ترەمپ بۆ هاوپەیمانەکانی: چیدیکە یارمەتیتان نادەین؛ بڕۆن خۆتان هورمز بکەنەوە و نەوتەکەتان ببەن

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تووندی رەخنە لەو وڵاتانە دەگرێ کە بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە کێشەی سووتەمەنییان بۆ دروست بووە و رایدەگەیێنێت، ئەمریکا چیدیکە یارمەتییان نادات و دەبێت خۆیان فێری شەڕکردن بن و خۆیان بچن نەوت ببەن. 
 
لە نوێترین پەیامیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، دۆناڵد ترەمپ رەخنە لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەگرێ، بەتایبەتی بەریتانیا، کە ئامادەنەبوون بەشداری لە جەنگی دژی ئێراندا بکەن.
 
ترەمپ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، "هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەهۆی تەنگەی هورمزەوە ناتوانن سووتەمەنیی فڕۆکە دەستبخەن، وەک شانشینی یەکگرتوو بەریتانیا، کە رەتیکردەوە بەشداری لە لەنێوبردنی سەرکردایەتیی ئێراندا بکات، پێشنیازم بۆتان هەیە."
 
سەرۆکی ئەمریکا دوو پێشنیاز دەخاتە بەردەم ئەو وڵاتانە و دەڵێت، "یەکەم، لە ئەمریکای بکڕن، ئێمە زۆرمان هەیە. دووەم، کەمێک بوێریی دواکەوتوو بنوێنن، بچنە تەنگەکە و [سووتەمەنییەکە] ببەن."
 
ترەمپ بە زمانێکی هەڕەشەئامێزەوە لەبارەی داهاتووی پەیوەندییە سەربازییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دەڵێت، "دەبێت فێربن کە چۆن شەڕ بۆ خۆتان دەکەن. ئەمریکا چیدیکە ئامادە نابێت یارمەتیتان بدات، رێک وەک چۆن ئێوە یارمەتیتان نەداین."
 
ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمریکا ئەرکە قورسەکەی جێبەجێ کردووە و نووسیویەتی: "ئێران، لە بنەڕەتدا، وێران کراوە. بەشە قورسەکە تەواو بووە. بڕۆن نەوتەکەی خۆتان بهێنن!"