ترسی سوونامی ملیۆنان کەس لە جیهاندا ناچار بە هەڵهاتن دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای بوومەلەرزەکەی رووسیا، ملیۆنان کەس لە ترسی روودانی سوونامیی زەریای هێمن، ناوچەکانی خۆیان چۆڵ دەکەن و بەرەو شوێنێکی سەلامەت هەڵدێن.
رۆژی چوارشەممە 30ی تەممووزی 2025، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە رووسیای دا، کە بووە هۆی هۆشداری لە روودانی سوونامی بدرێ، بەهۆی ئەو ترسەشەوە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری زەریای هێمن، لە ژاپۆنەوە تاوەکو ئیکوادۆر لە ئەمریکای باشوور ناچار بە چۆڵکردنی ماڵەکانیان بکات.
بوومەلەرزەکە بە گوڕی 8.8 پلە لە نزیک نیمچەدوورگەی کامچاتکای رووسیای دا، بوومەلەرزەکە شەپۆلی دروست کرد کە لە هەندێ شوێن بەرزیی شەپۆلەکە گەیشتە چوار مەتر.
سەرەتا بوومەلەرزەکە زیانێکی سنووردار و تەنیا بریندارێکی لێکەوتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەهێزترین بوو لە بوومەلەرزەکەی ساڵی 2011ی ژاپۆن کاتێک 15 هەزار کەس لە ژاپۆن گیانیان لەدەستدا.
ناوەندی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرزەکەی رووسیا یەکێک بووە لە 10 بەهێزترین بوومەلەرزەکان کە تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێت.
دواتر هۆشداری لە روودانی سوونامی لە زیاتر لە دەیان وڵات درا. بەرپرسان رایانگەیاند، لە رووسیا، سوونامییەک بە بەندەری سێڤێرۆ کوریلسکدا دا و زیانی بە بەندەرەکە گەیاندووە.
لە ژاپۆن، نزیکەی دوو ملیۆن کەس ئاگادارکرانەوە بچنە شوێنی بەرزتر، پێش ئەوەی ئاگادارکردنەوەکان کەمبکرێنەوە یان هەڵبوەشێنرێنەوە.
بەڕێوەبەری وێستگەی ئەتۆمیی فۆکوشیما لە باکووری رۆژهەڵاتی ژاپۆن- کە بەهۆی بوومەلەرزە و سوونامییەکی گەورەی ساڵی 2011 وێران بوو، رایگەیاند وێستگەکە چۆڵکراوە.
میدیاکانی ژاپۆن ئاماژەیان بەوە داوە، ژنێک گیانی لەدەستداوە کاتێک لە هەوڵی هەڵاتنیدا ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە.
لە پیرۆ لە کۆی 121 بەندەر 65 بەندەری سەر زەریای هێمنی داخران، هاوکات هێزی دەریایی هۆشداریدا کە دەبێت راوەماسی رابگیرێت، تاوەکو خەڵک لە کەناراوەکان دووربکەونەوە.
لە ویلایەتی هاوای ئەمریکاش؛ زەنگی ئاگادارکەرەوەی سوونامی لە نزیک کەناری بەناوبانگی وایکیکی لێدرا، دواتریش خەڵکەکە بە لێشاو ماڵەکانی خۆیان بەجێهێشت و روویان لە شوێنی بەرزتر کرد.
جۆش گرین، حاکمی ویلایەتی هاوای بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بۆ ماوەیەکی کاتیی گەشتە ئاسمانییەکانی هاوای راگیراون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیی سۆشیال تروس نووسی "بەهێز بن و سەلامەت بن!"
بەڵام دواتر ناوەندی هۆشداریی سوونامیی زەریای هێمن ئاستی ئاگادارکردنەوەکەی بۆ هاوای دابەزاند، بۆیە دەسەڵاتدارانی ویلایەتەکەش فەرمانی چۆڵکردنی کەناراوەکانیان هەڵوەشاندەوە.