سەرپەرشتیکاری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد رەمسفێڵد، وەزیری بەرگریی پێشووتری ئەمریکا کە بە ئەندازیاری جەنگی عێراق دەناسرێت، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. خێزانی رەمسفێڵد رۆژی چوارشەممە لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، رەمسفێڵد لە شاری تاوس لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆ لە نێو کەسوکارەکەیدا کۆچی دواییکردووە.
رەمسفێڵد لە سەردەمی دوو سەرۆکی ئەمریکادا وەزیری بەرگریی بووە. یەکەم جار لە سەردەمی ئیدارەی جیراڵد فۆردی 34ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لە 1974 - 1977 وەزیری بەرگریی بوو. دواتر، جۆرج دەبلیوو بووش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا ساڵی 2001 لە خوولی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەیدا رەمسفێڵدی وەکو وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەڵبژارد.
رەمسفێڵد بەڵێنی دابوو کە رۆتینی نێو سوپا نەهێڵێت و وای لێ بکات خێراتر و ئاسانتر کارەکانی ئەنجامبدات.
هەشت مانگ دوای دەستبەکاربوونی رەمسفێڵد، 11ـی ئەیلوولی 2001، هێرش کرایە سەر جووتە تاوەرەکەی بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرک کە هەموو شتێکی گۆڕی.
رەمسفێڵد سەرپەرشتیی کاردانەوەی ئەمریکا و هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی رێکخراوی قاعیدە و تاڵیبانی لە ئەفغانستان کرد.
لە ماوەیەکی کەمدا، هێزەکانی کۆماندۆی ئەمریکا و هێرشە ئاسمانییەکانیان تاڵیبانیان لە دەسەڵات دووخستەوە و حکومەتێکی نوێ لە لایەن ئەفغانیەکانەوە هەڵبژێردرا، لەو کاتەوە گرژییەکان بەردەوامن.
ساڵی 2002، رەمسفێڵد و دیک چینی، جێگری سەرۆکی ئەو کات، سەرنجی پێنتاگۆنیان خستە سەر سەدام حوسێن، سەرۆکی ئەو کاتی عێراق.
هەر لە سەردەمی ئەودا بوو ئوسامە بن لادن، سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە لە چیاکانی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان نزیکبوو دەستگیربکرێت، بەڵام لەدەستیان دەرچوو بۆ نێو پاکستان کە ساڵی 2011 لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆبامادا کوژرا.
ساڵی 2003، هێزەکانی ئەمریکا عێراقیان کۆنترۆڵکرد بۆئەوەی بە گوتەی خۆیان، رێگری لە سەدام حوسێن بکەن تا پەرە بە چەکە کۆمەڵکوژەکانی نەدات.
جۆرج بووشی کوڕ، ساڵی 2006 رەمسفێڵدی لە پۆستەکەی دوورخستەوە، لە کاتێکدا کە ئەمریکا بە نێو دۆخێکی سەختدا دەربازدەبوو، چونکە هەزاران سەربازیان لەگەڵ هەزاران هاووڵاتیی سڤیل لە ئەفغانستان و عێراق دەکوژران یانیش برینداردەبوون.
ئێستاش نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا ماون کە لەشەڕی دژی داعش پاڵپشتیی هێزە ئەمنیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن و لە ئەفغانستانیش سوپای ئەمریکا سەرقاڵی کشانەوەیە، لە کاتێکدا فەرماندە باڵاکانی ئەمریکا هۆشداری لە هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی ئەفغانستان دەدەن.
لە ماوەی کاری دۆناڵد رەمسفێڵد، ژمارەیەک پرسی هەستیار مشتومڕی گەورەیان بەدوای خۆیاندا هێنا، لەنێویشیاندا مامەڵەی خراپی ئەمریکیەکان لەگەڵ زیندانیە عێراقیەکان لە بەندینخانەی ئەبوغرێب و دۆخی بەندینخانەی گوانتانامۆ.
لە پرینستنەوە بۆ پێنتاگۆن:
دۆناڵد رەمسفێڵد ساڵی 1932 لە شیکاگۆ لەدایکبوو
لە کۆلێژی پرینستن لە ویلایەتی نیوجێرسی خوێندنی تەواوکرد
لەو کۆلێژەوە وەکو سەربازێکی هێزی دەریایی ئەمریکا دەستبەکاربوو
ساڵی 1954 تاوەکو 1957 ئەرکی سەربازی بەجێگەیاندووە
دواتر وەکو ئەندامی دەستەی راگەیاندنی کاپیتڵ هیڵ دەستبەکاربوو
ساڵی 1960، وەکو فەرماندەی یەکەی دژە کەشتیی ژێردەریایی دەستبەکاربوو
ساڵی 1975 بووە 13ـەیەمین وەزیری بەرگریی ئەمریکا
کانوونی دووەمی 2001 دووبارە بووەوە وەزیری بەرگری