پارێزەرێکی کورد: حکومەتی ئەڵمانیا بەرامبەر کۆچبەران زۆر تووندوتیژ بووە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا سیاسەتێکی نوێی دژی کۆچبەران گرتووەتەبەر و بە چڕی هەوڵی دیپۆرتکردنەوەیان دەدات. پارێزەرێکی کورد لە ئەڵمانیا دەڵێت، ''پەناخوازێکی کورد هەبوو 22 ساڵ لە ئەڵمانیا ژیا و منداڵی ئەڵمانی هەبوو، بەڵام دیپۆرتکرایەوە.''
مستەفا قادر، پارێزەری کورد لە ئەڵمانیا لەبارەی دۆخی کۆچبەران و دیپۆرتکردنەوەیان لەو وڵاتە، بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە مانگی تەمموزدا 60 کۆچبەر نێردراونەتەوە عێراق، کە ژمارەیەکیان کورد بوون.
بەگوتەی مستەفا قادر، ئە کۆچبەرانەی کە دیپۆرت دەکرێنەوە، 5 بۆ 6 ساڵ لەمەوپێش نامەیان بۆ چووە کە خاکی ئەڵمانیا جێبهێڵن، ''ئەوەی کە جێگەی داخە هەندێک کۆچبەر هەن، 15 بۆ 20 ساڵە لێرەن، بەڵام دەنێردرێنەوە.''
وەک ئەو پارێزەرە دەڵێت، ئەو کۆچبەرانەی دەنێردرێنەوە، ئەگەر خەمسارد نەبن، 80٪ـیان بە مەرجێک تاوانیان نەکردبێت'، دەتوانن بەپێی یاسا مافی مانەوەیان وەربگرن.
مستەفا قادر گوتی، بڕگەکانی ( ئەلف و ب ) لە مادەی 25ـی یاسای پەنابەری کە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەرچووە، تایبەتە بەو کەسانەی کە دۆسیەی مافی مانەوەیان لە وڵاتەکە بە تەواوی داخراوە و ئەگەر شارەزا بن، دەتوانن بەکاریبهێنن.
بەگوتەی ئەو پارێزەرە، زۆربەی ئەو پەناخوازانەی مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا پێنەدراوە، بەهۆی کەمتەرخەمیی خۆیانەوە دیپۆرت دەکرێنەوە؛ ''بۆ نموونە هاونیشتمانییەکی خەڵکی دەربەندیخان، دوای 22 ساڵ مانەوە و هەبوونی دوو منداڵی ئەڵمانی دیپۆرتکرایەوە، لەکاتێکدا ئەگەر راوێژی بە کەسانی شارەزا کردبووایە، دەیتوانی لە رێگەی یاساوە مافی مانەوەی خۆی وەربگرێت، بەڵام لەوبارەوە خەمساردی کرد.''
حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا کە لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵێنی تووندکردنی رێکارەکانی بەرامبەر بە کۆچبەران و پەناخوازان داوە. مستەفا قادر دەڵێت، ''سیاسەتی ئەڵمانیا بەرامبەر بە کۆچبەران زۆر گۆڕاوە و تووندوتیژتر بوون. هیچ نەرمییەک بەرامبەر ئەو کەسانە نانوێنن کە دۆسیەکانیان بە تەواوی داخراوە.''
ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ساڵ پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، کاتێک پەناخوازان بۆ نوێکردنەوەی مافی مانەوەیان (ئیقامە) چوونەتە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، دەستگیرکراون و دوای گرتنەبەری رێکاری پێویست لە دادگەکان، نامەی چوونە دەرەوەیان پێ واژۆ کراوە و دیپۆرتکراونەتەوە.
مستەفا قادر گوتیشی، ''ئەوانەی کە ئێستا دەنێردرێنەوە، 10 بۆ 15 ساڵە وەڵامیان بۆ هاتووەتەوە کە ئەڵمانیا جێبهێڵن، بەڵام تاوەکو ئێستا پشتگوێیان خستووە و دوای کارەکانیان نەکەوتوون، بەڵکو ژیانی ئاسایی خۆیان کردووە.''
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، پار 816 پەناخوازیی عێراقی دیپۆرتکراونەتەوە. وەک مستەفا قادر دەڵێت، پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی عێراق لەسەر خەرجیی بەغدایە ''حکومەتی عێراق زۆر هاوکارە بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران و لەوبارەوە بە تەواوی ئاسانکاری دەکات.''
22ـی تەمموزی 2025، وەزارەتی کۆچبەرانی هەرێمی تۆرینگنگی ئەڵمانیا، دیپۆرتکردنەوەی 43 پەناخوازە عێراقی پشتڕاستکردەوە و میدیاکانی ئەو وڵاتەش باسیان لەوە کرد ئەو 43 پەناخوازەی دیپۆرتکراونەتەوە، تاوانیان کردووە.
بەگوێرەی راپرسییەکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) لە ساڵی 2023 کە لەنێو پەناخوازە دیپۆرتکراوە و گەڕاوەکانی عێراقدا کراوە؛ نزیکەی 50٪ی بەشداربووانی راپرسییەکە، رایانگەیاندووە بەنیازن لە داهاتوویەکی نزیکدا جارێکی دیکە لە عێراق کۆچ بکەنەوە.