ترەمپ بۆ سەرکردەکانی جیهان: دڵنیابن دەرگای فڕۆکەکانتان لەکاتی کێشە لەگەڵ هاوژینەکانتان داخراوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا ئامۆژگاریی سەرکردەکانی جیهان دەکات کە ئەگەر لەنێو فڕۆکە لەگەڵ هاوژینیان تووشی کێشە بوون، دڵنیا بن لەوەی دەرگای فڕۆکەکە داخراوە.
رۆژی هەینی 31ی ئایاری 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن لەبارەی رووداوەکەی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و هاوژینەکەی پرسیاری لێکرا.
ترەمپ رووداوەکەی بە "شتێکی خراپ" ناوبرد و بە گاڵتەوە داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد، ئەگەر لەگەڵ هاوژینەکانیان کێشەیان بۆ دروستبوو، "دڵنیا ببنەوە لەوەی دەرگاکە داخراوە."
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "من قسەم لەگەڵی [لەگەڵ ماکرۆن] کرد و ئەو باشە. ئەوان باشن. ئەوان دوو کەسی زۆر باشن. زۆر باش دەیانناسم و نازانم ئەوە لەسەر چی بوو، بەڵام زۆر باش دەیانناسم و دەزانم کە ئەوان باشن."
سەرۆکی ئەمریکا کە ماوەیەکی درێژە پەیوەندییەکی گەرموگوڕی هاوڕێیانەی لەگەڵ ماکرۆن هەیە، رایگەیاند، دوای رووداوەکە پەیوەندیی بە ماکرۆن و هاوژینەکەیەوە کردووە.