بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆم بۆ رووداو: ئێران پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی نییە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆم بە رووداوی راگەیاند، پشکنینیان کردووە و "دەتوانم بڵێم پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی [لە ئێران] لە ئارادا نییە".
 
رافایل ماریانۆ گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئەو قسانەی لە وەڵامی پرسیاری نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک، کرد.
 
لەبارەی ئەو وێنانەی لە رێگەی مانگی دەستکردەوە بڵاودەکرێنەوە و جووڵە لە چەند ناوەندێکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران پێشان دەدەن، گرۆسی دەڵێت، "جووڵەی ئاساین. شوێنی گەورەی پیشەسازین. بارهەڵگر و خەڵک هاتووچۆ دەکەن، بەڵام هیچ شتێک نییە بڵێین، یان بیر لەوە بکەینەوە کارێک لەوێدا هەبێت کە پەیوەندی بەو مادەیەوە هەبێت کە لەوێیە یان سەنتەرفیوژ، یان شتی لەو شێوەیە بە قەبارەیەکی گەورە یان دیاریکراو".
 
بەرپرسەکەی ئاژانسی وزەی ئەتۆم ئەوەی پشت راستکردەوە کە هێرشە ئاسمانییەکانی مانگی حوزەیرانی ئەمریکا زیانی گەورەیان بە ناوەندەکانی ئەتۆمی ئێران گەیاندووە، "زیانەکانی ژێرخانی ئەتۆمی، لانیکەم لە سێ شوێن، زۆر بەرچاو بووە".
 
لە وەڵامی پرسیاری رووداو لەبارەی ئەو پرۆژەیاسایەی پەرلەمانی ئێران پەسندی کرد و هاریکارییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ ئاژانسەکە رادەگرێت؛ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، "ئەمە بەشێکە لەوەی کە ئاماژەم پێدا کاتێک باسی کۆبوونەوەکانمان لە قاهیرە دەکرد، ئەوان یاسایان دەرکرد. بەڵام وەک گوتم، بەوپەڕی رێزەوە بۆ هاوکارە ئێرانییەکانم، یاسا ناوخۆییەکان بەسەر ئێرانییەکان جێبەجێدەبێت نەک بەسەر ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)".
 
 
هەروەها باسی لەوە کرد، "بەڵام کاری من ئەوەیە تاوەکو هەوڵی دیپلۆماسی بدەم بۆ تێگەیشتن لە نیگەرانییەکانیان. ئەوان هێرشیان کراوەتەسەر. بۆیە نیگەرانییان هەیە، و ئێمە دەمانەوێت ئەو نیگەرانیانە بڕەوێنینەوە، چونکە ئێمە پێمان وایە کاری پشکنینی IAEA هۆکارێکی سەقامگیرکەرە. هۆکارێکە کە رێگە بە ئێران دەدات، وەک گوتم، دەتوانم بڵێم کە پڕۆگرامی چەکی ئەتۆم لە ئارادا نییە چونکە پشکنینمان کردووە. ئەگەر پشکنین نەکەین، ئەگەر لەوێ نەبین، ئەوا بێگومان گومان و نیگەرانییەکان زیاد دەکەن. بۆیە ئەمەیە هۆکاری وەڵامدانەوەمان بەم شێوەیە، ئێمە روونیدەکەینەوە چی دەکەین. لە راستیدا ئەوان دەزانن چونکە دەیان ساڵە لەژێر پشکنیندان. ئێمە کارەکەمان زۆر باش دەزانین. دەزانین چۆن ئەنجامی دەدەین. ئەوانیش دەزانن چۆن دەیکەین".
 
مانگی رابردوو، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا سەپێنرانەوە دوای ئەوەی کە ماوەی بڕیاری 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، بەسەرچوو.
 
ئێران رەتیدەکاتەوە چەکی ئەتۆم دروستبکات و دەڵێت، پیتاندنی یۆرانیۆم تەنیا بۆ بابەتی ئاشتیانەیە وەکو دروستکردنی کارەبا و دەرمان.
 
بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆم گوتی، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بۆ  دووبارە رێگەدان بە ئاژانسەکان تاوەکو چاودێریی پیتاندنی یۆرانیۆمی وڵاتەکە بکات.