کوردێک لە بەریتانیا ژنێک لە مەرگ رزگاردەکات
رووداو دیجیتاڵ
رزگارکردنی ژنێک لەلایەن کوردێکەوە لە ئاگرەکەی هەفتەی رابردووی لەندەن، لە میدیای بەریتانیا دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
کوردێکی دانیشتووی لەندەن باس لەوە دەکات، لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی 23ی حوزەیرانی ئەو شارەدا ژنێکی لە سووتان رزگارکردووە. کاتێک چوارشەممەی هەفتەی رابردوو گەراجێک لە شەقامی بالدری گاردنز لە ناوچەی ستریتهامی باشووری لەندەن گڕیگرت، سەرباز بەرزنجی لە باڵەخانەیەکی تەنیشت ئەو شوێنە بوو.
وەکو پێشتر حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندبوو، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد. سەرباز و 12 کەسی دیکە کە پێنجیان منداڵ بوون، لەلایەن تیمەکانەوە لە باڵەخانەکە هێنرانە دەرەوە.
ئەو پیاوە کوردە لەبارەی رووداوەکەوە بە میدیای بەریتانیای گوتووە، "خەوتبووم و بەهۆی دەنگی تەقینەوە بەئاگاهاتمەوە. کاتێک کە بەخەبەرهاتمەوە، لە پەنجەرەوە سەیری دەرەوەم کرد و دووکەڵێکی گەورەم بینی لە باڵەخانەکە دەهاتە دەرەوە. پەیوەندیم بە 999وە کرد و لە رووداوەکە ئاگادارم کردنەوە. دواتر تەلەفۆنەکەم دانا و بانگی دراوسێکانم کرد، یەکێکیان منداڵێکی ساوای هەیە".
لەکاتێکدا کە دووکەڵ لە چواردەوریان بەرزدەبووەوە، لەنێو ئەو پەشۆکان و شڵەژانەی بەهۆی ئاگرەکەوە دروستبوو، یەکێک لە دراوسێکانی سەرباز پێی گوتبوو کە هێشتا ژنەکەی لەنێو باڵەخانەکەدا ماوەتەوە.
سەرباز لەبارەی دراوسێکەیەوە دەڵێت، "ئەو لە بیناکە رایکردە دەرەوە و منداڵە ساواکەشی هەڵگرتبوو، بەڵام لەبەرئەوەی دووكەڵەکە زۆر گەورە بوو، هاواریدەکرد (تکایە ژنەکەم رزگاربکەن)".
پیاوە کوردەکە دەڵێت، ئەوکات بیرم لەوە نەکردەوە تا چ راددەیەک دووکەڵەکە مایەی مەترسییە و پێشتر شتی لەو جۆرەم نەبینیبوو.
سەرباز ئاماژە بەوە دەکات، "دووکەڵەکە زۆر گەورە و چڕ بوو، بەڵام لەبەرئەوەی شارەزای بیناکە بووم، بە قادرمەکاندا سەرکەوتم و دەستمکرد بە پێلەقەلێدان لە دەرگاکە. نەمتوانی هیچ ببینم، بۆیە رامکردە دەرەوە، گڵۆپی مۆبایلەکەم کردەوە و چوومەوە نێو دووکەڵەکە. کاتێک کە گەیشتمە قادرمەکانی ژوورەوە، هەناسەم تەنگ بوو، بۆیە کشامە دواوە. خانمەکەش توانیی بێتەدەرەوە. لەسەر قادرمەکان کەوتە خوارەوە و برینداربوو، بەڵام دراوسێکان ئەویان هەڵگرت و گەیاندیانە کەناری ئارامی".
دوای ماوەیەکی کورت، کارمەندانی فریاگوزاری گەیشتنە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد.
سەرباز ئەوکاتە بە ئاگرکوژێنەرەوەکانی گوتبوو، سەلامەتە، بەڵام ئەوان پێیان گوتبوو کە پێویستە بچێت بۆ نەخۆشخانە. سەرباز بەرزنجی و منداڵێکی دیکە گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانەی کینگز کۆڵیج.
لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، ئەنجامی ئەو دووکەڵە لەسەر جەستەی سەرباز دەرکەوت کە لەکاتی رزگارکردنی ئەو ژنە هەڵیمژیبوو. ئەو هاونیشتمانییە کوردە دەشڵێت، "لەنێو ئەمبوڵانسدا هەستم بە نەخۆشی کرد و دەستم بە کۆخە و دەرپەڕاندنی رەژوو کرد. ئەوان هەوڵیاندەدا بارودۆخم سەقامگیر بکەن و ئۆکسجینی پەستان بەرز و شلەمەنییان پێدام".
لە نەخۆشخانەکە بە سەرباز گوتراوە کە بەهۆی هەڵمژینی ئەو دووکەڵەوە، ئۆکسجین نەگەیشتووەتە ماسوولکەکانی. دواتر لەوێش ئۆکسجینی پێدراوە و لەژێر چاودێری هێڵدرابوویەوە.
پزیشکەکان لە کۆتاییدا پێیان گوتبوو، بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵەکەوە زیان بەر گورچیلەکانیشی کەوتووە، بەڵام دڵنیایشیان کردووەتەوە کە بە تەواوی چاکدەبێتەوە.
سەرباز باس لە هەستی خۆی لەکاتی رووداوەکە دەکات و دەڵێت، "کاتێک کە دووکەڵەکەم بینی، تەنیا بیرم لەوە دەکردەوە کە دەکرێت چەند کەس لەوێ گیریان خواردبێت".
ئەم کارەی سەرباز بەرزنجی لە ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکانی بەریتانیا وەکو چیرۆکێکی قارەمانێتی بڵاوکرایەوە. دراوسێکانی سەرباز سوپاسی دەکەن و دەستخۆشیی لێدەکەن.