پارکی ڤاتنایۆکۆ لە ئایسلاند؛ تێکەڵەیەک لە سەهۆڵ و ئاگر

رووداو  - هەولێر

چەند هەفتەیەکی ماوە، یۆنیسکۆ پارکی ڤاتنایۆکۆ لە لیستی شوێنەوارەکانی جیهان وەک گەورەترین پارکی سرووشتی ئەوروپا دابنێت. بەڵام پارکەکە لەژێر هەڕەشەیەکی رێگەپێنەگیراودایە، گۆڕینی کەشوهەوا کە پلەکانی گەرمای بەرزکردووەتەوە و ژێر بەستەڵەکەکانیدا، گڕکانێكی بێدەنگی حەشارداوە.

ماگنوس گودموندسۆن، بەڕێوەبەری گشتیی پارکی نیشتمانی ڤاتنایۆکۆ دەڵێت "پارکی نیشتمانی ڤاتنایۆکۆ تێکەڵەیەکە لە سەهۆڵ و ئاگر. هەروەها هێمایەکە بۆ ئاگری گڕکانەکان و توانەوەی سەهۆڵەکان و تێکەڵبوونیان لەگەڵ ئاوی دەریاکان. بەڕاستی شتێكی تایبەتە".

236 ساڵە هێندەی ئێستا گڕکانەکانی ژێر ئەو ناوچەیە گەرم نەبوون، زانایانی جیۆلۆجی باس لە هەزار و 180 پلەی سیلیزی دەکەن. ئەوان دەڵێن، ژێرزەوی پارکەکە، وەک هەنگوینێکی گڕگرتووی لێهاتووە.

ماگنوس گودموندسۆن دەڵێت  "ساڵانە زەوی نوێ دەبینین کە لەژێر بەستەڵەکە تواوەکانەوە دێنەدەرەوە، چونکە ئەو بەستەڵەکانە بەخێرایی دەتوێنەوە".

چیا و شاخە بەستەڵەکەکانی نێو پارکەکە، بۆ دۆخی پێش دروستبوونیان دەگەڕێنەوە و بەشێوەی باران بە خاکی زەویدا دەڕۆن.

لەگەڵ هەموو ئاڵنگارییە سرووشتییەکانی بەردەمیدا، پارکی نیشتمانی ڤاتنایۆکۆ وەک سەوزاییەکی فراوان کە لە لە 14% لە کۆی رووبەری 102 هەزار کیلۆمەترەکەی ئایسلاند، بەرەو جێگربوونی لە لیستی شوێنەوارە دێرینە سەرسوڕهێنەرەکانی یۆنیسکۆی نەتەوەیەکگرتووەکان، هەنگاودەنێت.

سنۆری باڵدۆرسۆن، زانای زیندەوەرزانی دەڵێت "بۆئەوەی شوێنێک لەنێو لیستی شوێنەواری جیهانیدا دابنرێت، دەبێت ئەو شوێنە بەهایەکی جیهانی گەورەی هەبێت. بەواتایەکی دیکە دەبێت شوێنێکی نایاب بێت، شوێنێک بێت کە هیچ شوێنێكی دیکەی جیهان نەتوانێت لەڕووی دیمەنە سرووشتییەکانی و بەها کولتوورییەکانی، رکابەری بکات".

لیژنەی یۆنیسکۆ بۆ شوێنەوارەکان لە 10 رۆژی سەرەتایی ئەم مانگە لە وڵاتی ئازەربایجان کۆدەبێتەوە بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی 36 شوێنی جیهانی بۆ دانانیان لەنێو لیستی شوێنەوارە دێرینەکانی جیهان، پارکی نیشتمانی ڤاتنایۆکۆش یەکێکە لە بەهێزترین کاندیدەکان.