وڵاتانی ئەورووپا هەڵمەتێکی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی کوردیان بۆ تورکیا دەستپێکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا، دادگایەک بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی چالاکوانێکی کوردی هەڵوەشاندەوە، کە پشتیوانی پەکەکەیە، ئەمەش دوای هەڵمەتێکی فراوان دێت دژی دیپۆرتکردنەوەی. لە سویسراش، چالاکوانێکی کورد دوای هەوڵی دیپۆرتکردنەوەی بۆ تورکیا، نێردراوەتەوە کرواتیا و ئێستا هەڵمەتێک بۆ گەڕاندنەوەی بۆ سویسرا دەستیپێکردووە.
هاوکات، ژاپۆن و تورکیا لە گفتوگۆدان بۆ دیپۆرتکردنەوەی ژمارەیەک کۆچبەری کوردی باکوور کە لە ژاپۆن نیشتەجێن.
لۆنبێرگ، ئەڵمانیا
لە دوا ساتەکانی پێش جێبەجێکردنی بڕیارێکی دیپۆرتکردنەوە، دادگایەکی شاری لۆنبێرگی ئەڵمانیا بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی مەهمەت چەکاس، چالاکوانێکی کوردی هەڵوەشاندەوە.
بڕیار بوو چەکاس، کە وەکو چالاکوانێکی سیاسی پشتیوانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناسراوە، لە رۆژی 28ی مانگ دیپۆرتی تورکیا بکرێتەوە، بەڵام دادگا بڕیاریدا تاوەکو پێداچوونەوە بە کەیسەکەیدا دەکرێت، دیپۆرت نەکرێتەوە.
ئەم بڕیارە دوای هەڵمەتێکی فراوانی چالاکوانان و پارێزەران لە ئەڵمانیا دێت، کە بۆ رێگریکردن لە دیپۆرتکردنەوەی چەکاس دەستیان پێکردبوو.
سویسرا
لە دۆسێیەکی هاوشێوەدا لە سویسرا، ئینان کاراباش، چالاکوانێکی دیکەی کورد کە پێشتر لە یۆنان، فەرەنسا و کرواتیا ژیاوە، رووبەڕووی هەمان مەترسی ببووەوە. سەرەتای ئەم ساڵ سویسرا هەوڵیدا کاراباش دیپۆرت بکاتەوە، بەڵام ناوبراو توانی خۆی لە پۆلیس رزگار بکات و چووە سەر هێڵێکی شەمەندەفەر، کە ڤیدیۆکەی کاردانەوەیەکی زۆری لە وڵاتەکەدا لێکەوتەوە.
لەم دواییانەدا، سویسرا لە بری ناردنەوەی بۆ تورکیا، کاراباشی گەڕاندەوە کرواتیا. ئێستا هەڵمەتێک لە سویسرا دەستیپێکردووە بۆ هێنانەوەی ناوبراو بۆ ئەو وڵاتە.
ژاپۆن
لە لایەکی دیکەوە، هەفتەی رابردوو میدیاکانی ژاپۆن بڵاویانکردەوە کە حکومەتی وڵاتەکەیان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ تورکیا بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی باکووری کوردستان کە لە ژاپۆن دەژین.