چەند چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا هەیە و بۆچی تاقیدەکرێنەوە؟

رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە فەرمانی بە سوپای ئەمریکا کرد دەستبەجێ دەست بە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی بکەنەوە، ئەمە دوای 33 ساڵ لە وەستان. ئەم بڕیارە چەند خولەکێک پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین هات.
 
ئەم هەنگاوە پرسیاری جیدی لەسەر داهاتووی چەکی ئەتۆمی و ئاسایشی جیهان دروست دەکات.
 
سەردەمی ئەتۆمی
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تەممووزی 1945دا بە تاقیکردنەوەی بۆمبێکی ئەتۆمی، سەردەمی ئەتۆمیی دەستپێکرد و دواتر لە ئابی هەمان ساڵدا بۆمبی ئەتۆمیی بەسەر شارەکانی هێرۆشیما و ناگاساکیدا فڕێدا، بۆ ناچارکردنی ژاپۆن بە خۆبەدەستەوەدان لە جەنگی دووەمی جیهاندا.
 
لە ماوەی پێنج دەیەی نێوان 1945 و پەیماننامەی قەدەخەکردنی گشتگیری تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی ساڵی 1996 (CTBT)، زیاتر لە 2,000 تاقیکردنەوەی ئەتۆمی کراون، کە 1,032یان لەلایەن ئەمریکاوە و 715یان لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە بووە. بەریتانیا 45 تاقیکردنەوە، فەرەنسا 210 و چین 45 تاقیکردنەوەیان کردووە.
 
لەوکاتەوەی پەیماننامەکە واژۆکراوە، 10 تاقیکردنەوەی ئەتۆمی کراون: هیندستان و پاکستان هەر یەکەیان دوو تاقیکردنەوە لە ساڵی 1998دا و کۆریای باکووریش لە ساڵانی 2006، 2009، 2013، 2016 (دووجار) و 2017دا کردوویانە.
 
ئەمریکا دوایینجار لە ساڵی 1992 تاقیکردنەوەی کردووە، چین و فەرەنسا لە 1996 و یەکێتیی سۆڤیەت لە 1990. رووسیا، کە زۆربەی کۆگەی چەکە ئەتۆمییەکانی سۆڤیەتی بۆ ماوەتەوە، هەرگیز تاقیکردنەوەی نەکردووە.
 
بۆچی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی وەستا؟
 
نیگەرانییەکان لەبارەی کاریگەریی تاقیکردنەوەکان، لەسەر زەوی، ژێر زەوی و ژێر ئاو، لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە زیادیکرد. کاریگەریی تاقیکردنەوەکانی رۆژئاوا لە زەریای هێمن و تاقیکردنەوەکانی سۆڤیەت لە کازاخستان و جەمسەری باکوور، بەرچاو بوو. چالاکڤانان دەڵێن، ملیۆنان کەس لە هەردوو ناوچەکەدا خاکەکانیان بە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان پیس بوون و دەیان ساڵە رووبەڕووی کێشەی تەندروستی بوونەتەوە.
 
پەیماننامەی قەدەخەکردنی گشتگیری تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان (CTBT)، تەقینەوەی ئەتۆمی لە هەموو شوێنێک و لەلایەن هەموو کەسێکەوە قەدەخە دەکات. رووسیا لە ساڵی 2000دا پەسەندی کرد، بەڵام ڤلادیمیر پووتین لە ساڵی 2023دا بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە. ئەمریکا لە ساڵی 1996 واژۆی کردووە، بەڵام پەسەندی نەکردووە.
 
تاقیکردنەوەکان بەڵگەی ئەوەن، کە هەر چەکێکی ئەتۆمیی نوێ چی دەکات و ئایا چەکە کۆنەکان هێشتا کاردەکەن یان نا.
 
جگە لە دابینکردنی داتای تەکنیکی، تاقیکردنەوەیەکی لەو شێوەیە لە رووسیا و چیندا وەک جەختکردنەوەیەکی بەئەنقەستی هێزی ستراتیژیی ئەمریکا سەیر دەکرێت. پووتین چەندینجار هۆشداریداوە کە ئەگەر ئەمریکا دەست بە تاقیکردنەوە بکاتەوە، رووسیاش هەمان کار دەکات.
 
کام وڵات چەکی ئەتۆمی هەیە؟
 
بەپێی فیدراسیۆنی زانایانی ئەمریکی، رووسیا نزیکەی 5,459 کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، لە کاتێکدا ئەمریکا نزیکەی 5,177ـی هەیە. چین سێیەم گەورەترین هێزی ئەتۆمییە بە 600 کڵاوە، فەرەنسا 290، بەریتانیا 225، هیندستان 180، پاکستان 170، ئیسرائیل 90 و کۆریای باکوور 50.
 
رووسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین، هەموویان خەریکی نوێکردنەوەی گەورەی کۆگەی چەکە ئەتۆمییەکانیانن.