ئوستراڵیا یوتیوبی بۆ کەسانی خوار 16 ساڵ قەدەخە کرد

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئوستراڵیا بڕیاری دا دروستکردنی هەژماری یوتیوب بۆ کەسانی خوار 16 ساڵ قەدەخە بکات. لە کاتێکدا تشرینی دووەمی رابردوو، پەرلەمانی وڵاتەکە بەکارهێنانی پێنج تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو تەمەنە قەدەخە کردبوو.
 
رۆژی چوارشەممە، 30ی تەممووزی 2025، حکومەتی ئوستراڵیا رایگەیاند، یوتیوب هاوشێوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، پێویستە تاوەکو کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ دڵنیایی بدات کە ئەوانەی هەژماریان هەیە کەسانی سەروو 16 ساڵن. 
 
ئەو بڕیارەی حکومەتی ئوستراڵیا دوای ئەوە هات کە مانگی رابردوو، دەستەی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی ئینتەرنێت لە ئوستراڵیا بڵاویکردەوە، 37٪ی کەسانی خوار 16ی وڵاتەکەیان دەڵێن، ئەو شتانەی لە یوتیوب بڵاودەکرێنەوە زیانی زۆریان پێدەگەیێنێت.
 
تشرینی دووەمی رابردوو، پەرلەمانی ئوستراڵیا بە یاسایەک خاوەنداریەتیکردنی هەژماری فەیسبووک، تیکتۆک، ئینستاگرام، سناپچات و ئێکسی لە کەسانی خوا 16 ساڵی وڵاتەکەی قەدەخە کرد. ئەو کات یوتیوبیان نەخستە لیستەکەوە. بڕیارە لە داهاتوودا پەرلەمان یاسایەکی هاوشێوە بۆ یوتیوبیش دەربکات. 
 
بە گوێرەی میدیای ئوستراڵیا، دوای دەرچوونی یاساکە کەسانی خوار 16 ساڵ دەتوانن بەردەوام بن لە سەیرکردنی ڤیدیۆکانی یوتیوب، بەڵام ناتوانن هەژمار دروست بکەن کە هەنگاوێکی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانن ڤیدیۆکانیان بڵاوبکەنەوە و کۆمێنت بۆ ڤیدیۆکانی دیکە بنووسن. 
 
دوای راگەیاندنی بڕیارەکە یوتیوب لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، یوتیوب تۆڕێکی کۆمەڵایەتی نییە و سوودی زۆر بە کەسانی گەنج و خوار 16 ساڵی ئوستراڵی گەیاندووە. 
 
سەرۆکوەزیرانی ئوستراڵیا بۆ گەلەکەی: دەتانپارێزین 
 
دوای بڵاوکردنەوەی بڕیارەکە ئەنتۆنی ئەلبەنیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوستراڵیا لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دەزانین کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیانی کۆمەڵایەتییان هەیە؛ حکومەتەکەم و ئەم پەرلەمانە ئامادەن رێکاری پێویست بۆ پاراستنی گەنجانی ئوستراڵیا بگرنەبەر". 
 
سەرۆکوەزیران گوتی: "کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسیاریێتی کۆمەڵایەتییان هەیە بۆیەشە کە دڵخۆشین ئەمڕۆ رایدەگەیێنین حکومەتەکەمان بڕیار دەدات کە کام لە خزمەتگوزارییەکان (لەسەر ئینتەرنێت) لە وڵاتەکەمان سنووردار دەکرێن". 
 
سەرۆکوەزیرانی ئوستراڵیا بە گرنگی دەزانێت، دوای پێشنیازی کۆمیسیاری سەلامەتی ئینتەرنێت، کەسانی خوار 16 ساڵ هەژماریان لە یوتیوب نەبێت. ئەوان ناتوانن هەژماریان لە فەیسبووک، ئینستاگرام، سناپچات، تیکتۆک و ئێکس هەبێت. 
 
ئەنتۆنی ئەلبەنیزی لە بەرژەوەندی خێزانەکان دەزانێت و دەڵێت: "دەمانەوێت خێزان و دایک و باوکان بزانن کە ئێمە دەتانپارێزین. دەزانین کە ئەمە تەنیا چارەسەر نییە و کاری زۆرتر ماوە بیکەین، بەڵام با جیاوازییەک دروست بکەین". 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی ئوستراڵیا، ئەگەر تاوەکو 10ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، یوتیوب بڕیارەکە جێبەجێ نەکات، ئەوا بە 33 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی سزادەدرێت.