چەپەکانی فەرەنسا پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لەبەرئەوەی زۆربەی کورد فەرەنسی نازانن، زۆر کەم دەتوانن میدیا و رای گشتیی فەرەنسی بشۆپێنن؛ بۆیە نازانن ئەم رۆژانە لەوێ چی دەکرێت بۆ پشتیوانی لە کوردستان. بەتایبەتیش کە دەزانین فەرەنسا دۆستێکی گەورەی کوردستانە. کانی جەهانگیری ئەم رۆژانە لە پاریس بە گەرمی خەریکی کارکردنە لەسەر ئەمە.
لەو بارەیەوە جەهانگیری گوتی، "بەداخەوە، میدیای فەرەنسی تاوەکو ئەمڕۆش زۆر بە کەمی باسی کوردی کردووە، هەندێکیان خۆیان لەم باسە بەدوور گرتووە. جگە لە میدیای وەکو 'لیبێراسیۆن' و 'لو پاریزیان' کە بابەتی بڕینی قژی کچان و ژنانی کوردیان بڵاوکردەوە، میدیاکانی دیکە بە شێوەیەکی بەرچاو و بەتایبەتی لەسەر رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان، قسەیان لەسەر ئەم پرسە نەکردووە و زۆر بە کەمی باسکراوە."
سەبارەت بەو گوتار و ڤیدیۆ و راپۆرتانەی کراون، ئەو خانمە گوتی، "دەتوانین بڵێین ئەوەش بەهۆی هەوڵی رەوەندی کوردی بووە لە فەرەنسا. لە لایەکی دیکەوە، جگە لە پارتە چەپەکان، زۆر کەم پارتی سیاسیی دیکە قسەیان لەسەر دۆخی کورد کردووە."
بەڵام، مارین لوپێن بۆ یەکەمجار لەگەڵ جۆردان باردێلا تویتێکی بڵاوکردەوە و ئەمەش جێگەی شۆک بوو، چونکە پێشتر قسەی لەبارەی کوردەوە نەکردبوو.
دەربارەی هەڵوێستی پارتە سیاسییەکانیش جەهانگیری رایگەیاند، هەموو حیزبە چەپەکان، چەپە تووندڕۆکان و ژینگەپارێزان، وەکو هەمیشە پاڵپشتیی گەلی کوردیان کردووە و لە سەرجەم خۆپێشاندانەکانی پاریس دا بە شێوەیەکی گشتی بەشداربوون؛ پەرلەمانتاران و سیناتۆرەکانیان لەنێو خۆپێشاندانەکانی کورد دا لە پاریس پەیامیان هەبووە و لە سۆشیاڵ میدیای خۆیاندا بە شێوەیەکی زۆر باش پاڵپشتیی خۆیان دەربڕیوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئامادەبوونی میدیا زۆر کەم بوو.
جەهانگیری ئاماژەی بەوە کرد، جێگەی داخە، کاتێک لە خۆپێشاندانەکاندا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپێشاندەران و پۆلیسدا دروست دەبێت، رۆژی دواتر هەموو میدیاکانی فەرەنسا باسی دەکەن، وەکو ئەو ئاڵۆزییانەی لە مارسیلیا و پاریس روویاندا.
دەربارەی رەوەندی کوردی و لۆبیکردن بۆ کوردستان، جەهانگیری رایگەیاند، "رەوەندێکی زۆر گەورەمان لە فەرەنسا هەیە، بەڵام بەداخەوە کاری لۆبی زۆر کەم بووە. دوای نزیکەی 56 ساڵ لە بوونی کورد لە فەرەنسا، کە ماوەیەکی زۆر درێژە، ئێستا و بەتایبەتی دوای شۆڕش و بەرخودانی رۆژئاوا، گەنجانی کورد، پارێزەر، خوێندکار و مامۆستایان، هەموویان پێکەوە هەستاونەتە سەرپێ و گرووپی واتسئاپیان دروستکردووە و لەو گرووپانەدا، کە چەندین گرووپی گەورەن، چەندین گرووپی بچووکتریش هەن؛ بۆ نموونە گرووپێک تایبەتە بە رێکخستنی خۆپێشاندانەکان لە هەموو شوێنێکی فەرەنسا و گرووپێکی دیکەش بۆ ناردنی ئیمەیڵ بۆ سەرجەم پەرلەمانتارانی فەرەنسا."
پەیام بۆ هەموو پەرلەمانتارانی فەرەنسا، سیناتۆرەکانی ئەمریکا، رۆژنامەڤانە فەرەنسییەکان، رۆژنامەڤانە سەربەخۆکان و کەناڵە تەلەڤیزیۆنییە فەرەنسییەکان نێردراوە، وەکو جەهانگیری دەڵێت، "هەموو ئەوەی لە توانایاندا بووبێت، کردوویانە و دەیکەن. بەڕاستی دەتوانم بڵێم ئەوەی تاوەکو ئێستا لە میدیاکانی فەرەنسا و لە خۆپێشاندانەکانی پاریسدا دەنگدانەوەی هەبووە، لە سایەی رەوەندی کوردی بووە، کە ئێستا کار دەکەن. نوێنەری هەر چوار پارچەی کوردستان، سەندیکا فەرەنسییەکان، سیناتۆر و پەرلەمانتارە فەرەنسییەکانیش بەشداربوون. هەفتەیەک پێش ئێستا لە پاریس خۆپیشاندانێک بۆ رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو کە 10 هەزار کەس ئامادەی بوون."
لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆر سیناتۆر و پەرلەمانتار هەبوون، بەڵام دیسانەوە کانی جەهانگیری دەڵێت، "دەبێت ئەوە بڵێین، زۆربەیان سەر بە باڵی چەپ، چەپی تووندڕۆ و ژینگەپارێز بوون، لە کاتێکدا بەشداریی حیزبە راستڕۆ و میانڕۆکان زۆر کەم بوو."
دەربارەی رۆڵی سۆشیال میدیا لە بەرگریکردن لە رۆژئاوای کوردستان، جەهانگیری ئەوەی خستەڕوو، "ئەگەر نموونەی ئۆکراینا و فەڵەستین وەربگرین، دەبینین ئەوان سۆشیاڵ میدیایان زۆر بە باشی بەکارهێنا و بووە بەهێزترین چەکیان. دەنگدانەوەی دۆزی ئۆکراینا و فەڵەستین لە جیهاندا، لە رێگەی دروستکردنی ڤیدیۆ و پۆستەر بە زمانە بیانییەکان بوو. پێویستە ئێمەش هەوڵبدەین سۆشیاڵ میدیا بە شێوازێکی پیشەیی بەکاربهێنین. هەرچەندە من زیاتر بە زمانی کوردی قسە دەکەم، بەڵام ماوەیەکی درێژە زیاتر ڤیدیۆ بە زمانی فەرەنسی دروست دەکەم و هەوڵدەدەم ژێرنووسی ئینگلیزیی هەبێت. دەمەوێت گەلەکەمان لەسەر ئەم رێچکەیە بەردەوام بن و بتوانن بە زمانی بیانی ڤیدیۆ دروست بکەن."
جەهانگیری ئاماژەی بەوەش کرد، "ترێندی قژبڕین هێزێکی زۆر بەهێز بوو؛ ڤیدیۆیەکی بچووک بووە هۆی ئەوەی کە ڤیدیۆی زۆر درێژی لەسەر دروست بکرێت و لە جیهاندا دەنگدانەوەی هەبوو. داواکارم هەموو گەنجەکانمان، بەتایبەتی لە دیاسپۆرا، هەوڵ بدەن ڤیدیۆ بە زمانی ئینگلیزی یان بە زمانی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین دروست بکەن. ئەوانەی نایانەوێت رووخساریان دیار بێت، دەتوانن ڤیدیۆی ئەو کەسانەی دروستی دەکەن بڵاوی بکەنەوە، یان پۆست و وێنە بە زمانی بیانی بڵاوبکەنەوە."
کانی جەهانگیری گوتیشی، "کاتێک دەچینە خۆپێشاندانەکان، نابێت دروشمەکان بە کوردی بڵێین. ئەگەر لە ناوەڕاستی پاریس یان بەرلین بین، دەبێت بە فەرەنسی یان بە ئەڵمانی قسە بکەین بۆ ئەوەی خەڵکی دیکە بۆ لای خۆمان رابکێشین. ئەوەی بەسەر رۆژئاوادا دێت زۆر سەخت و ناخۆشە، بۆیە دەبێت هەوڵ بدەین لە رووی کۆمیونیکەیشن و سۆشیاڵ میدیاوە خەڵک بۆ لای خۆمان رابکێشین. باوەڕم وایە کورد وەکو دیاسپۆرا ئەو کارەی کردووە، بەڵام هێشتا دەتوانێت باشتر بیکات. کۆمیونیکەیشن لە بواری دیپلۆماسیدا تەنیا لەلایەن دەوڵەتەوە ناکرێت، بەڵکو من و تۆش دەتوانین لە ماڵەوە بیکەین."