ترەمپ لەبارەی ئێران: گفتوگۆمان لەگەڵ دەکەن

 

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری هێرشی سەر ئێران رایگەیاند، تێکەڵەیەک لە دیپلۆماسی و گوشاری سەربازی لە ئارادایە.
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، لە کۆشکی سپی پرسیار لە ترەمپ کرا سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کەنداو ئاگاداری پلانەکان و ئەگەری دەستێوەردانی ئەمریکا نین.
 
ترەمپ لە وەڵامدا بە راشکاوی گوتی: "ناتوانین پلانەکەیان پێ بڵێین. ئەگەر پلانەکەم پێگوتن، وەک ئەوە وایە بە ئێوەم گوتبێت، رەنگە خراپتریش بێت."
 
سەبارەت بە دۆخی ئێستا و هەنگاوەکانی سوپای ئەمریکا، ترەمپ گوتی: "پلانەکە ئەوەیە؛ ئەوان [ئێران] گفتوگۆمان لەگەڵ دەکەن، هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی شتێک بکەین، ئەگەرنا دەبینین چی روودەدات. ئێمە کەشتیگەلێکی گەورەمان هەیە بەرەو ئەوێ دەچێت، گەورەتر لەوەی لە ڤەنزوێلا هەمانبوو و هێشتاش لەوێ ماوە."
 
سەبارەت بەوەی وڵاتانی کەنداو دەڵێن ئێران زۆرجار خواستی گفتوگۆ نیشان دەدات بێ ئەوەی پابەندیی راستەقینەی هەبێت، ترەمپ دانی بەو راستییەدا نا و گوتی: "ئەوە راستە، بەڵام ئەوان دانوستاندن دەکەن، بۆیە دەبینین چی دەبێت. دەزانن، دواجار کە دانوستاندنیان کرد، ناچار بووین ئەتۆمییەکەیان لەنێوببەین، دانوستاندن سەری نەگرت. دواتر بە رێگەیەکی دیکە لەنێومانبرد."