فەرەنسا و 14 وڵاتی رۆژئاوا داوای داننان بە "دەوڵەتی فەلەستین"دا دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

فەرەنسا و 14 وڵاتی دیکەی رۆژئاوا داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەن دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن. 
 
ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لە نیویۆرکەوە لەگەڵ 14 وڵاتی دیکە، فەرەنسا داوایەکی گشتگیر دەکات: خواستی خۆمان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین و بانگێشتی هەمووان بۆ بەشداری لەو کارەدا دەکەین". 
 
ئەو نووسینەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای ئەوە هات کە دوێنێ لە نیویۆرک وەزیرانی دەرەوەی 15 وڵات بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکدا کرد، کە لەلایەن سعودیە و فەرەنساوە رێکخرابوو بۆ گفتوگۆ لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیل. 
 
هەفتەی رابردوو سەرۆکی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، وڵاتەکەی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت و ئەیلوولی ئەمساڵیش لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڕیارەکە رادەگەیەنن. 
 
دوێنێ، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت ئەگەر تاوەکو مانگی ئەیلوول ئیسرائیل هەنگاوی پێویست بۆ ئاگربەستی غەززە نەنێت. 
 
لەکۆی 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا 147 وڵات دانیان بە فەلەستین وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناوە، لەنێویاندا رووسیا، چین و هیندستان و 12 وڵاتی ئەورووپی.