کیم جۆنگ ئوون: مووشەکهاوێژە نوێیەکانمان دەتوانن دووژمن لەنێوببەن
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە میدیای فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون، رێبەری وڵاتەکە سەردانی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی مووشەکهاوێژی نوێی کردووە و ستایشی توانای ئەو چەکانەی کردووە لە "لەنێوبردنی دووژمن"دا.
ئەم سەردانەی کیم بۆ ناو کارگەکە رۆژێک دوای ئەوە دێت کە پیۆنگیانگ رایگەیاند، دوو مووشەکی کرووزی ستراتیژیی دوورمەودای وەک نیشاندانی "ئامادەیی جەنگی" دژی هەڕەشە دەرەکییەکان تاقیکردووەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 30ی کانوونی یەکەمی 2025، کیم کە لەلایەن بەرپرسانی باڵای بەرنامەی مووشەکی وڵاتەکەیەوە یاوەری دەکرا رایگەیاند، "ئەم سیستمە نوێیە دەبێتە هۆکاری سەرەکیی هێرشبردن بۆ سوپاکەی."
کیم جەختی لەوە کردەوە، "سیستمە نوێیەکە چەکێکی زۆر بەهێزە، چونکە دەتوانێت لە رێگەی هێرشی لەناکاو و وردەوە، بە هێزێکی وێرانکەر دووژمن لەنێوببات." ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم سیستمە زیاتر بۆ هێرشی چڕ لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەکاردەهێنرێت.
وێنەکانی میدیای کۆریای باکوور، کیم نیشان دەدەن کە لە کارگەیەکی گەورەدا لە تەنیشت سیستمە مووشەکییە زەبەلاحەکان وەستاوە.
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگەی راند، تۆپخانەکانی کۆریای باکوور، ئەگەر ناوەندە گەورەکانی وەک سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور بکەنە ئامانج، دەتوانن تەنیا لە ماوەی یەک کاژێردا 10 هەزار کەس بکەنە قوربانی.