ژمارەیەک لیست و بەربژێری کورد لە هەڵبژاردنی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنی ئەڵمانیا بەشدارن

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن زۆریان نەماوە و دوو هەفتەی دیکە بەڕێوەدەچن، لە هەڵبژاردنەکانی ئەم هەرێمی ژمارەیەکی زۆر لیستی کوردی و بەربژێر هەن.
 
لە هەرێمی رووە دوو بەربژێری کورد هەن و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لۆکاڵیی ئەوێ خانمێکی کورد خۆی بەربژێر کردووە.
 
هێلین و ئەیاز، دوو کوردی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و لە شاری هێرنێی ئەڵمانیا لە لیستێکدا بەناوی "پێکەوە بۆ هەمووان" خۆیان بەربژێرکردووە،  لیستەکە تەنیا گەنجانی خوار تەمەن 30 ساڵی رۆژئاوای کوردستانی تێدایە، بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی بیانییان و یەکگرتن.
 
هێلین عەبدۆ، بەربژیری کورد بۆ ئەنجوومەنی بیانییان باس لەوە دەکات، "دەمەوێ بچینە ناو ئەو کارەوە بۆ ئەوەی یارمەتیی مرۆڤەکان و میللەتی خۆمان کورد بدەین، زۆرێک لە کوردەکانمان مافەکانی خۆیان نازانن، بۆ نموونە هەندێکیان سەبارەت بە قوتابخانەی منداڵەکانیان یان بابەتی دیکە وەکو وەرگرتنی وڵاتینامە زانیارییان نییە، بۆیە دەمانەوێت رێنماییان بکەین و یارمەتییان بدەین، من بانگەوازی میللەتی خۆم دەکەم کە دەنگی خۆیان بدەنە لیستی ئێمە.(گماینزام فۆر ئەلە)".
 
 
لیستەکەیان لە 8 کەس پێکدێت، بەڵام شەشیان ئامادەن. ئالان لە کۆمپانیایەکی بیناسازی بەرپرسی پڕۆژەکانە و خۆشی ئەندازیاری بیناسازییە و یەکێکی دیکەیە لە بەربژێرانی لیستەکە.
 
ئالان شێخمووس، بەربژێرێکی کوردە بۆ ئەنجوومەنی بیانییان لە شاری هێرنێ دەڵێت، "کوردی ئێمە لێرە زۆرن، دەمانەوێت بزانن کە پشتیوانییەکتان هەیە، چونکە کاتێک من تازە هاتمە ئەڵمانیا، زەحمەتیی زۆرم بینی، یەکێک لەوانە ئەوەبوو نەمدەزانی بۆ خوێندن روو لە کوێ بکەم، نەماندەزانی کە رێگەی زۆر لەبەردەمماندایە، بەڵام شارەزای هیچ کام لە رێگاکان نەبووین، لەبەر ئەوەی باوکم ئەندازیار بوو، ئەوە وای لێکردم منیش روو لە بواری ئەندازیاری بکەم، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە دەمەوێت ئەمڕۆ یارمەتیدەری هەموو کوردێک بم کە لێرە نیشتەجێیە، نەک تەنیا کورد، بەڵکو دەمانەوێت یارمەتیی هەموو بیانییەکیش بدەین کە لێرە دەژین".
 
کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان لەنێو لیستەکەیاندا نین، بەڵکو تەنیا خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن، یەکێک لە بەربژێرەکان کە خەڵکی چیای کورمێنجی عەفرینە، هۆکارەکەی رووندەکاتەوە.
 
رۆنی جافۆ، بەربژێری کورد بۆ ئەنجوومەنی بیانییان، ئاماژە بەوە دەدات، "ئێمە زۆرمان پێخۆشبوو کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان، هەر چوار پارچەکە، لەگەڵماندا بن، بەڕاستی هەندێک کەس هەبوون لە باشوور و باکووری کوردستان، بەڵام کێشەکە ئەوە بوو کە دەبووایە هەموویان دانیشتووی ئەم شارە بن. هەندێک کەسمان دۆزییەوە کە خوێندکار بوون، ئێمە دەمانەوێت ئەوانەی لە گرووپەکەماندان هەموویان خوێندەوار بن، بڕوانامەیان هەبێت یان لە خوێندندا بەردەوام بن، بۆ نموونە وەکو من کە دەخوێنم. بەڵام کێشەکە ئەوە بوو کە دەبووایە دانیشتووی شارەکە بن و ئەوانەشی دانیشتووی ئێرە بوون هەموومان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن، بەڵام دڵنیابن کە ئێمە نوێنەرایەتیی هەموو کوردستان دەکەین".
 
لە 104 شاری هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفاڵن، ئەنجوومەنەکانی بیانییان و یەکگرتن لە 14ی ئەیلوول هەڵدەبژێردرێن و کوردی دانیشتووی ئەم هەرێمە چاویان لەسەر ئەوەیە کە جێگەی خۆیان لەنێو ئەو ئەنجوومەنانەدا بکەنەوە.
 
هەر سەبارەت بەم بابەتە هەریەکە لە ئیسماعیل جاسم، چالاکڤانی هەڵبژاردن و بەرفیم جەلەن، چالاکڤانی هەڵبژاردن میوانی دیاسپۆرابوون.
 
لە شاری لیڤەرکوزن، کە ژمارەیەکی زۆر کورد تیایدا دەژین، لیستێکی کوردی بە ناوی "یەکبوون" لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی ئینتێگراسیۆن بەشدارە. ئیسماعیل جاسم، یەکێک لە نوێنەرانی ئەم لیستە، ئاماژەی بەوەدا کە نزیکەی 15 هەزار کورد لە لیڤەرکوزن نیشتەجێن، کە دەکاتە نزیکەی 20%ی دانیشتووانی شارەکە، ئەمە ژمارەیەکی بەرچاوە و کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر بڕیارەکانی شارەوانی.
 
جاسم ئاماژەی بەوەدا کاتی ئەوە هاتووە کورد لە ئەڵمانیا خۆیان نیشان بدەن و دەنگی خۆیان بگەیەننە ناوەندە سیاسییەکان، گوتیشی، "ئەمجارە خۆمان نیشان دەدەین، مەڵێن هیچ نابێت، ئەمجارە هەموو کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان یەکگرتوون و دەمانەوێت پێکەوە کار بکەین". جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزی و بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی کورد، لە عەلەوی و ئێزیدی و موسڵمان کردەوە.
 
بەرفیم چەلەن، چالاکڤانی دیکەی هەڵبژاردنە باسی لە کۆسپ و ئاستەنگەکانی بەردەم بەشداریی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا کرد و گوتی، "سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی زۆری کورد، بەڵام دوو کێشە هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە زۆرێک لەوان هێشتا بە قەناعەتێکی تەواوەوە بەشداری ناکەن، دووەمیان کە گەورەترین کێشەیە، ئەویش نەبوونی یەکڕیزییە لەناو کۆمەڵە کوردییەکاندا". ئەو ئاماژەی بەوەدا کە سێ ساڵە کار بۆ یەکخستنی کۆمەڵە کوردییەکان دەکەن لە لیڤەرکوزن بەبێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی، دەشڵێت، "ئێمە نامانەوێت بڵێین ئەوە کام کەسە، کام میللەتە، کام ئایینە، تەنیا دەڵێین ئێمە کوردین و دەبێت بگەینە ئەو لیستە [یەکبوون]."
 
لەبارەی سوودی بەشداریی کورد لەم هەڵبژاردنانە، ئەو چالاکڤانە بە وردی وەڵامی دایەوە و لەم چەند خاڵانە روونی کردەوە: 
 
پەروەردەی کوردی: یەکێک لە یەکەمین خواستەکانیان دابینکردنی زمانی کوردییە لە قوتابخانەکاندا، لە لیڤەرکوزن سێ قوتابخانە هەیە، بەڵام هێشتا زمانی کوردی تیایدا ناخوێندرێت.
 
پشتیوانیی حکومەت: کاتێک کورد نوێنەریان لە ئەنجوومەنەکانی شارەوانیدا هەبێت، حکومەت ناچار دەبێت پشتیوانیی زیاتریان لێبکات و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.
 
هۆشیاریی کۆمەڵایەتی: بەشداریی لە سیاسەتدا یارمەتیی کورد دەدات زیاتر لە کۆمەڵگەی ئەڵمانی تێبگەن و خۆیان تێدا بگونجێنن.
 
کۆرسەکانی فێربوونی زمان: بەرفیم ئاماژەی بەوەدا کە لە لیڤەرکوزن کۆرسی فێربوونی زمانی عەرەبی و کوردی هەیە، بەڵام ژمارەی بەشداربووان لە کۆرسەکانی عەرەبی زۆر زیاترە، کە ئەمەش نیشانەی لاوازیی هۆشیاریی زمانی کوردییە.
 
ئیسماعیل جاسم جەختی لەسەر رۆڵی گرنگی ژنی کورد کردەوە لە سیاسەتدا و گوتی، "ژنی کورد لە هەموو توانا و بوارێکدا پێشەنگن، ئێمە لە هەموو جیهان دەزانین ژنی کورد چۆن داعش و تیرۆریان تێکشکاند و لە کۆبانی و شوێنەکانی دیکە قارەمانێتییان نواند، کاتی ئەوە هاتووە مافی خۆیان وەرگرن و لە لیستی هەڵبژاردنەکاندا نوێنەرایەتییان هەبێت."
 
جاسم ئاماژەی بە نموونەی بێریڤان ئایماس کرد کە دەیەوێت ببێتە سەرۆکی شارەوانی کوێلن و بە شتێکی پیرۆز وەسفی کرد، ئەو باسی لەوەش کرد کە ژمارەیەکی زۆر ژنی کورد خوازیارن ببنە بەشێک لە سیاسەت، بەڵام هێشتا هەندێک کەس هەن دەیانەوێت رێگرییان لێبکەن.
 
هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا بانگەوازێکی ئاراستەی کوردی باشووریش کرد کە لە ئەڵمانیا نیشتەجێن و رەنگە کەمتر ئاگاداریی سیاسەتی ئەڵمانیا بن و گوتی، "ئەم هەڵبژاردنانە کاریگەرییان لەسەر ژیانی رۆژانەی ئێوە هەیە، دەبێت بڕۆن دەنگی خۆتان بدەن و بەشدار بن، لە لیڤەرکوزن لیستی یەکبوون هەیە، کە بە رەنگی زەرد دەستنیشان کراوە."
 
بەرفیم چەلەنیش روونیکردەوە کە "یەکبوون" ناوێکە بۆ ئەو لیستەی کە هەموو کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لەخۆدەگرێت، دەڵێت، "ئێمە دەمانەوێت هەموو کوردی لیڤەرکوزن و تەواوی نۆردراین ڤێستفاڵن پشتگیری لە لیستە کوردییەکان بکەن و دەنگی خۆیان بە کورد بدەن."