ترەمپ: دەبێت ئاسمانی ڤەنزوێلا دابخرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا هەنگاوێکی دیکەی دژی ڤەنزوێلا گرتەبەر و رایگەیاند، دەبێت ئاسمانی ڤەنزوێلا بەتەواوی دابخرێت، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتری نەدا؛ ئەمەش نیگەرانی و سەرکۆنەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلاوە لێکەوتەوە و ئەو هەڕەشانەی حکومەتی ئەمریکا و سەرۆکەکەییان بە "هەڕەشەی داگیرکاران" وەسف کرد.
 
شەوی شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال تروس، لەبارەی ڤەنزوێلاوە نووسیویەتی، "بۆ هەموو هێڵە ئاسمانییەکان، فڕۆکەوانان، بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچیانی مرۆڤ، تکایە دەبێت ئاسمان و دەوروبەری ڤەنزوێلا بە تەواوی دابخرێت."
 
لەگەڵ ئەو هەڕەشە نوێیەی ترەمپ، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، ئەوان هیچ ئاگاداری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا بۆسەر ڤەنزوێلا نین.
 
لەدوای هەڕەشەکەی سەرۆکی ئەمریکاش، حکومەتی ڤەنزوێلا لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی لێدوانەکانی ترەمپی کرد و بە "هەڕەشەی داگیرکاری" دژ بە سەروەریی ڤەنزوێلا وەسفی کرد و رایگەیاند، ئەو هەڕەشانە پێشێلکاریی یاساکانی نێودەوڵەتییە.
 
لە درێژەی بەیاننامەکەی حکومەتی ڤەنزوێلادا هاتووە، پۆستەکەی سەرۆکی ئەمریکا "کارێکی دوژمنکارانە تاکلایەنەیە و لەگەڵ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی ناگونجێت."
 
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێستا بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ هەڵسەنگاندنی بژاردەکانی پەیوەست بە ڤەنزوێلا دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی رۆڵی حکومەتی ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە، لە کارئاسانیکردن و هاوکاریکردنی باندەکانی بازرگانانیی ماددە هۆشبەرەکان بۆ رەوانەکردنی ئەو ماددانە بۆ نێو ئەمریکا.
 
بەڵام سەرۆکی ڤەنزوێلا نکۆڵی لەو تۆمەتانەی ئەمریکا و ترەمپ دەکات کە چەندین جار رایگەیاندووە، ئەو و وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکیان بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە نییە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بژاردەکانی ئەمریکا لە دژی ڤەنزوێلا بریتین لە: هەوڵدان بۆ لابردنی مادورۆ، سوپای ئەمریکاش ئامادەیە بۆ قۆناخێکی نوێی ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناوچە سنوورییەکانی ڤەنزوێلا لە باشووری ئەمریکا، پاش کۆکردنەوە و جێگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز و توانای سەربازی لە ناوچە دەریاییەکانی کاریبی.
 
ئەمە جگە لەوەی لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، سوپای ئەمریکا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر بەلەمەکانی ئەو باندی ماددە هۆشبەرانە لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا.
 
هەروەها مانگی رابردوو، ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆپەراسیۆنی نهێنیی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا "سی ئای ئەی" لە ڤەنزوێلا هەڵکردووە.
 
مادورۆ کە لە ساڵی 2013وە لە دەسەڵاتدایە، دەڵێت، ترەمپ دەیەوێت ئەو لە پۆستەکەی لاببات و بەڵێنیشی داوە لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا، ڤەنزوێلییەکان و سوپای ئەو وڵاتە رووبەڕوویان دەبنەوە.
 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ترەمپ بە سەربازانی ئەمریکای راگەیاند، بەمزووانە دەست بە ئۆپەراسیۆنی وشکانی بۆ راگرتنی قاچاخچیانی ماددە هۆشبەرەکان لە ڤەنزوێلا، دەکەن.
 
هەروەها حکومەتی ڤەنزوێلا رایگەیاندووە، جموجۆڵە سەربازییەکان و هەڕەشەکانی ئەمریکا "خواستی داگیرکاری" لە ئەمریکای باشوور نیشان دەدات و و داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، ئەو هەڕەشە و هەنگاوانەی واشنتن رەتبکەنەوە.
 
لەدوای هەڕەشەکانی ترەمپیش بۆسەر ڤەنزوێلا، ئێرانیش هاتەدەنگ؛ تاران کە هاوپەیمانی ڤەنزوێلایە و لە سەرەتای ئەم ساڵدا لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کرا، لە راگەیێندراوێکدا ترەمپی بە "پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی و هەڕەشە بۆسەر سەلامەتیی فڕۆکەوانیی جیهانی" ناوبرد.
 
جگە لە هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ئەمریکا نزیکەی 14 هەزار کۆچبەری ڤەنزوێلیی لە ئەمریکاوە دیپۆرتی ئەو وڵاتە کردووەتەوە، لە چەند مانگی رابردووشدا هەفتەی دوو جار گەشتی دیپۆرتکردنەوە لە ئەمریکاوە بۆ ڤەنزوێلا هەبووە.