وەزیری جەنگی ئەمریکا لەبارەی ناردنی هێزی زەوینی بۆ ئێران: هەڵەکانی عێراق و ئەفغانستان دووبارە ناکەینەوە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە و هێزەکانی ئەمریکا لە پێش خشتەی کاتیی پلانەکەیانەوەن. دەشڵێت، هەرچەندە هەموو بژاردەکان بۆ بەکارهێنانی هێزی زەوینی کراوەن، بەڵام سەرۆکی وڵاتەکەی وانەکانی جەنگی عێراق و ئەفغانستانی بە باشی خوێندووەتەوە و ئەو هەڵانە دووبارە ناکاتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 31ی ئاداری 2026، لە شاری واشنتن لە ویلایەتی ڤێرجینیا، پیت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکا و دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا نوێترین پێشهاتەکانی جەنگی ئێرانیان خستەڕوو کە ئێستا چووەتە مانگی دووەمەوە.
 
ورەی سوپای ئێران داڕماوە
 
وەزیری جەنگی ئەمریکا کە تازە لە سەردانێکی مەیدانیی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سێنتکۆم گەڕاوەتەوە، رایگەیاند: "ئەوەی لە مەیدانی جەنگ بینیم ورەیەکی بەرزی سەربازەکانمان بوو. ئەوان داوای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ناکەن، بەڵکو داوای بۆمبی زیاتر و گەورەتر دەکەن بۆ تەواوکردنی ئەرکەکەیان."
 
پیت هێگسس ئاماژەی بەوە کرد، "هێرشە ئاسمانییەکان ورەی سوپای ئێرانیان بە تەواوی تێکشکاندووە و بووەتە هۆی هەڵاتنی بەکۆمەڵی سەربازان." گوتیشی: "تەنیا شەوی رابردوو 200 هێرشی داینامیکیمان ئەنجامداوە و حەشارگەیەکی دیکەی فەرماندەیی تارانمان وێران کردووە کە سەرکردەکانیان ناچار بوون بەبێ ئاو و کارەبا و ئۆکسجین لێی رابکەن." 
 
هێرشی داینامیکی بەو جۆرە هێرشانە دەگوترێت کە فڕۆکەوانەکە کاتێک لە ئاسمانی لایەنی بەرامبەرە فەرمان وەردەگرێت و ئامانجەکانی بۆ دیاریدەکرێت نەوەک پێشتر پێی درابێت. 
 
تێکشکاندنی 11 هەزار ئامانج و لەنێوبردنی 150 کەشتی
 
دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا، ئامارە نوێیەکانی جەنگی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە ماوەی 30 رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 11 هەزار ئامانجمان لە ناو خاکی ئێران پێکاوە. ئێستا فڕۆکە بۆمبهاوێژە زەبەلاحەکانی B-52 بە ئازادی بەسەر ئاسمانی ئێراندا دەفڕن و لە هەر گەشتێکدا 70 هەزار پاوەند تەقەمەنی بەسەر ئامانجەکاندا دەبارێنن."
 
سوپاسالاری ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە بەرەی دەریایی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 150 کەشتیی جەنگیی ئێرانیان لەنێوبردووە، لەوانە هەموو کەشتییە جەنگییەکانی جۆری "جاماران". جەختیشی کردەوە کە بنکەی پیشەسازیی بەرگریی ئێران بە تەواوی وێران بووە و توانای دروستکردنەوەی چەکیان نەماوە.
 
جەنگەکە کورتخایەن دەبێت
 
وەزیری جەنگی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری ناردنی هێزی زەوینی گوتی: "ئێمە هیچ بژاردەیەک داناخەین. دوژمن دەبێت بزانێت کە 15 رێگەی جیاوازمان هەیە بۆ ئەوەی بە هێزی زەوینی هێرشیان بکەینە سەر." بەڵام جەختی کردەوە کە "سەرۆک تڕەمپ" نایەوێت وەک ئیدارەکانی پێشوو ئەمریکا بخاتە ناو جەنگێکی بێ کۆتایی و پڕۆسەی بنیاتنانی نەتەوە.
 
لەبارەی دیپلۆماسیشەوە، هێگسس دەڵێت: "دانوستاندنەکان بەردەوامن و زۆر راستەقینەن، بەڵام تاوەکو رێککەوتن نەکرێت، ئێمە بە بۆمب دانوستاندن دەکەین." هۆشداریشی دا کە ئەگەر بەرپرسانی نوێی ئێران ژیر نەبن، ئەوا ترەمپ ئامادەیە "دۆزەخ بەرپا بکات" و هەموو وێستگەکانی کارەبا و بیرە نەوتەکانیان تێکبشکێنێت.
 
وەزیری جەنگی ئەمریکا راشیگەیاند، "ئەم ئۆپەراسیۆنە وەکو ئەفغانستان و عێراق نییە و ماوەیەکی کەم دەخایێنێت".