۆزای یەکدین، یازدە منداڵیان هێناوەتە ژیانەوە.
 
سەرەتای کۆچ و کارکردن لە ئەڵمانیا
 
شێخمووس تەککال، کە زیاتر لە 50 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، رووداو دەباتە یەکەم شوێنی کارکردنی لەو وڵاتە؛ کۆمپانیایەکی کەلوپەلی بیناسازی کە میراتێکی خانەوادەییە.
 
شێخمووس تەککال، کەسایەتیی دیاری ئێزدی لە ئەڵمانیا، بەمشێوەیە باسی سەرەتای هاتنی دەکات: "لە ساڵی 1973 هاتمە ئەڵمانیا و یەکەمجار هاتمە ئەم شوێنە. پێمگوتن پێویستیان بە کرێکار هەیە، من دەتوانم لێرە کار بکەم. گوتیان بەڵێ و بەیانی وەرە بۆ کار. هەر ئەوکات خانوویەکیشیان پێدام. ئەوکات بە تەنیا بووم لێرە. دەستم بە کار کرد لە کۆمپانیای (زوینگ مان باو) کە کاری فرۆشتنی ئامێرەکانی بیناسازی بوو. من شوفێر بووم و بە باشی کارم دەکرد. ماوەی 18 ساڵ لێرە بەردەوام کارم کردووە. ئێستاش دۆستایەتی و پەیوەندیمان ماوە و یەکتر دەناسین و زۆر رێزم لێدەگرن."
 
مام شێخمووس تەنیا خۆی سوودمەند نەبووە لەو دەرفەتە، بەڵکو هەوڵیداوە هاوکاریی هاوزمانەکانیشی بکات: "جگە لە خۆم، توانیم چەندین کەسی ئێزدی بهێنم و لێرە کاریان پێبدەم و کاریان کرد. تەنانەت ئێستاش کەسێکی ئێزدی لێرە هەر کار دەکات کە ماوەی 32 ساڵە بەردەوامە لە کارکردن."
 
گوندی داوودیا و ناساندنی ئێزدییەکان بە ئەڵمانەکان
 
گوندی داوودیا، کە ناوەکەی لە پیرداوودەوە هاتووە، شوێنی لەدایکبوونی شێخمووسە لە باکووری کوردستان. وەک خۆی دەڵێت، "ئێستا یەک ماڵی ئێزدیشی تێدا نەماوە. پێشتر 100 ماڵی ئێزدی لێرە هەبوون، هەموویان هاتنە ئەورووپا. سەرەتا چوونە سووریا و عێراق، دواتر نزیکەی 50 ماڵیان مابوونەوە، ئەوانیش هەموویان هاتنە ئەورووپا."
 
لە ساڵانی سەرەتای هاتنی بۆ ئەڵمانیا، ناساندنی ئێزدییەکان کارێکی ئاسان نەبووە. شێخمووس دەڵێت: "بە ئەڵمانەکانمان دەگوت ئێمە ئێزدین، ئەوان خۆیان بێدەنگ دەکرد. دواتر دەمانگوت ئێمە کوردین، کوردیشیان بەباشی نەدەناسین. بیرمە یەکێکیان چوو کتێبێکی منداڵانی هێنا کە (کارڵ مای) نووسیبووی، گوتی کورد لەنێو ئەشکەوتەکان دەژین. گوتم کورد 40 ملیۆن کەسن، چۆن لەنێو ئەشکەوتەکان دەژین؟ دەیانگوت وامان بیستووە. بەڵام ناوی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانیان دەزانی، دەیانناسی وەک کوردێک کە شەڕ دەکات."
 
دامەزراندنی یەکەم کۆمەڵەی ئێزدییەکان و وەرگرتنی مافی مانەوە
 
رێککەوتنی نێوان ئەڵمانیا و تورکیا بۆ هێنانی هێزی کار لە ساڵی 1973 کۆتاییهات. ئەو کاتە شێخمووس ناچار دەبێت داوای مافی پەنابەری بکات بۆ ئەوەی لە ئەڵمانیا بمێنێتەوە. ئەو ماوەی 12 ساڵ لە دووری و چاوەڕوانیی منداڵەکانی مایەوە تاوەکو مافی مانەوەی پێدرا.
 
شێخمووس تەککال لە ساڵی 1983 یەکەمین کۆمەڵەی ئێزدییەکانی لە شاری هانۆڤەر دامەزراند. ئەم هەنگاوە بووە هۆی ئەوەی گەورەترین دیاسپۆرای ئێزدی لە سەرتاسەری ئەورووپا لە هانۆڤەر دروست ببێت.
 
رۆڵێکی "گرنگ"ـی لە وەرگرتنی مافی پەنابەری بۆ ئێزدییەکان، هێربێرت شنۆوەر، وەزیری ناوخۆی ئەوکاتی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن گێڕا. شێخمووس باس لەوە دەکات: "هێربێرت شنۆوەر چووە گوندی داوودیا و چووە ماڵمان و وێنەیەکی لەگەڵ دایکم گرت. دواتر چووە میدیات و شمزێ و چەندین گوندی ئێزدینشین و دۆخی ئێزدییەکانی ئەوێی بینی. کە گەڕایەوە، راپۆرتێکی نووسی و بڕیاری پێدانی مافی پەنابەری و مانەوەی بە ئێزدیان دەرکرد و هەموومان مافی مانەوەمان پێدرا."
 
کچە سەرکەوتووەکانی بنەماڵەی تەککال
 
یەکێک لە کچەکانی شێخمووس و فاتیمە، تووبا تەککالە، کە تاوەکو ساڵی 1997 یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێ بووە لەگەڵ یانەی کۆڵن و چەندین خەڵات و نازناوی بەدەستهێناوە. دیمەنی دوای وەرگرتنی خەڵات لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆماری ئەڵمانیاوە، کە هێلینی خوشکی تووبا لەگەڵ دایک و باوکی لەبەردەم کۆشکی سەرۆکایەتیی شایی دەکەن، وێنەیەکی "گەش"ـی ئەو بنەماڵەیە پێشان دەدات.
 
شێخمووس رۆڵی فاتیمەخانی هاوژینی لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا بەرز دەنرخێنێت: "بەڕاستی دایکیان زۆر هاوکاریی ئەوانی کرد و پشتیوانیی منی کرد. بیرمە هەموو رۆژ کاژێر حەوتی بەیانی دەچووە سەر سەری منداڵەکان و بەئاگای دەهێنان و پێی دەگوتن ئەمە راستە و ئەمە خراپە، ئەمە بکەن و ئەمە مەکەن. بڕۆن وەرزش و خوێندنی خۆتان بەباشی بکەن. چەند پارەتان پێویست بێت من دەیدەم، حەزدەکەم لە خوێندنی بەرز بخوێنن. من 11 منداڵم هەن، 7 کچ و 4 کوڕ، هەموویان خاوەن بڕوانامەن و خەریکی ژیان و کەسابەتی خۆیانن."
 
دیارترین کەسایەتیی نێو منداڵەکانی تەککال، دیوزەن تەککالە. ئەو سیاسەتمەدار، رۆژنامەڤان و چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤە لە ئەڵمانیا. خەڵاتی سەرۆکایەتیی کۆماری بۆ مافەکانی مرۆڤ وەرگرتووە و بۆچوونەکانی لە میدیاکانی ئەو وڵاتەدا بەهەند وەردەگیرێن. دەنگی دیوزەن لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیشدا بیستراوە. هەروەها دامەزرێنەری دەزگای "هەوار"ـە بۆ کاری خێرخوازی و سێ بەڵگەفیلمیشی لەسەر کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە ساڵی 2014 بەرهەمهێناوە.
 
ئامۆژگارییەک بۆ دایک و باوکان
 
شێخمووس تەککال ئامۆژگارییەکی گرنگی هەیە بۆ دایک و باوکان: "ئامۆژگاریی من بۆ دایک و باوکان ئەوەیە رێگری لە منداڵەکانیان نەکەن. هەر کاتێک رێگری لە منداڵان کرا، ئەو کاتە ئەو منداڵە لە دایک و باوکی دەبێتە دوژمن. من زۆرم بینیون لە خێزانەکانمان و لە هاوڕێ و کەسەکانمان. بەڵام من رێگریم لە منداڵەکانم نەکردووە و پێم گوتوون بڕۆن بخوێنن و وەرزش بکەن. تەنانەت خانووم لە هامبۆرگ بۆیان گرت بەهۆی ئەوەی خوێندنگەکەیان لەوێ بوو. هەرچەندە کەسە نزیکەکانم بە منیان دەگوت چۆن دەبێت کچەکانت بەتەنیا لە خانوویەکدا بن و دوور لە ئێوەبن، با هاوسەرگیری بکەن و منداڵیان هەبێت باشترە، بەڵام من گوێم پێنەدان."
 
ئەڵمانیا وڵاتی دووەم، بەڵام کوردستان لە دڵدا دەمێنێتەوە
 
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا گوندی داوودیا و گەڕانەوە بۆ وڵات لە دڵیدا ماون، شێخمووس دەڵێت: "هیچ شتێکمان لە داوودیا نەماوە، یەک خانووشی لێنەماوە و هەمووی وێران بووە. قورسە بتوانین بچینە ئەوێ و لەوێ بژین. ئەوە ماوەی 52 ساڵە ئێمە لە ئەڵمانیا دەژین و ئێستا ئەڵمانیا وڵاتی ئێمەیە. منداڵەکانمان لێرە راهاتوون. هەرچەندە هەندێک ئێزدی هەن دەڵێن دەرفەت هەبێت دەگەڕێینەوە، بەڵام باوەڕ ناکەم هیچ ئێزدییەک بگەڕێتەوە. زۆربەیان لێرە خانوویان هەیە و بڕوانامەیان هەیە و کار و کەسابەتیان هەیە."
 
سەرباری ئەوەی ئەڵمانیا بووەتە وڵاتی دووەمیان، بەڵام خۆشەویستیی کوردستان لە دڵی مام شێخمووسدا زیندووە: "دەتوانین بچینە تورکیا و عێراق و سووریا و کوردستان. هەر جارێک دەگەڕێمەوە کوردستان و دەچمە گوندی داوودیا زۆر دڵخۆش دەبم. یان کە دەچمە هەولێر و دهۆک و بەتایبەتیش زاخۆ، زۆر خۆشە و زۆر دڵخۆش دەبم. زۆر سوپاسی خەڵکی ئەوێ دەکەم، زۆر هاوکاریی ئێزدییەکانیان کردووە بەڕاستی."
 
مام شێخمووسی تەمەن 75 ساڵ، کە دڵی پڕە لە خۆشەویستی بۆ ژیان، ئێزدیایەتی و کوردبوون، لەگەڵ فاتیمەخانی هاوژینی، نەک تەنیا بۆ هاونیشتمانیان و هاوزمانانیان، بەڵکو بۆ کۆمەڵگەی ئەڵمانیاش سوودبەخش بوونە و نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیان و سەرکەوتنیان پێشکێش کردووە.