پەرلەمانتارێکی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا بۆ رووداو: پاراستنی کورد و بەردەوامیی هاوکاریی پێشمەرگە ئەرکی ئەڵمانیایە

رووداو دیجیتاڵ

رۆدریش کیسەڤێتەر، جێگری سەرۆکی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە رووداوی گوت، درێژکردنەوەی ئەرکی سوپای وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ پاراستنی کورد و رێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
 
رۆژی شەممە 31-01-2026، کیسەڤێتەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. کیسەڤێتەر گوتی: "زۆر خۆشحاڵم کە پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ ئەرکی سوپای ئەڵمانیای درێژکردەوە. ئامانجی ئێمە روونە: دژایەتیکردنی داعش و پاراستنی کوردەکان لە باکووری عێراق."
 
ستراتیژییەک بۆ سووریا و پرسی کورد
 
ئەو پەرلەمانتاری ئەڵمانیا گوتی، تەنیا مەشقی سەربازی بەس نییە و پێویستە ئەورووپا ستراتیژییەکی سیاسیی روونی هەبێت بۆ ناوچەکە. 
 
کیسڤێتەر نیگەرانیی خۆی لە دۆخی کورد لە سووریا دەربڕی و گوتی: "کوردەکان داعشیان تێکشکاند، بەڵام ئێستا لە ژێر گوشارێکی زۆردان. پێویستە ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق بۆ ئەوەی مافی هەموو پێکهاتەکان و بەتایبەت کورد بپارێزن."
 
میلان؛ سیمبوولی دۆستایەتیی ئەڵمانیا و پێشمەرگە
 
کیسەڤێتەر بە گەرمی باسی لە بیرەوەرییەکانی خۆی لە ساڵی 2017 کرد، کاتێک سەردانی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کردبوو لە رۆژهەڵاتی مووسڵ.
 
پەرلەمانتارەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەڵمانیا بۆ یەکەمجار یاساکانی خۆی گۆڕی بۆ ئەوەی چەکی (میلان) بنێرێت بۆ پێشمەرگە و گوتی: "پێشمەرگە شیاوی هەموو پشتگیرییەکە. ئێمە دەزانین کە زۆر منداڵ لە کوردستان ناویان نراوە میلان، ئەمە نیشانەی ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە. من و هاوکارانم لە پەرلەمان هەوڵ دەدەین نەک تەنیا ئەرکی سەربازی درێژ بکرێتەوە، بەڵکو هاوکارییەکان بەهێزتریش بکرێن."
 
ئەم لێدوانانەی کیسەڤێتەر دوای ئەوە دێت، پەرلەمانی ئەڵمانیا بە فەرمی ئەرکی سوپای وڵاتەکەی بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کردەوە، کە تێیدا رێگە دەدرێت تاوەکو 500 سەربازی ئەڵمانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بمێننەوە بۆ کاری راوێژکاری، مەشق و راهێنان و پشتیوانیی لۆجستی.
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
 
رووداو: سڵاوتان لێبێت. بەڵێ، من لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیاوەم. ئەوەندە نییە پەرلەمانی فیدراڵ بڕیاری دا کە مانەوەی سوپای ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان درێژ بکاتەوە بۆ ساڵێکی دیکەش، چونکە ئەڵمانیا یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی هاوپەیمانیی دژی داعش و چەندین ساڵە مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەکات. من ئێستا لەگەڵ کەسێکی گرنگم کە ئەمڕۆ وتاری پێشکێش کرد لەناو پەرلەمانی فیدراڵ، بەڕێز رۆدریش کیسەڤێتەر، کەسێکی ناسراوی پارتی کرستیان دیموکراتەکانە لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیە، جێگری سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی پارتی کرستیان دیموکراتەکانە.
 
رووداو: بەڕێز کیسەڤێتەر زۆر سوپاس کە لەگەڵماندای، بەڕێزتان کەمێک لەمەوبەر لە پەرلەمانی فیدراڵ گوتارێکتان پێشکێشکرد بۆ مانەوەی بوندسڤێر، سوپای ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان. بۆ ئێوە چەندە گرنگە کە بوندسڤێر لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەبێت؟
 
رۆدریش کیسەڤێتەر: خانم (شاڵی)، زۆر سوپاس. سەرەتا من خۆم ئاسوودەم کە بە زۆرینەی دەنگ ئەم ئەنداتە لە پەرلەمانی فیدراڵ تێپەڕێندرا. بەڵام بابەتەکە چییە؟ مانداتی پەرلەمانی فیدراڵ بۆ سوپای ئەڵمانیا تەنیا بەشێکە لە بەشدارییەکی نێودەوڵەتی، کە تێیدا سوپای ئەڵمانیا لە عێراق، لە قەتەر، لە ئوردن چالاکە دژی داعش، بەڵام هەروەها بۆ مەشقپێکردن و بۆ سەقامگیرکردنی حکومەت لە عێراق، هەروەها بۆ پاراستنی کوردەکان لە باکوور. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەم مانداتە بەس نییە، ئێمە پێویستمان بە ستراتیژییەکی گشتگیرە بۆ ناوچەکە. دۆسیەی سووریا دانەخراوە. لە سووریا کورد راودەنرێن، بەڵام کورد لەوێ داعشیان تێکشکاند. ئەگەر داعش بەرەو عێراق فراوان بێت، ئێمە کێشەیەکی گەورەمان لە باکوور و تێکچوونی سەقامگیری دەبێت، لە ئێرانیش بەرەنگارییمان هەیە، بەڵام دەتوانین دواتر قسەی لەسەر بکەین.
 
رووداو: بەڵێ، دەبوو ئەوە پرسیاری داهاتووم بووایە. ئایا بەلای ئەڵمانیاوە هەڕەشەی داعش ماوە دوای هەڵاتنی بەشێکی چەکداران لە سووریا و هەست دەکەن ئەو هەڕەشەیە زیاتر بووە؟ ئێستا هەندێکیشیان دەگوێزرێنەوە بۆ عێراق. ئێوە دەتانەوێت سوپای ئەڵمانیا زیاد بکەن لە ناوچەکە؟ ئەرکەکە درێژ دەکەنەوە و زیادی دەکەن؟
 
رۆدریش کیسەڤێتەر: مانداتەکە سەرەتا بۆ ساڵێکی دیکە بڕیاری لێدراوە. ئێستا 300 سەربازمان لەوێن، دەتوانین تاوەکو 500 سەرباز لەوێ جێگیر بکەین، بەڵام سووتەمەنی تێکردنی ئاسمانی و مەشقپێکردنیش رۆڵ دەگێڕن. دەبێت راشکاو بین، کورد لەنێو مەنگەنەیەکی دوولایەنەدان. لەلایەکەوە لەلایەن ئێرانەوە (نەک هەموو کوردەکان، ئێمە جیاوازییەکان دەزانین)، بەڵام عێراقیش لەژێر مەنگەنەی دوولایەنەدایە لەلایەن ئێران و لەلایەن داعشەوە. خزمەتی گەورەی کوردەکان ئەوەیە کە ئەوان داعشیان گەمارۆ داوە. ئێستا کوردەکان لە سووریا کەوتوونەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە، بۆیە دەبێت کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ جۆلانی [دەستەی تەحریری شام] پێداچوونەوەی بۆ بکات. ئایا راستە پێشوازی لێ بکرێت؟ ئایا دەبێت گوشاری زیاتر دروست بکەین کە هەڵبژاردن بکرێتەوە، مامەڵەی پارێزراوی گونجاو بۆ کوردەکان هەبێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە داعش دەرفەتی ئەوەی نەبێت جارێکی دیکە سەر هەڵبداتەوە. من هێشتا ئەوە نابینم، هێشتا کارێکی زۆرمان ماوە بیکەین.
 
رووداو: بەڵێ زۆر راستە. لە سەرانسەری جیهان کورد، هەموو نیگەرانن، دەڵێن کە بەڕاستی ئەورووپییەکان پشتیان تێکردین، بێدەنگیی وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەتی ئەڵمانیا بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژییەی کە بەرامبەر بە کورد دەکرێت لە رۆژئاوا، خەڵکێکی زۆری نیگەران کردووە. رای ئێوە چییە لەسەر ئەمە؟
 
رۆدریش کیسەڤێتەر: حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا هیوا لەسەر حکومەتە نوێیەکەی سووریا هەڵدەچنێت، چونکە بابەتەکە پەیوەستە بە ئەگەری گەڕانەوەی سەدان هەزار سووری بۆ وڵاتی خۆیان. بۆ حکومەتی ئەڵمانیا گرنگە نیشانی بدات کە پەنابەران دەگەڕێنەوە و دەیەوێت ئەمە وەک دەسکەوتێک وێنا بکات. ئەگەر ئێستا گوشار بخرێتە سەر شەرع، ئەوا رەنگە رێگری لە گەڕانەوەی پەنابەران بکرێت. بە بڕوای من ئەمە جێگەی رەخنەیە و ئەمە بۆچوونی خۆمە. گرنگ ئەوەیە سوورییەکان بگەڕێنەوە و وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە، بەڵام خەڵکی سووریا فرەڕەنگن و وڵاتەکە فرەنەتەوەیە. پێشموایە ئەگەر لە گفتوگۆکان دا لەگەڵ جۆلانی باسی ئەمە بکەین، دەتوانین شتێک پێشکێش بکەین، ئەویش ئەوەیە حکومەتە نوێیەکەی سووریا بەو مەرجە پشتیوانی لێ دەکرێت کە مافی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییانی سووریا دابین بکات، بەتایبەتی بۆ کەمینەکان و ئەو پێکهاتانەی کە لە هەندێک ناوچەدا زۆرینەن.
 
رووداو: بەڕێزتان ئاماژەتان بەخالێکی گرنگ دا. بەڕێزتان لە پارتی کرستیان دیموکراتەکانن و لە پارتەکەی راوێژکاری ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیان. ئێوە لە حکومەتدان. ئێوە چۆن دەتوانن هاوکاریی خەڵکی رۆژئاوا بکەن..
 
رۆدریش کیسەڤێتەر: ئەڵمانیا بە تەنیا هەنگاو نانێت، بەڵکو لە چوارچێوەی یەکێتیی ئەورووپا دا کار دەکات. لێرەدا دەردەکەوێت کە دەبێت کاریگەری لەسەر تورکیا دابنێین، هەروەها لەسەر وڵاتانی وەک فەرەنسا و ئیتاڵیاش کە بەرژەوەندییان لە عێراق هەیە و بە شێوازی جیاواز لەوێ ئامادەییان هەیە. واتە ئەورووپا لەوێ یەکدەنگ نییە. ئەرکی ئێمەیە ئەم هەڵوێستانە یەکخەین و پێش هەموو شتێک، بەرگری لە مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکان بکەین. لەم رووەوە دەبێت گوشار بخەینە سەر سووریا؛ ئەمەش رەنگە بگاتە ئاستی سەپاندنی سزا. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، دەبێت ئەو گوشارە ناوخۆییەش ببینن کە لە ئەڵمانیا لەسەرمانە. لێرەدا دەڵێم، ئەگەر گوشارەکان بۆ سەر سووریا زیاد بکەین، دەبێت لە رووی ناوخۆییەوە لە دەرئەنجامەکان دڵنیابین. ئەگەر هاوکاریی کورد بکەین، داعش هێرشی تیرۆریستیی کەمتر لە ئەورووپا ئەنجام دەدات. بەڵام ئەگەر کورد رێگری لە داعش نەکات و کۆنترۆڵی نەکات، ئەوا داعش دەگەڕێتەوە ئەورووپا و بەهێزتر چالاکی دەکات. دەبێت بەم شێوەیە لە دۆخەکە بڕوانین. ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە، نەک تێڕوانینێکی کورتخایەن بۆ پەیوەندییەکی باش لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی سووریا.
 
رووداو: کورد دەڵێن ئەمەریکا و ئەورووپا پشتیان تێکردووین. رای ئێوە چییە؟
 
رۆدریش کیسەڤێتەر: من دەتوانم باش لەمە تێبگەم، چونکە کوردەکان دەیان ساڵە هەوڵی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەدەن، بەڵام نە تورکیا، نە عێراق، نە ئێران و نە سووریا رێگە بەمە نادەن. کەواتە کوردەکان لە وڵاتە جیاوازەکانیان دا دەبێت لەگەڵ دەسەڵاتداران هەڵبکەن. لەوێشدا دەکەونە ژێر گوشار و ئەوەش سەختییەکی زۆر گەورەیە. بۆیە هیوادارم کە رێککەوتنێک سەرکەوتوو بێت، بۆیە دەبێت پشت بە نەتەوە یەکگرتووەکان ببەستین و نەک ئەوەی ترەمپ دەیکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان وێران دەکات، بەڵکو دەبێت هەموو کارێک بکەین بۆ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە کاریگەریی هەبێت. ئێمە پێویستمان بە دەستگەیشتنی مرۆییە، بەڵام هەروەها پێویستمان بە دادپەروەرییە بۆ گەلی کورد، لێرەدا مەبەستم ئۆجەلان و تیرۆریزمی پەکەکە نییە، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە ملیۆنان کورد داهاتوویەکیان دەوێت، دەیانەوێت میانڕەو بن و هەروەها دەیانەوێت بەشدار بن لە وڵاتەکانی خۆیاندا و دەبێت دان بەمەدا بنێین. بۆ ئەمەش پێویستمان بە یەکێتییەکی ئەورووپای بەهێزە و لێرەشدا ئەڵمانیا دەتوانێت هاوکار بێت. بێگومان دەتوانین بە هاوکاریی ماددی یارمەتی بدەین، بێگومان دەتوانین ئەمە بکەینە بابەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام بە دیاریکراوی باسەکە لەسەر دەستگەیشتنی مرۆییە و گوشارخستنە سەر ئەو وڵاتانەی کە مافی چارەی خۆنووسین لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانیان دا بۆ کوردەکان رەتدەکەنەوە.
 
رووداو: بەڕێز رۆدریش کیسەڤێتەر لەبەر ئەوەی ئێستا هەڕەشەی بەهێزبوونەوەی داعش هەیە، ئێوە پڕۆژە و پڕۆگرامتان چییە بۆ هاوکاریی پێشمەرگە و بەهێزکردنی تواناکانی؟
 
رۆدریش کیسەڤێتەر: بەڵێ دووبارە، من خۆم ساڵی 2017 لەگەڵ پێشمەرگە، لە لای پێشمەرگە بووم لەگەڵ [مووشەکی] میلان لە سەنگەر لە رۆژهەڵاتی موسڵ. من تەماشای وێرانەکانی رۆژهەڵاتی موسڵم کرد و بینیم پێشمەرگە چەند بە بەهێزی لەوێ ئازادی دەپارێزن. ئەوان شایستەی هەموو پشتیوانییەکن. ئەڵمانیا ساڵی 2016 - 2017 بەسەر سێبەری خۆیدا بازیدا و لە ناوچەیەکی جەنگدا چەکی گەیاند [بە پێشمەرگە]. نەک تەنیا ئۆکرانیا، بەڵکو لەوێش. زۆر منداڵ لەوێ ناوی دووەمیان میلانە. من باوەڕم وایە ئێمە دەبێت گرێبدەینەوە بەم ئەرکەی هاوکاریکردن. هەروەها بەرامبەر بە ئێزدییەکان، بەرامبەر بە گرووپە ئاینییەکانی وەک زەردەشتییەکان و ئەوانی دیکە. کەواتە، من باوەڕم وایە ئێمەی ئەڵمان ئەرکێکمان لەسەر شانە، من ناتوانم بەڵێن بدەم کە وا دەبێت، تەنیا دەتوانم بڵێم من هەوڵی بۆ دەدەم و سەرۆکی فراکسیۆنەکەمان یێنس شپان، کە من ئەم چاوپێکەوتنەی بۆ دەگوازمەوە، ئەویش هەروەها.
 
رووداو: بەڕێز رۆدریش کیسەڤێتەر، زۆر زۆر سوپاس کە لەگەڵمان دا بووی، سوپاس بۆ پشتیوانیت هەر هەبیت.
 
رۆدریش کیسەڤێتەر: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.