بۆ پلانی داهاتووی ئیسرائیل لە غەززە؛ ویتکۆف لەگەڵ نەتەنیاهوو کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە سەردانی ئیسرائیل بکات و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی داهاتووی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەکەن.
 
رۆژی چوارشەممە 30ی تەممووزی 2025، بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپ، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاندووە، "نێردەی تایبەتی ئەمریکا، ویتکۆف رۆژی پێنجشەممە دەگاتە ئیسرائیل و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ چارەسەرکردنی دۆخی غەززە."
 
رۆژێ سێشەممە، نەتەنیاهوو بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاندبوو کە ئیسرائیل، لەگەڵ هاوپەیمانە ئەمریکییەکانی، سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان. 
 
لەنێو ئەو 251 بارمتەیەی لە کاتی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستبەرسەرکران، 49 کەسیان هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن، کە بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل 27یان کوژراون.
 
ویتکۆف کە لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە لە دەوحە بەشدار بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتووە. هەفتەی رابردووش، ئەو پرۆسەیە، راگیرا ئەمەش لەدوای ئەوەی حەماس پێشنیازی نوێی بۆ پێشنیازەکانی ویتکۆف بۆ ئاگربەست لە غەززە هەبوو، ئەمەش ئەمریکا و ئیسرائیلی تووڕە کرد و شاندی هەردوو وڵات گەڕانەوە و لە گفتوگۆکان کشانەوە.