ترەمپ هەڕەشەی راگرتنی سەرجەم کۆچبەرانی وڵاتانی جیهانی سێیەم دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا پەیامی نوێ و ناخۆشی بۆ کۆچبەران هەیە و رایگەیاند، ئیدارەکەی کار دەکات بۆ راگرتنی هەمیشەیی کۆچبەران لە هەموو وڵاتانی جیهانی سێیەم، بۆئەوەی سیستمی کۆچبەران لە ئەمریکا بە تەواوی چاک ببێتەوە.
رۆژی هەینی 28-11-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال ترووس، رێکاری نوێی بەرامبەر بە کۆچبەران لە ئەمریکا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرجەم هاوکارییە فیدراڵییەکان بۆ ئەو هاووڵاتییانە کۆتایی پێدەهێنێت کە ئەمریکی نین. گوتیشی، "ئەو کۆچبەرانەی باری ئەمنی و ئارامیی نێوخۆ تێکدەدەن، لە مافی پێدانی هاووڵاتینامە بێبەش دەکات و هەر هاووڵاتییەکی بیانی کە تۆمەتبار بێت یانیش مەترسی بێت بۆسەر ئاسایشی ئەمریکا، یاخود لەگەڵ شارستانیەتی رۆژئاوا نەگونجێت، دیپۆرتیان دەکاتەوە."
ئەم هەڕەشە نوێیەی سەرۆکی ئەمریکا لەدوای هێرشەکەی واشنتنی هات، کە تیایدا پاسەوانێکی نیشتمانیی ئەمریکا لەنزیک کۆشکی سپی لەلایەن پەناخوازێکی ئەفغانییەوە کوژرا.
بەڵام لە هەڕەشە نوێیەکەیدا، ترەمپ ناوی هیچ وڵاتێکی نەهێنا و روونی نەکردەوە مەبەستی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم چی وڵاتێکە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، رێکارە نوێیەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا مافی پەنابەرێتییان پێدراوە.
لە درێژەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە، "من کۆچبەران لە هەموو وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە بۆ هەمیشە رادەگرم، بۆئەوەی سیستمی ئەمریکا بە تەواوی چاک ببێتەوە. بە ملیۆنان بڕیارە نایاساییەکانی بایدن کۆتایی پێدەهێنم، بەتایبەتی ئەوانەی لە رێگەی 'قەڵەمە ئۆتۆماتیکییەکەی جۆی خەواڵووەوە' واژۆ کراون، هەروەها هەر کەسێک کە نابێتە سەرمایە بۆ ئەمریکا، دووردەخەمەوە."
ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە واشنتن کردووە، بەردەوام بێت لە رێگەدان بە پەناخوازان بۆ چوونە ناو وڵاتەکە و رێوشوێنی یاساییان پێ بدرێت.
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین هەموو وڵاتان، بە ئەمریکاشەوە، پابەند بن بە بەڵێنەکانیان لە پەیماننامەی تایبەت بە پەنابەرانی ساڵی 1953."
دواتر جێرمی لۆرێنس، گوتەبێژی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێڤ گوتی، "کۆچبەران بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، مافی ئەوەیان هەیە پارێزراو بن و دەبێت رێوشوێنی یاساییان بۆ دابین بکرێت."
هەروەها ترەمپ فەرمانی داوە پێداچوونەوە بە گرین کارتی خەڵکی 19 وڵاتدا بکرێت.
ئەم هەڕەشانە نوێیانەی ترەمپ لە کۆچبەران لە کاتێکدایە، هەفتەیەک لەمەوبەر سەرۆکی ئەمریکا هێرشی تووندی کردە سەر پەنابەرە سۆماڵییەکان لە ویلایەتی مینیسۆتا و داوای کۆتاییهێنان بە دۆخی ناسەقامگیریی ئەو ویلایەتەی کرد، پەنابەرانی سۆماڵی لە مینیسۆتا تۆمەتبار کرد بە زیادبوونی تاوان لەو ویلایەتەدا.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "مینیسۆتا بووە ناوەندی چالاکی سپیکردنەوەی پارەی ساختە."
دوای ئەو پەیامە تووندەی ترەمپیش، ئەندامە کۆمارییەکانی کۆنگرێسی کە نوێنەرایەتیی ویلایەتی مینیسۆتا دەکەن، نامەیەکیان نووسیوە و داوای لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە دەکەن، کە باس لەوە دەکەن باجدەرانی ویلایەتەکەیان پارە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان نێو سۆماڵ دابین دەکەن.
بەڵام لە بەرامبەردا ئیلهام عومەر، کە بە رەچەڵەک سۆماڵییە، ئەندامی کۆنگرێسە، سەر بە دیموکراتەکانە و نوێنەرایەتیی ویلایەتی مینیسۆتاش دەکات، وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە و گوتی، "نابێت لە ئەمریکا سەرپێچییەکی تاکە کەسی بەگشتی بکرێت و سەرجەم کۆمەڵگەکە بە بەرپرسیار دابنرێت."
ئەو راشیگەیاند، ترەمپ هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتەڕوو بۆ ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کۆمەڵگەی سۆماڵی لەو ویلایەتەی ئەمریکا کردووە و گوتیشی، "ئەو زمانە ژیانی سۆماڵییەکان دەخاتە مەترسییەوە، نەک تەنیا لە مینیسۆتا، بەڵکو لە سەرانسەری ئەمریکادا."