لە سوێد پیاوێک بە تۆمەتی ناچارکردنی هاوژینەکەی بە سێکسکردن لەگەڵ 120 پیاو دادگەیی دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی سوێد تۆمەتی فەرمیی ئاراستەی پیاوێکی 62 ساڵان کرد، کە تۆمەتبارە بە چەوساندنەوەی هاوژینە "بێدەسەڵاتەکەی" و ناچارکردنی بە سێکسکردن لەگەڵ دەیان پیاو بەرامبەر بە پارە. ئەم کەیسە کە نزیكەی 120 پیاوی تێدا تێوەگلاوە، کۆمەڵگەی سوێدی هەژاندووە.
 
ئەم کەیسە لە میدیای سوێد دا بە "کەیسی پێلیکۆتی سوێدی" دەناسرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ کەیسی جیزێل پێلیکۆتی فەرەنسی، کە هاوژینەکەی دەرمانخوارد دەکرد و پیاوانی بۆ دەستدرێژیکردنە سەری دەبردە ماڵەوە.
 
تۆمەتبارە سوێدییەکە کە پێشتر ئەندامی گرووپی ماتۆڕسواری Hells Angels بووە، لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە دەستگیر کراوە، ئەوەش دوای ئەوەی هاوژینەکەی لە باکووری سوێد سکاڵای لەسەر تۆمار کرد.
 
بەپێی دەقی تۆمەتەکان، پیاوەکە بەم تاوانانە سزادراوە: بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە رێگەی رێکلامی ئۆنلاینەوە ژووانەکانی رێکخستووە و پارەی لە فرۆشتنی جەستەی هاوژینەکەی کۆکردووەتەوە؛ 8 حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی؛ چوار گێچەڵ و هەوڵی سێکسی؛ چوار پەلاماری سێکسی؛ وەرگرتنی سوود لە ئالوودەبوونی ژنەکەی بە هۆشبەر و دابینکردنی مادە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژنەکە. ئەمەش لە کاتێکدایە، هاوژینەکەی رازی نەبووە، کە ئەمەش تاوانێکی دیکەیە.
 
ئایدا ئانێرستێدت، داواکاری گشتی رایگەیاند، ژنەکە هێڵی سووری بۆ هەندێک کەس و حاڵەت هەبووە، بەڵام پیاوەکە هەمووی بەزاندووە. لە ناو تۆمەتەکاندا هاتووە، پیاوەکە بەردەوام هەڕەشەی لە هاوژینەکەی کردووە. ئەم تاوانانە لەنێوان 11ی ئابی 2022 بۆ 21ی تشرینی یەکەمی 2025 کراون.
 
داواکاری گشتی ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا 120 کەسیان وەک کڕیار دەستنیشان کردووە. لەو ژمارەیە، 26 پیاو بە فەرمی تۆمەتی کڕینی سێکسیان ئاراستە کراوە (چونکە لە سوێد کڕینی سێکس تاوانە) و لێکۆڵینەوە لە کەسەکانی دیکەش بەردەوامە. سیلڤیا ئینگۆڵفسدۆتیر، پارێزەری ژنەکە دەڵێ، بریکارەکەی ئێستا تەنیا چاوەڕێی دادپەروەری دەکات.
 
نینا لارسۆن، وەزیری یەکسانیی رەگەزیی سوێد لە "ئێکسدا نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی، "ئەم راپۆرتانە قێزەون و هەژێنەرن. پێویستە پیاوان واز لە کڕین و فرۆشتنی جەستەی ژنان بهێنن."
 
بڕیارە رۆژی 13ی نیسانی 2026، یەکەم دانیشتنی دادگەییکردنی ئەم پیاوە لە سوێد دەستپێبکات، کە چاوەڕێ دەکرێت یەکێک بێت لە بەناوبانگترین کەیسە تاوانکارییەکانی ساڵ.