ترەمپ و شی جیپینگ لەسەر چی رێککەوتن؟
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆریای باشوور سەرۆکی ئەمریکا و چین کۆبوونەوە. گفتوگۆیان لەسەر ژمارەیەک پرس لەوانە بازرگانی نێوانیان، پێناسی گومرگی، فێنتانیل و چەند پرسێکی دیکە کرد. هەردوولا ئاماژەیان بە هەنگاونان بە ئاراستەی رێککەوتن و باشتربوونی پەیوەندییەکانیان کرد، ئەمە بەبێ رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسەکان.
رۆژی پێنجشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2025، کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆ بەکاتی کۆریای باشوور (کاژێر 5ی بەیانی بەکاتی هەولێر) لە شاری بوسانی کۆریای باشوور، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جیپینگ، چوونە ژووری کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە کاژێرێک و 45 خولەکی خایاند.
شی: پێویستە کار بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانمان بکەین
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی چین بە سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندووە، گەشەسەندن و گەشەپێدانی چین پێچەوانەی روانگەی "ئەمریکا مەزن دەکەینەوە" نییە. دەشڵێت، پێویستە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کار بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانی هەردوولا بکەن.
روانگەی "ئەمریکا مەزن دەکەینەوە" دروشمی سەرۆکی ئەمریکایە، وەکو ئاماژەیەک بۆ بەهێزکردنی ئەمریکا لەسەر ئاستی نێوخۆیی و زیادکردنی هەژموونی لەسەر ئاستی جیهان کە بە گوتەی ترەمپ پێشتر کەمببووەوە.
سەرۆکی چین گوتی، دەیانەوێت لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کار بۆ دانانی بنەمایەکی "پتەو" بۆ پەیوەندییەکانی چین-ئەمریکا و دروستکردنی ژینگەیەک بۆ گەشەپێدانی هەردوولا بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، ئاساییە چین و ئەمریکا تێڕوانینی جیاوازیان هەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا: لەبارەی کانزا دەگمەنەکانی زەوی رێککەوتین
دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی ئەمریکا کۆریای باشووری جێهێشت و بەرەو واشنتن بەڕێکەوت. لەنێو فرۆکەدا لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "رێککەوتن لەبارەی هەموو کانزا دەگمەنەکانەکان کرا و ئەمە کارێکە بۆ هەموو جیهان".
چین سەرەتای ئەم مانگە بڕیاری دا بە سنووردارکردنی هەناردەی کانزا دەگمەنەکانی زەوی کە خۆی بەرهەمهێنەری 90٪یانە دوای پرۆسێسکردنیان. ئەو کانزا دەگمەنانە لە پیشەسازیی دروستکردنی چەک، ئامێری تەکنەلۆژی و چەندین بابەتی دیکەدا بەکاردەهێندرێن.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، رێککەوتنەکە بۆ یەک ساڵە و دەتوانن ساڵانە گفتوگۆ بۆ درێژکردنەوەی بکەن.
ترەمپ: لەگەڵ چین بەیەکەوە کار بۆ وەستاندنی جەنگی ئۆکراینا دەکەین
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ سەرۆکی چین رێککەوتوون بەیەکەوە کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئۆکراینا و گوتی، "پرسی ئۆکراینا بە جددی باسی لێوەکرا. بۆ ماوەیەکی زۆر قسەمان لەبارەوە کرد و بەیەکەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی ببینین ئەگەر بتوانین شتێکی لەبارەوە بکەین".
شوباتی 2022 رووسیا هێرشیکردە سەر ئۆکراینا و جەنگ لەنێوانیاندا سەریهەڵدا. ئێستا 19٪ی خاکی ئۆکراینا لەژێر کۆنترۆڵی رووسیایە. هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ کار بۆ کۆتاییپێهێنانی دەکات، بەڵام نەیانتوانیوە کیێڤ و مۆسکۆ رازیبکەن بەوەی لە بەشێکی داواکارییەکانیان پاشەکشە بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، شی "هاوکاریمان دەکات" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
چین بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەندرێت کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ رووسیادا هەیە. وڵاتانی رۆژئاوا پەکین تۆمەتبار دەکەن بەوەی هاوکاری مۆسکۆی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سزاکانیان بەتایبەت لەسەر کەرتی وزەی رووسیا.
ترەمپ: پێناسی گومرگی پەیوەندیدار بە فێنتانیلمان لەسەر چین کردە 10٪
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی پرسی فێنتانیلەوە رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەکە بڕیاری دا بە کەمکردنەوەی پێناسی گومرگی پەیوەندیدار بە فێنتانیل لە 20٪ـەوە بۆ 10٪. دەشڵێت، ناکۆکییەکانی نێوان چین و ئەمریکا چارەسەرکران.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاریداوە لە نیسانی داهاتوودا سەردانی چین بکات و دواتر شی سەردانی وڵاتەکەی بکات. ئەو کۆبوونەوەکەی نێوانیانی بە سەرکەوتنێکی مەزن پێناسە کرد.