ترەمپ و یوتیوب رێککەوتن؛ 22 ملیۆن دۆلار بە ترەمپ دەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای یوتیوب رەزامەندیی دەربڕی بە پێدانی بڕی 22 ملیۆن دۆلار وەکو قەرەبوو بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵا یاساییەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە دژی تۆمار کرابوو. سکاڵاکە دوای ئەوە هات، پلاتفۆرمەکە هەژمارەکەی ترەمپی بەهۆی هێرشەکانی 6ی کانوونی دووەمی 2021 بۆسەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ راگرت.
 
ئەو پلاتفۆرمە ڤیدیۆییە ئۆنلاینە، کە لقێکی کۆمپانیای ئەلفابێتی دایکی گووگڵە، بەم رێککەوتنە دەبێتە نوێترین کۆمپانیای تەکنەلۆژیی گەورە کە لەگەڵ ترەمپ رێکدەکەوێت، ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ چەندین دۆسیەی یاسایی لە دژی بڕیاری لابردنی لە پلاتفۆرمەکان بەهۆی رووداوەکانی 6ی کانوونی دووەمەوە جووڵاندبوو.
 
بەگوێرەی دۆسیەی رێککەوتنەکە، کە لە دادگەیەکی فیدراڵیی کالیفۆرنیا تۆمار کراوە، بڕی 22 ملیۆن دۆلارەکە لەڕێگەی رێکخراوێکی قازانج نەویستەوە بەناوی Trust for the National Mall تەرخان دەکرێت. ئەم پارەیە بە تایبەتی بۆ "پشتیوانیکردن لە دروستکردنی هۆڵی بۆنە فەرمییەکانی کۆشکی سپی" بەکاردێت، کە یەکێکە لە پڕۆژەکانی ترەمپ.
 
جگە لەم بڕە پارەیە، رێککەوتنەکە یوتیوب پابەند دەکات بە پێدانی 2.5 ملیۆن دۆلاری دیکە بە ژمارەیەک لە هاوپەیمانانی ترەمپ، لەنێویاندا یەکێتیی پارێزگارانی ئەمریکی.
 
دوای راگەیاندنی رێککەوتنەکە، دۆناڵد ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەم سەرکەوتنە گەورەیە دەیسەلمێنێت کە سانسۆری کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا ئەنجامی هەیە." هەروەها نووسیویەتی، کۆمارییەکان "بۆ ئازادیی رادەربڕین جەنگان و بردیانەوە!"
 
بەشێک لە پلاتفۆرمە گەورەکانی سۆشیاڵ میدیا دوای رووداوەکانی 6ی کانوونی دووەم هەژمارەکانی ترەمپیان راگرت.
 
یوتیوب لە 12ی کانوونی دووەمی 2021، بە ئاماژەدان بە "نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری بەردەوامیی تووندوتیژی"، رێگەی لە ترەمپ گرت کە بابەتی دیکەی لە پلاتفۆڕمەکە بڵاوبکاتەوە، ئەم هەنگاوە هاوکات بوو لەگەڵ بڕیاری هاوشێوەی فەیسبووک و ئێکس.
 
ترەمپی تەمەن 79 ساڵ، لە بەرامبەردا سکاڵای یاسایی لە دژی کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا تۆمارکرد و رایگەیاند کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە سانسۆر کراوە. لە سکاڵا سەرەکییەکەیدا لە تەممووزی 2021، پارێزەرانی ترەمپ ئاماژەیان بەوە کردبوو کە بڕیاری دەرکردنی لە یوتیوب لەسەر بنەمای "پێوەری نادیار، ناڕوون و هەمیشە گۆڕاو" بووە.
 
راگرتنی هەژمارەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە لە هێرشەکەی 6ـی کانوونی دووەمی 2021، لایەنگرانی ترەمپ هێرشییان کردە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ و بەوهۆیەوە زیاتر لە 140 ئەفسەری پۆلیس بریندار بوون. هێرشکاران هەوڵیاندا رێگری لە کۆنگرێس بکەن بۆ پەسەندکردنی سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا.