ترەمپ: لەگەڵ قالیباف لە گفتوگۆداین و دەشزانین لە کوێیە

رووداو دیجیتاڵ 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئێراندا "گۆڕانی تەواوەتیی رژێم" روویداوە. ئاشکراشی کرد، ئیدارەکەی ئێستا لەگەڵ سەرکردە نوێیەکانی تاران خەریکی دانوستاندنە، کە بە گوتەی ئەو "میانڕۆتر و ژیرترن" لەوانەی پێشوو.
 
بۆ یەکەمجار، ترەمپ لەکاتی قسەکردن بۆ میدیای وڵاتەکەی، پەردەی لەسەر ناوی ئەو کەسایەتییە ئێرانییە لادا کە واشنتن گفتوگۆی لەگەڵ دەکات و گوتی، لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران قسە دەکەن. ترەمپ دەڵێت، ئێستا گرووپێکی جیاواز لە خەڵک کۆنتڕۆڵی ئێرانیان بەدەستەوەیە و گوتی: "ئەوان زۆر میانڕۆتر و ژیرترن." ئەمە لە کاتێکدایە کە قالیباف وەک کەسایەتییەکی تووندڕۆ و نزیک لە سوپای پاسداران دەناسرێت.
 
سەبارەت بەوەی کە قالیباف لەم دواییانەدا لە سۆشیاڵ میدیا گاڵتەی بە پەیامەکانی ترەمپ کردبوو و بە "هەوڵدان بۆ یاریی کردن بە بازاڕی دارایی" وەسفی کردبوون، ترەمپ ئەو قسانەی فەرامۆش کرد و گوتی: "ئەگەر تێبینی بکەن، ئەو ئێستا تۆنی قسەکانی زۆر نزم کردووەتەوە." بەڵام سەرۆکی ئەمریکا لە هەمان کاتدا هەڕەشەیەکی تووندی ئاراستەی قالیباف کرد و گوتی: "ئێمە دەزانین ئەو لە کوێ دەژیت؛ با بەو شێوەیە بیڵێین."
 
ترەمپ پاساوی بۆ کاتی دەستپێکردنی جەنگەکە هێنایەوە و گوتی، چونکە پێش جەنگ بازاڕی پشکەکان لە لووتکەدا بوو (داو جۆنز 50,000 و S&P گەیشتبووە 7,000)، کاتێکی گونجاو بووە بۆ کردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "نرخی نەوت دادەبەزێت و بازاڕی پشکەکان دووبارە بەرز دەبنەوە. من گوتم ئەمە کاتێکی گونجاوە بۆ کردنی."
 
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، لەگەڵ دەستپێکی جەنگ، پێوەری داو جۆنز زیاتر لە 3,000 خاڵ و S&P نزیكەی 500 خاڵ دابەزیون. هەروەها نرخی نەوت ئەمڕۆ لە سەرووی 100 دۆلار مایەوە.
 
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە تەوەرەکانی دانوستاندن، دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێرانە، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەو بارەیەوە نەدا. پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکاش لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پێنتاگۆن هۆشداریی دایە ئێران و گوتی: "ئەگەر ئێران ژیر بێت، رێککەوتن دەکات."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە پلانە سەربازییەکانی بۆ کوبا کە لەم دواییانەدا هەڕەشەی لێ کردبوو، ترەمپ بە وریاییەوە گوتی: "من وای دەبینم، بە شێوەیەکی رێکخراو، دەبێت سەرەتا هەرچییەکت هەیە لە ئێران تەواوی بکەیت، ئینجا بچیتە سەر هەنگاوی دواتر."
 
دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکی دیکە لەگەڵ کەناڵی CBS رایگەیاند، "تەنانەت بیر لە" کۆگە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانی ئێران ناکاتەوە. 
 
ترەمپ بە ئاماژەدان بە هێرشە ئاسمانییەکانی ساڵی 2025ـی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران گوتی: "من تەنیا ئەوە دەزانم کە هێندە بە قووڵی لە ژێر زەویدا نێژراون، کە زۆر ئەستەم دەبێت بۆ هەر کەسێک دەستی پێیان بگات." سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "لەو خوارەوەیە، لە قووڵاییدا تەنانەت بەبێ جەنگیش نەیانتوانیوە کارێکی وا بکەن (دەستیان پێی بگات)، بۆیە دۆخەکە زۆر سەلامەتە. بەڵام، ئێمە بڕیاری پێویست دەدەین."
 
کاتێک پرسیاری لێکرا کەی جەنگەکە بە تەواوەتی کۆتایی دێت، ترەمپ بە بێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو دەستنیشان بکات گوتی: "زۆری نەماوە." سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کرد کە "ئێمە دوو هەفتە لە پێش خشتەی کاتییەوەین،" ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆشکی سپی پێشتر رایگەیاندبوو جەنگەکە چوار بۆ شەش هەفتە دەخایەنێت و ئێستا جەنگەکە پێی ناوەتە پێنجەم هەفتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ وێنەیەکی نائومێدکەری بۆ داهاتووی ئابووری و ژێرخانی ئێران کێشا و رایگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی ئەم ململانێ سەربازییە، کۆماری ئیسلامیی ئێران پێویستی بە لانیکەم 10 ساڵ دەبێت تاوەکو بتوانێت جارێکی دیکە وڵاتەکەی بونیاد بنێتەوە.