ئیمارات بڕیاریدا هێزەکانی لە یەمەن بکشێنێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات دەڵێ، کۆتایی بە ئەرکی ئەو تیمانە دەهێنێت کە لە یەمەنن. بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە "کاروانێکی چەکی ئیماراتی" لە بەندەرێکی یەمەن کردە ئامانج و رایگەیاند: "هەنگاوەکەی ئیمارات بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان هەڕەشەیە."

رۆژی سێشەممە 30-12-2025، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات بڵاویکردەوە: "بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییە و ئەو ئەنجامانەی لەسەر سەلامەتی و کارای ئەرکەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکەوێتەوە، وەزارەتی بەرگری رایدەگەیەنێت بە ویستی خۆی کۆتایی بەو تیمانەی دژەتیرۆر دەهێنێت کە لە یەمەن ماون."
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سوپای ئیمارات لە ساڵی 2019 ئەرکە سەربازییە سەرەکییەکانی لە یەمەن تەواو کرد و کشایەوە، ئەوەی مابووەوە تەنیا تیمێکی تایبەتمەند بوون بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام ئێستا ئەو تیمەش بەمەبەستی "پاراستنی گیانی" ئەندامەکانی دەکشێنێتەوە.
 
بۆردوومانکردنی کەشتییەکەی ئیمارات لەلایەن سعودیە
 
ئەم کشانەوەیە چەند کاژێرێک دوای گرژییەکی نێوان دوو وڵاتە هاوپەیمانەکەی کەنداو دێ. سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە 30-12-2025، هاوپەیمانیی عەرەبی رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر کاروانێکی چەک لە بەندەری موکەلا "کە لەلایەن ئیماراتەوە رەوانەی هێزە جوداخوازەکانی باشووری یەمەن کرابوو."
 
سعودیە لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەدا هەنگاوەکانی ئیماراتی بە "زۆر مەترسیدار" ناوبرد و رایگەیاند، پێشڕەویی هێزە جوداخوازەکان بە پشتیوانیی ئیمارات "بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی شانشینەکە هەڕەشەیە و هێڵی سوورە."
 
سعودیە هۆشداری دا کە "دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری هەر رێکارێکی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی هەر هەڕەشەیەک."
 
وەڵامی ئیمارات
 
ئیمارات ئەو تۆمەتانەی رەتکردنەوە کە باس لە ناردنی چەک دەکەن و رایگەیاند: "ئەو بارەی لە کەشتییەکان داگیراوە هیچ چەکێکی تێدا نەبووە و ئەو ئۆتۆمبێلانەشی رەوانە کراون بۆ هیچ لایەنێکی یەمەنی نەبوون."
 
ئیمارات دەڵێ، ئاگاداری هیچ هەوڵێک نییە بۆ هاندانی لایەنەکان دژی سعودیە و "پڕوپاگەندەکان" رەتدەکاتەوە.
 
دوای هێرشە ئاسمانییەکە، رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن (کە حکومەتەکەی لەلایەن سعودیەوە دانپێدانراوە)، باری نائاسایی بۆ 90 رۆژ راگەیاند.
 
عەلیمی پەیماننامەی ئەمنیی نێوان وڵاتەکەی و ئەبوزەبی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی (ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور) بە هاوکاریی ئیمارات دەستیان بەسەر رووبەرێکی فراوانی خاکدا گرت.
 
ریاز پشتگیریی بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەنی کرد کە داوای دەکرد "هێزەکانی ئیمارات لە 24 کاژێردا لە وڵات بچنە دەرەوە" و داواشی کرد ئەبوزەبی هەموو پشتیوانییەکی دارایی و سەربازی بۆ گرووپەکان بوەستێنێت.
 
سعودیە و ئیمارات کە پێشتر هاوپەیمانی ستراتیژیی دژی حووسییەکانی یەمەن بوون، لەم دواییانەدا لەسەر چەندین دۆسیە، لەوانە شەڕی یەمەن و شەڕی نێوخۆی سوودان، ناکۆکیی قووڵ کەوتووەتە نێوانیان.