22 وەزیر و پەرلەمانتاری ئیسرائیل داوای دروستکردنی کۆمەڵگەی جوونشین لە باکووری غەززە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
22 وەزیر و ئەندام پەرلەمانی ئیسرائیل لە نامەیەکدا داوای رەزامەندی وەزیری بەرگریی وڵاتەکەیان دەکەن بۆ ئەوەی سەردانی باکووری غەززە بکەن، تاوەکو لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەگەر و چۆنیەتی دروستکردنی کۆمەڵگەی جوونشین لەوێ بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، شلۆمۆ کارهی، وەزیری پەیوەندییەکان، ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی، میکی زۆهار، وەزیری کولتوور و مای گۆلان، وەزیری یەکسانیی کۆمەڵایەتی و 18 پەرلەمانتاری دیکەی ئیسرائیلی نامەیەکیان بۆ یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل نارد.
لە نامەکەدا ئەو وەزیر و ئەندام پەرلەمانانە داوایان لە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەیان کرد، رێگەیان بدات بچنە سنوورەکانی باکووری کەرتی غەززە وەکو بەشێک لە دەستپێشخەری بزووتنەوەی نحالە بۆ لێکۆڵینەوە لە دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون.
نحالە رێکخراوێکی ئیسرائیلە و پاڵپشتی دروستکردنی کۆمەڵگەی جوونشین دەکات و بەو هۆیەوە دانیێلا ویس، سەرۆکی رێکخراوەکە لەلایەن بەریتانیا و کەنەداوە سزای خراوەتەوە سەر.
لە نامەکەدا هاتووە، "کەرتی غەززە چیدیکە ناوچەیەکی جوگرافی نییە بەڵکو بەشێکە لە خاکی ئیسرائیل". دەشڵێن، "گەڕانەوەی جووەکان بۆ ئەو ناوچەیە تەنیا هەنگاوێکی ستراتیژی نییە، بەڵکو گەڕانەوەی زایۆنییە بۆ ناوچەکانی خۆیان."
ئەو وەزیر و پەرلەمانتارانە رێگەنەدانیان بە سەردانیکردن بۆ باکووری کەرتی غەززە بە هەنگاوێکی سیاسی بۆ بێدەنگکردنیان دەبینن.
رێکخراوی نحالە لە ئێکس بڵاویکردەوە، نامەکە پشتگیرییەکی بەهێزە بۆ کارەکانیان. دەشڵێت، "ئەو داواکارییە لە چوارچێوەی بانگەوازی یەکلاکردنەوەی باکووری غەززە وەک هەنگاوێکی یەکەمی دەستبەجێ بەرەو کۆنترۆڵکردن، دەرکردن و نیشتەجێکردنی تەواوی کەرتی غەززە دەخرێتەڕوو".
بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل لە قودس/ئۆرشەلیم گوتی، "غەززە بەشێکی دانەبڕاوە لە ئیسرائیل، پێویستە بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن بەرەو پلانێک بۆ دووبارە نیشتەجێکردنەوەی خەڵک تێیدا هەنگاو بنێین؟"
سمۆتریچ کە هاوکات سەرۆکی پارتی زایۆنیزمی ئایینییشە، پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر هاوکاری مرۆیی بنێردرێتە غەززە، لە حکومەت دەکشێتەوە. ئایاری ئەمساڵیش گوتبووی، بڕیاریان داوە کە 22 کۆمەڵگەی نوێی نیشتەجێبوون بۆ جووەکان لە کەرتی رۆژئاوا دروست بکەن.
رۆژی 30ـی ئایاری 2025، نووسینگەی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دروستکردنی کۆمەڵگە جوونشینەکان لە کەرتی رۆژئاوا گوتی، "ئەمە وەڵامێکی روونە بۆ ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانەی کە هەوڵی زیانپێگەیاندن و لاوازکردنی دەسەڵاتمان لەسەر ئەم خاکە دەدەن."