ئەمریکا: گەورەترین پاکێچی سزامان بەسەر تۆڕی گواستنەوەی نەوتی ئێراندا سەپاند

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، گەورەترین پاکێجی سزای بەسەر تۆڕی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێراندا سەپاند.  
 
رۆژی چوارشەممە، 30ی تەممووزی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سزای نوێیان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەرفراوانترین پاکێجی سزای پەیوەست بە ئێرانن لە ساڵی 2018ـەوە.
 
وەزارەتی گەنجینە بانگەشەی ئەوە دەکات، کە لە رێگەی تۆڕێک لە کەشتیی نەوتهەڵگر، کەشتیی کۆنتێنەر و کۆمپانیاکانی رووبەند؛ محەمەد حوسێن شەمخانی کۆنترۆڵی بەشێکی بەرچاوی هەناردەی نەوتی خاوی ئێرانی کردووە و زۆربەی کات بۆ کڕیارەکانە لە چین.
 
بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، حوسێن شەمخانی کوڕی عەلی شەمخانی، راوێژکارێکی باڵای سیاسیی رێبەری باڵای ئێرانە، کە لە ساڵی 2020 لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.
 
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، داهاتی فرۆشی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان سوودی بۆ بنەماڵەی شەمخانی و ئێرانیش هەیە.
 
وەزارەتی گەنجینە ئاماژە بەوە دەکات، تۆڕەکە چەندین شێوازیان بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی چالاکییەکانیان، لەوانە دروستکردنی کۆمپانیای رووبەند و گۆڕینی بەردەوامی کەشتییەکان.
 
حوسێن شەمخانی، کە وەزارەتی گەنجینە پێیوایە لە تاران یان لە ئیمارات کاردەکات، پاسپۆرتێکی دۆمەنیکا بە ناوی خوازراوی "هیوگۆ هایک" بەکاردەهێنێت.
 
سزاکانی ئەمجارەی ئەمریکا زیاتر لە 115 کەسایەتی، دامەزراوە و کەشتی لە 17 شوێنی جیاوازی کردووەتە ئامانج لەنێویشیان وڵاتانی ئیمارات، هیندستان، تورکیا، سەنگاپورە و سویسرا.
 
مایکڵ فۆڵکێندەر، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، دانانی ئەو ناو و دامەزراوانە لە نێو لیستی رەشی حکومەتەکەیان، "جەخت لەسەر ئەو گەندەڵییە قووڵە دەکاتەوە کە لە دڵی دەسەڵاتداریی ئێراندا هەیە."
 
فۆڵکێندەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دەستڕاگەیشتنی حوسێن شەمخانی وەک دەستەبژێرێکی رژێمی ئێران، وای لێکردووە کە سەروەت و سامانێکی نایاسایی لەسەر حیسابی خەڵکی ئێران کۆبکاتەوە."
 
لە کاتی دەستبەکاربوونی لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو، ئیدارەی ترەمپ سزای خستووەتە سەر زیاتر لە 500 کەسایەتی، دامەزراوە و کەشتیی پەیوەست بە ئێران.
 
لە 4ی شوباتی ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی نوێی واژۆ کرد کە مەبەست لێی زیادکردنی گوشاری ئابوورییە لەسەر ئێران و گەیشتنی هەناردەی نەوتی ئێران بە "سفر."
 
پێش هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی رابردوو، واشنتن و تاران پێنج جار لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا و مەسقەتی پایتەختی عومان کۆبوونەوە بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک کە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی سنووردار بکات لە بەرامبەر سووککردنی سزاکاندا. 
 
رۆژی دووشەممە، 28ی تەممووز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا، کە ئەگەر ئێران هەوڵی دەستپێکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات، دووبارە هێرش دەکەنەوە سەر دامەزراوەکانی.