ترەمپ چاوی لە گرێبەستی فڕۆکەی ئێف-35ـە بۆ تورکیا و ئیسرائیل ناڕازییە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بیر لە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری ئێف-35 بە تورکیا دەکاتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تووندی دژی ئەو هەنگاوەیە.
رۆژی دووشەممە، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پێشوازیکردن لە نەتەنیاهوو لە فلۆریدا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری پێدانی فڕۆکەی ئێف-35 بە تورکیا گوتی: "زۆر بە جیدی بیر لەو بابەتە دەکەینەوە."
ساڵی 2019، ئەمریکا تورکیای لە پڕۆژەی گەشەپێدانی ئەو فڕۆکە پێشکەوتووانە دوورخستەوە، دوای ئەوەی تورکیا وەک وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ، سیستمی بەرگریی مووشەکی لە رووسیا کڕی.
سەرەڕای رەخنە تووندەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بەڵام ترەمپ پەیوەندییەکی گەرمی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا هەیە. کاتێک لەبارەی ململانێی نێوان ئیسرائیل و تورکیا پرسیاری لێکرا، ترەمپ ئەردۆغانی بە "هاوڕێیەکی زۆر باش" وەسف کرد.
ترەمپ دەڵێت: "هیچ کێشەیەکمان لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا ناوێت و هیچ شتێکی خراپ روونادات". ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، پێدانی ئەو فڕۆکانە بە تورکیا، لە جەنگێکی ئەگەریدا زیان بە ئیسرائیل دەگەیێنێت، بەتایبەت کە هەردوو وڵات لەسەر دۆخی سووریا ناکۆکن.
دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، رەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی هەمان جۆری فڕۆکە بە ئیمارات، دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە. هەروەها لەم دواییانەشدا پاڵپشتیی خۆی بۆ فرۆشتنی F-35 بە سعودیە پیشاندا.
ئەم هەنگاوانەی ترەمپ لە کاتێکدان کە سیاسەتی لەمێژینەی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ئیسرائیل لە رووی سەربازییەوە هەمیشە لە پێش رکابەرەکانی ناوچەکە بێت.