لە تۆڕی جاڵجاڵۆکەوە بۆ چارەسەری برین؛ زانایان ئاوریشم بۆ داهێنانی پزیشکی بەکاردەهێنن
رووداو دیجیتاڵ
ئاوریشمی جاڵجاڵۆکە، کە لە پۆڵا بەهێزترە لە رووی بەرگەگرتنەوە، یەکێکە لە سەرسوڕهێنەرترین مادەکانی سرووشت. لە زانکۆی ویلایەتی ئەریزۆنا، پرۆفیسۆر جێف یارگەر سەرپەرشتیی توێژینەوەیەک دەکات لەسەر پێکهاتەی گەردیلەیی ئاوریشم، نەک تەنیا ئاوریشمی جاڵجاڵۆکە، بەڵکو ئەو کرمە ئاوریشمانەش کە دەستکاریی بۆماوەییان بۆ کراوە بۆ ئەوەی پڕۆتینی ئاوریشمی جاڵجاڵۆکە بەرهەم بهێنن. تیمەکەی یارگەر یارمەتیدەرە لە پەرەپێدانی کەرەستەی بایۆپزیشکیی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ژێیەکان، باشترکردنی چارەسەری برین و دیزاینکردنی قوماشی نەوەی داهاتوو.
جێف یارگەر دەڵێت: "توێژینەوە بریتییە لە دۆزینەوەی یەک شت و ئەوە هەمیشە دەتباتە سەر دووڕیانێک. بۆیە هەمیشە پرۆسەیەکی بڕیاردانە کە دواتر چی بکەین."
"ئاوریشم یەک مادە نییە"
یارگەر روونیدەکاتەوە، "کاتێک دەڵێیت ئاوریشم، ئاماژە بە یەک مادە ناکەیت، بەڵکو ئاماژە بە پۆلێک لە بایۆپۆلیمەری دەکەیت، کە لەلایەن چەندین جۆری جیاوازی مێروو و ئاژەڵەوە دروست دەکرێن."
دوو جۆرە سەرەکییەکەی ئاوریشم کە خەڵک دەیناسن، کرمی ئاوریشم و جاڵجاڵۆکەیە.
یارگەر دەڵێت: "کاتێک باس لە جاڵجاڵۆکە دەکەیت، بابەتەکە دەستبەجێ ئاڵۆزتر دەبێت. زۆربەی جاڵجاڵۆکەکان بە تێکڕا شەش بۆ حەوت جۆری جیاوازی ئاوریشم بەرهەم دەهێنن."
"لە توێژینەوەی بنەڕەتییەوە بۆ داهێنانی تەندروستی"
تیمەکەی یارگەر ئێستا ئەو زانیارییانە بەکاردەهێنن، کە لە ئاستی گەردیلەییەوە فێری بوون بۆ ئەوەی لە بوارە تەندروستییە جیاوازەکاندا جێبەجێی بکەن.
ئەو دەڵێت: "ئێستا دەستمان کردووە بەوەی، ئەوەی لەو ئاستە زۆر بنەڕەتییە فێری بووین، بیخەینە روو کە چۆن دەتوانین لە بوارە تەندروستییە جیاوازەکاندا جێبەجێی بکەین، وەک چارەسەری برین، دەرمانسازی و گەیاندنی دەرمان. هەروەها شتە ئاشکراکان وەک قوماش، دروستکردنی کەرەستەی زۆر بەهێز و هتد."
یارگەر جەخت دەکاتەوە، بنەمای گەردیلەیی بۆ تێگەیشتنمان لە زانست و تەکنەلۆژیا "لە دڵی هەموو داهێنانەکاندایە."
پڕۆژەکە نموونەیەکی دیارە لەوەی چۆن توێژینەوەی بنەڕەتی دەبێتە هۆی داهێنان لە زانستی تەندروستی و کەرەستەدا، کە هاوکاریی نێوان کیمیای گەردیلەیی، وێنەگرتنی موگناتیسی و ئەندازیاریی بایۆلۆجی لە سەرانسەری زانکۆکەدا لەخۆدەگرێت.