راپۆرتێک: ترەمپ ئامادەیە جەنگ رابگرێت بێ ئەوەی تەنگەی هورمز بکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێک دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا بە هاوکارە نزیکەکانی راگەیاندووە، ئامادەیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران کۆتایی پێ بهێنێت، تەنانەت ئەگەر تەنگەی هورمز بە داخراوییش بمێنێتەوە.
 
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەسەر زاری بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ ئاشکرایان کردووە، سەرۆک و راوێژکارەکانی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، جەنگەکە زۆر لەو خشتە کاتییەی (چوار بۆ شەش هەفتە) تێدەپەڕێنێت کە ترەمپ دیاریکردووە. بۆیە ترەمپ بڕیاری داوە، سەرەتا ئامانجە سەرەکییەکانی وەک پەکخستنی هێزی دەریایی و مووشەکیی ئێران بپێکێت و دواتر لە رێگەی گوشاری دیپلۆماسی یان هاوپەیمانەکانەوە کار بۆ کردنەوەی تەنگەکە بکرێت.
 
لە مانگی رابردوودا، ترەمپ چەندین هەڵوێستی جیاوازی هەبووە؛ هەندێک جار هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی وزەی ئێرانی کردووە ئەگەر تەنگەکە نەکرێتەوە، بەڵام لە کاتەکانی دیکەدا گرنگیی تەنگەکەی بۆ ئەمریکا کەم کردووەتەوە و گوتیویەتی داخرانی ئەو رێڕۆیە کێشەی وڵاتانی دیکەیە نەک ئەمریکا، چونکە واشنتن پێویستیی بە وزەی ئەو ناوچەیە نییە.
 
بەردەوامیی داخرانی تەنگەی هورمز کاریگەریی وێرانکەری لە سەر ئابووریی جیهان هەبووە. نرخی نەوتی ئەمریکا رۆژی دووشەممە بەربەستی 100 دۆلاری تێپەڕاند.
 
پسپۆڕان پێشبینی دەکەن، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، نرخی نەوت دەگاتە 200 دۆلاریش.
 
ئێستا چەندین وڵات و پیشەسازیی جیهانی کێشەی کەمیی سووتەمەنی، پەین و پارچەی کۆمپیوتەریان هەیە.
 
سۆزان مالۆنی، پسپۆڕی کاروباری ئێران و جێگری سەرۆکی پەیمانگەی بروکینگز بە تووندی رەخنەی لەم بڕیارەی ترەمپ گرت و بە "کارێکی یەکجار نابەرپرسانە" وەسفی کرد. مالۆنی گوتی: "ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە ئەم جەنگەیان دەستپێکردووە و ناتوانن تەنیا بە پەکخستنی سوپای ئێران بکشێنەوە و لێکەوتە ئابوورییەکان بۆ جیهان جێبهێڵن. هیچ رێگەیەک نییە بۆ پاراستنی ئەمریکا لەو زیانە ئابوورییە گەورەیەی کە بەهۆی داخرانی تەنگەکەوە دروست بووە."
 
سەرەڕای ویستی بۆ کۆتاییهێنانی خێرای جەنگ، ترەمپ خەریکی بەهێزکردنی پێگەی سەربازییە لە ناوچەکەدا. رۆژی شەممە کەشتیی (USS Tripoli) و یەکەی 31ـی مارێنز گەیشتنە ناوچەکە. هەروەها ترەمپ بڕیاری ناردنی تیمی بژاردەی فیرقەی 82ـی ئاسمانیی داوە و پرسی ناردنی 10,000 سەربازی دیکەشی لە سەر مێزە.
 
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی، ترەمپ چاوەڕوانە تاران رێککەوتن بکات و ئەمریکاش "هەوڵ دەدات" بۆ ئاساییکردنەوەی هاتووچۆی تەنگەکە، بەڵام وەک ئامانجی سەرەکیی سەربازی باسی نەکرد.
 
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتی، بە تێپەڕبوونی کات ئەمریکا جڵەوی تەنگەکە دەکات و ئازادیی کەشتیوانی دەگەڕێنێتەوە، چ لەرێگەی یاوەریی ئەمریکی یان نێودەوڵەتی بێت.