ترەمپ: ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ پێشبینی دەکات ئێران لەبری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، پەنا بۆ گفتوگۆ و واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ ببات.
رۆژی هەینی 30-01-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی گوتی، "دەتوانم ئەمە بڵێم؛ ئەوان [ئێرانییەکان] بەڕاستی دەیانەوێ رێککەوتن بکەن." کاتێکیش لێیان پرسی، ئایا ماوەیەکی دیاریکراوی بۆ تاران داناوە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی؟ ترەمپ وەڵامی دایەوە، "بەڵێ، ماوەم داناوە،" بەڵام ئامادەنەبوو کاتەکەی ئاشکرا بکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە جووڵە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "ئێستا کەشتیگەلێکی گەورەی دەریایی، ئارمادا یان فلۆتێلا، هەرچییەکی ناودەنێن، بەرەو ئێران بەڕێوەیە." ترەمپ هیوای خواست رێککەوتن بکرێت و گوتی، "ئەگەر رێککەوتن بکەین، ئەوە باشە. ئەگەر نەمانکرد، با بزانین چی روودەدات."
ترەمپ راگرتنی سزای لەسێدارەدانی خۆپێشاندەرانی لەلایەن ئێرانەوە وەک نیشانەیەک بۆ ئامادەیی تاران بۆ گفتوگۆ و پاشەکشە لە هەڵوێستەکانی ناوبرد.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ هەینی لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ، بەڵام تەنیا لەسەر بنەمای "پێگەی یەکسان" و بەبێ هەڕەشە. عێراقچی گوتی، "تواناکانی بەرگری و بەرنامەی مووشەکیی ئێران هەرگیز نابنە بابەتی گفتوگۆ."
بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، ئەمریکا داوا دەکات هەر رێککەوتنێکی نوێ سنووردارکردنی مووشەکە دوورهاوێژەکان و گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات لەخۆ بگرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە.