ملیۆنان کەس لە ژاپۆن، ئەمریکا و نیوزیلاند لەژێر هۆشداریی سوونامیدان
رووداو دیجیتاڵ
دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی رووسیا، فەرمانی چۆڵکردنی کەشتییە بازرگانییەکان لە بەندەرەکانی هاوای دەرکرا و هەموو بەندەرەکان بەڕووی هاتنی کەشتیی نوێدا داخراون. هاوکات داوا لە نزیکەی دوو ملیۆن کەس کراوە لە ژاپۆن ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.
لە تۆکیۆوە بۆ هاوای، لە کالیفۆڕنیاوە بۆ نیوزیلاند، ملیۆنان کەس بەهۆی مەترسیی سوونامییەوە هۆشدارییان پێدراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.8 پلە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی رووسیای گرتەوە. پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکانی سوونامی لە ماوەیەکی کەمدا بگەنە کەناراوەکانی هاوایی ئەمریکا، ئەمەش دوای ئەوەی لە کەناراوەکانی باکووری ژاپۆن شەپۆلێک بە بەرزیی 40 سانتیمەتر تۆمارکرا.
بەرپرسانی کالیفۆرنیای ئەمریکا داوایان لە خەڵک کردووە لە کەناراوەکان دووربکەونەوە. چین، فیلیپین، ئەندەنوسیا، نیوزیلاند و تەنانەت پێرو و مەکسیکیش هۆشداریی سوونامییان دەرکردووە.
لە راگەیێندراوێکی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکادا هاتووە، "هەر کەشتییەک لە نزیک هاوای بێت، دەبێت لە کەناراوەکان دووربکەوێتەوە تاوەکو شەپۆلەکانی سوونامی تێدەپەڕن."
بەپێی ماڵپەڕەکانی بەدواداچوونی گەشتەکان، ئاراستەی چەندین گەشتی ئاسمانی بەرەو هاوای لە ئاسماندا گۆڕدراوە و زۆرێکیان گەڕێندراونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی سەرەتای گەشتەکەیان.
داوا لە نزیکەی دوو ملیۆن کەس کراوە لە ژاپۆن ناوچەکانیان چۆڵ بکەن
نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە ژاپۆن داوایان لێکراوە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن؛ نزیکەی 10 هەزار و 500 کەس لەوانە لە هۆکایدۆن لەو وڵاتە.