راپرسییەک: جەماوەری ترەمپ کەمدەبێتەوە و ئەمریکاییەکان لەبارەی جەنگی ئێران دابەش بوون
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نوێترین راپرسیی ناوەندی هارڤارد (CAPS) و دەزگای هێریس، رێژەی پەسندکردنی شێوازی کاری دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا سێ پلە دابەزیوە و گەیشتووەتە 43%، ئەوەش بەهۆی خراپبوونی باری دارایی هاووڵاتییان و دابەشبوونی شەقامی ئەمریکایی لەسەر جەنگی ئێران.
راپرسییەکە لە کۆتایی مانگی ئاداری ئەم ساڵ کراوە، دەری دەخات کە 45%ـی دەنگدەران پێیان وایە بارودۆخی داراییان بەرەو خراپتر دەچێت، ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی پێنج پلەیی بەخۆوە بینیوە بەراورد بە مانگی رابردوو. هەروەها 71%ـی بەشداربووان پێیان وایە هەڵاوسان لە 3% زیاترە.
جەنگی ئێران؛ دابەشبوونێکی سیاسیی قووڵ
سەبارەت بە جەنگی ئێران، کە لە مانگی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە، ئەنجامەکانی راپرسییەکە ئاماژە بە دابەشبوونێکی قووڵی سیاسی لەنێوان لایەنگرانی هەردوو پارتی سەرەکیی ئەمریکا دەکەن.
هەرچەندە بە تێکڕا 51%ـی دەنگدەران پشتگیری لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەن، بەڵام جیاوازییەکی گەورە لە دیدگای لایەنگرانی هەردوو پارتدا هەیە؛ بە جۆرێک 79%ـی کۆمارییەکان لەگەڵ هێرشەکانن، لە بەرامبەردا تەنیا 26%ـی دیموکراتەکان پشتگیریی لێ دەکەن.
سەرباری ئەو دابەشبوونە لەسەر رەوایەتیی جەنگەکە، بەڵام زۆرینەیەکی هەرە زۆری ئەمریکییەکان گەشبینن بە ئەنجامە سەربازییەکان. بەپێی داتاکانی راپرسییەکە، 76%ـی بەشداربووان پێیان وایە وڵاتەکەیان لە جەنگی دژ بە ئێراندا لەسەر رێچکەی سەرکەوتنە و لە ئێستادا ئەمریکا لە مەیدانەکەدا باڵادەستە.
لە لایەکی دیکەوە، پرسی رێگری لە ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی وەک خاڵێکی ستراتیژی لای دەنگدەرانی ئەمریکی ماوەتەوە. سێ لەسەر چواری بەشداربووان، کە رێژەی 74% پێکدەهێنن، پێیان وایە لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکادایە کە بە هەموو شێوەیەک رێگری لە تاران بکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
پرسی ناوخۆ و هەڵبژاردنەکان
سەبارەت بە پرسە ناوخۆییەکانی ئەمریکا، داخرانی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی ناڕەزایەتییەکی فراوانی لە شەقامی ئەمریکیدا لێکەوتووەتەوە؛ بەپێی ئەنجامەکانی راپرسییەکە 65%ـی دەنگدەران دژی ئەو داخرانەن و زۆرینەی بەشداربووانیش کە رێژەی 53% پێکدەهێنن، پارتی کۆماری بە بەرپرسی یەکەم لە دروستبوونی ئەو تەنگژەیە دەزانن.
لەلایەکی دیکەوە، کێبڕکێی هەڵبژاردنی نیوەیی کۆنگرێس بۆ ساڵی 2026 گەیشتووەتە لووتکەی توندیی خۆی و جیاوازیی نێوان هەردوو جەمسەرە سەرەکییەکە زۆر کەمە. لە ئێستادا پارتی دیموکرات بە رێژەی 51% پێش کۆمارییەکان کەوتوونەتەوە کە ئەوان 49%ـی دەنگەکانیان هەیە، ئەمەش دەریدەخات کە ململانێی کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زۆر توند و یەکلاکەرەوە دەبێت.
هەرچەندە کاتێکی زۆر ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2028، بەڵام دەنگدەرانی ئەمریکی هەر لە ئێستاوە لەسەر بەربژێرە دڵخوازەکانیان قسە دەکەن. لە نێو لایەنگرانی پارتی دیموکراتدا، کامالا هاریس بە رێژەی 41% وەک بەربژێری دڵخواز بۆ پۆستی سەرۆکایەتی دەردەکەوێت، لە بەرامبەریشدا لە نێو لایەنگرانی پارتی کۆماریدا جەی دی ڤانس بە رێژەی 42% پێشەنگی ئەو بەربژێرانەیە کە دەنگدەرانی پارتەکە پشتیوانییان دەکەن.