جێگری سەرۆکی ئەمریکا: هیچ سەربازێک نانێرینە ئیسرائیل

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەمریکا هیچ پلان و نیازێکی نییە سەرباز بنێرێتە ئیسرائیل. دەشڵێت، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات، بەڵام دەبێت یارمەتیی مرۆییش بەردەوام بێت.
 
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رۆژی یەکشەممە، 29-10-2023 کەمالا هاریس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا بە ئیسرائیل ناڵێت کە چی بکات و چی نەکات.
 
بەگوێرەی هاریس، ئەمریکا تەنیا رێنمایی چەک و پاڵپشتیی دیپلۆماسیی دەداتە ئیسرائیل، بەڵام هیچ سەربازێک نانێرێتە بەرەکانی شەڕ لە ئیسرائیل.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هاریس حەماسی بە "تیرۆریست" ناوبرد و تۆمەتباری کردن بە کوشتنی هەزار و 400 کەس لە کۆنسێرتەکەی رۆژی 7-10-2023. ئەو گوتی، " ئیسرائیل، بەبێ هیچ گومانێک مافی خۆیەتی بەرگری بکات، بەڵام زۆر گرنگە کە حەماس لەگەڵ خەڵکی فەلەستن تێکەڵاو نەکرێن. هاووڵاتییانی فەلەستین شایەنی ئاسایش و ئارامی، چارەی خۆنووسین و شکۆن. هەروەها، ئێمە بەڕوونی گوتمان کە دەبێت پابەندبوون هەبێت بە یاسای جەنگ و یارمەتیی مرۆییش بەردەوام بڕوات."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا سەربازانی ئەمریکی بەشداریی شەڕ دەکەن، گوتی، "بەهیچ جۆرێک نە نیاز و نە پلانمان هەیە هیچ سەربازێک بنێرینە گۆڕەپانی جەنگ."
 
پێشتر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دابووە ئێران کە "نەکەن" دەستوەردان بکەن. کەمالا هاریسیش پەیامێکی یەک وشەیی دایە ئێران و گوتی، "نەکەن."
 
بابەتی ناردنی هێزی ئەمریکی دوای ئەو زنجیرە هێرشانە دێت کە کرایە سەر بنکەکانی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، ئەمەش وایکرد ئەمریکا بڕیاربدات بنکەکانی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پتەوتر بکات.