بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.8 پلەی رێختەر ناوچەیەکی رووسیای هەژاند
رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەکی بەهێز نیمچەدوورگەی کامچاتکای رووسیای هەژاند و لە هەندێ ناوچەی ئەو وڵاتە و ژاپۆن بووە هۆی دروستبوونی سوونامی.
بوومەلەرزەکە بە گوڕی 8.8 پلەی رێختەر بوو و کۆمەڵێک پاشلەرزەی بەهێزیشی بەدوادا هات و بووە هۆی دروستبوونی سوونامی لە هەندێک ناوچەی کەناراوی زەریای هێمن.
وەزارەتی کاروباری نائاسایی رووسیا بڵاویکردەوە، سوونامی دروستبووە و بەشێک لە شارۆچکەی سڤیرۆ کورلیسکی داوە و بەو هۆیەوە نزیکەی 2 هەزار کەس لە دانیشتووانەکەی بۆ شوێنی سەلامەت گوێزراونەتەوە.
ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە شارۆچکەکەوە دەری دەخەن کە ئاوێکی زۆر لە شارۆچکەکەدا کۆبووەتەوە و هەندێ ماڵی بە تەواوی ژێرئاو خستووە.
میدیای فەرمیی رووسیا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە ژمارەیەک کەس بریندار بوون، بەڵام برینی هیچ کامیان سەخت نییە.
میدیای فەرمیی ژاپۆنیش هەندێک دیمەنی بڵاوکردەوە کە تێیاندا دەردەکەوێ خەڵک رادەکەن بۆ ئەوەی خۆیان بگەیێننە ناوچەی بەرز، لەوانەش لە دوورگەی هۆکایدۆی باکووری ئەو وڵاتە کە یەکێک بوو لەو شوێنانەی زوو سوونامییەکە گرتییەوە.
لە ساڵی 1952 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 9.0 پلەی رێختەر هەمان نیمچەدوورگەی رووسیای هەژاند کە بووەهۆی دروستبوونی سوونامیەکی وێرانکەر. لەو کاتەوە ئەمە بەهێزترین بوومەلەرزەیە لەو وڵاتە روویدابێ.
بوومەلەزەکە 6 پاشلەرزەی بەهێزی بەدوادا هات. یەکێک لەوان گوڕەکەی 6.9 بوو و یەکێکی دیکەشیان گوڕەکەی 6.3 بوو.