کۆمەڵکوژی لە سوودان؛ گوتێرێز داوای کۆتاییهێنان بە پەرەسەندنی سەربازی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە داوای کۆتاییهێنان بە "پەرەسەندنی سەربازی" لە سوودان کرد، ئەمەش دوای بەکۆمەڵکوشتنی زیاتر لە 460 کەس لە نەخۆشخانەیەکی منداڵبوون لە شاری ستراتیژیی فاشر لەلایەن چەکدارانی سەربە هێزەکانی پشتیوانیی خێراوە.
لە رۆژی یەکشەممە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا شاری فاشریان کۆنترۆڵکردووە.
فاشر 18 مانگ بوو لە ژێر گەمارۆی تووندی هێزەکانی پشتیوانیی خێرادا بوو؛ خۆراک و یارمەتییەکانی پێ نەدەگەشت.
شارەکە دوایین شاری گەورەی هەرێمی دارفوور بوو، کە لەژێر دەستی سوپادا مابووەوە.
چەکدارانی سەربە هێزی پشتیوانی خێرا، کە پێشتر لە لایەن ئەمریکاوە بە جینۆساید تۆمەتبار کراوە، لە دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکەوە، ڤیدیۆی خۆیان لە کاتی بە کۆمەڵکوشتنی سەدان کەسی سڤیل لە شوێنە جیاجیاکان بڵاوکردوونەتەوە.
تاقیگەی توێژینەوەی مرۆیی لە زانکۆی یەیڵ پشتڕاستی دەکاتەوە کە "بەڵگە" لەسەر بەردەوامیی کۆمەڵکوژییەکان هەیە و راپۆرتەکەی بە ڤیدیۆ و وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە خستووەتەڕوو.
محەممەد حەمدان حمێدتی دەگەلۆ، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە نیگەرانیی خۆی لەو "کارەساتە" دەربڕی، کە رووبەڕووی دانیشتووانی شاری فاشر بووەتەوە و گوتی، "ناچار بووین، جەنگ بەسەرماندا سەپێندرا."
گۆتێرێز نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دوایین پەرەسەندنی سەربازی لە فاشر دەربڕی و داوای "کۆتاییهێنانی دەستبەجێی گەمارۆ و کردەوە جەنگییەکان"ی کرد.
رۆژی چوارشەممە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، کە "زۆر نیگەران و تووشی شۆک بووە بەو زانیارییانەی باس لە کوژرانی زیاتر لە 460 نەخۆش و کەسانی یاوەریان دەکەن لە نەخۆشخانەی سعودیی منداڵبوون لە فاشری سوودان." رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەی سعودیی منداڵبوون تاکە نەخۆشخانەیە کە بەشێوەیەکی سنووردار لە شارەکەدا کاردەکات.
دوای دەرهێنانی شاری فاشر لە رۆژی یەکشەممە لە دەستی سوپای ژێر فەرماندەیی عەبدولفەتاح بورهان، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ئێستا تەواوی هەرێمی دارفووریان کۆنترۆڵکردووە، کە ناوچەیەکی فراوانی رۆژئاوای سوودانە و یەک لەسەر سێی رووبەری وڵاتەکە پێکدەهێنێت.
پەیوەندییەکان و ئینتەرنێت هێشتا پچڕاون، جگە لە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا کە لە رێگەی مانگی دەستکردەوە کۆنترۆڵی تۆڕی ستارلینکیان کردووە. هەروەها، سەرەڕای بانگەوازەکان بۆ کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی، هێشتا چوونەنێو فاشر قەدەخەیە. بۆیە پەیوەندیکردن بە سەرچاوە نێوخۆییە سەربەخۆکانەوە زۆر ئەستەمە.
"دۆخێکی مەترسیدار"
مونا ئەلدائیم، کۆمیسیاری یارمەتییە مرۆییەکان لە حکومەت رایگەیاند، زیاتر لە دوو هەزار هاووڵاتیی سڤیل "لە کاتی داگیرکاریی میلیشیاکانی پشتیوانیی خێرا"دا کوژراون و گوتی، چەکدارانی ئەو هێزانە "مزگەوت و خۆبەخشانی تەکیەکان و کۆمەڵەی مانگی سووری سوودانییان کردووەتە ئامانج."
رێکخەری "لیژنەکانی بەرگری-فاشر" ئێوارەی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، گوێیان لە دەنگی تەقە بووە لە رۆژئاوای شارەکە، "کە تێیدا ژمارەیەکی کەم لەو سەربازانەی ماون بە خۆڕاگرییەوە شەڕ دەکەن."
بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە رۆژی یەکشەممەوە زیاتر لە 36 هەزار کەس بەهۆی تووندوتیژییەکانەوە لە فاشر ئاوارە بوون، کە زۆربەیان بەرەو دەوروبەری شارەکە و شاری تەویلە رۆیشتوون، کە لە رۆژئاواوە 70 کیلۆمەتر لە نێوەندی فاشرەوە و بە گەورەترین ناوچەی پێشوازی لە ئاوارەکان لە وڵاتەکەدا دادەنرێت، چونکە زیاتر لە 650 هەزار ئاوارەی تێدایە.
وێنە دەگمەنەکان ئاوارەکان نیشان دەدەن کە کەلوپەلەکانیان لەسەر پشت و سەر هەڵگرتووە. هەندێکیان چادریان هەڵدەدا و هەندێکی دیکەشیان برین بە جەستەیانەوە دیار بوو.
رۆژی دووشەممە، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا، کە شاری فاشر لە "دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە،" لەگەڵ زیادبوونی مەترسیی "پێشێلکاری و کردەوەی دڕندانە لەسەر بنەمای نەژادی،" هاوکات "راستییەکانی رابردوو"ی لە باکووری دارفوور بەبیرهێنایەوە، کە لە سەرەتای دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا شایەتحاڵی کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی بوو لەسەر دەستی میلیشیای جەنجەویدی عەرەبییەوە، کە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لەوانەوە دروستبوون، دژی هۆزە ناوخۆییەکانی مەسالیت، فور و زەغاوە.
"یەکپارچەیی سوودان"
هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، کە ئیدارەیەکی هاوتەریبان لە دارفوور دامەزراندووە، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیاندا کۆنترۆڵی رۆژئاوا و بەشێک لە باشووری سوودانیان کردووە. لە بەرامبەردا، سوپای سوودان کۆنترۆڵی ناوچەکانی باکوور، رۆژهەڵات و نێوەڕاستی ئەو وڵاتە دەکات، کە زیاتر لە دوو ساڵە لە جەنگدایە.
شارەزایان ترسیان لە دابەشبوونێکی نوێی سوودان و دووبارەبوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژییانە هەیە، کە هەرێمی دارفوور شایەتحاڵی بوو.
دەگەلۆ رۆژی چوارشەممە جەختی کردەوە، کە کۆنترۆڵکردنی فاشر لەلایەن هێزەکانییەوە یارمەتیدەرە بۆ "یەکپارچەیی سوودان."
فەرماندەکە رۆژی چوارشەممە لە گوتارێکی تۆمارکراودا کە لە کەناڵی فەرمیی خۆی لە تەلەگرام بڵاوکرایەوە، گوتی: "رزگارکردنی فاشر لە بەرژەوەندیی یەکپارچەیی سووداندایە، ئێمە دەڵێین یەکپارچەیی سوودان، بە ئاشتی بێت یان بە جەنگ."
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە "لیژنەکانی لێپرسینەوە" گەیشتوونەتە فاشر و "ئێمە لەگەڵ یاسا و لێپرسینەوەین لە هەرکەسێک کە هەڵەی کردبێت،" بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
گوتیشی: "بە هەموو هێزەکان دەڵێم: کوشتنی دیلی سەربازی قەدەخەیە. سەبارەت بە خەڵکی سڤیلیش، هیچ پەیوەندییەکتان پێیانەوە نییە."
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکان، دانوستانی"چوارقۆڵی" سەبارەت بە سوودان، کە میسر، سعودیە، ئیمارات و ئەمریکا لەخۆدەگرێت، گەیشتووەتە بنبەست. دوایین کۆبوونەوەی رۆژی هەینی لە واشنتن بەڕێوەچوو.