ترەمپ بەرنامەیەک رادەگرێت کە رێگەی بە 530 هەزار کۆچبەر دابوو بچنە ئەمریکا

رووداو دیجیتاڵ  

ترەمپ 530 هەزار پەناخوازی چوار وڵات دەردەکات کە لە سەردەمی بایدن لە رێگەی بەرنامەیەکەوە بۆ کارکردن چووبوونە ئەمریکا. ئابووریناسان هۆشداری دەدەن، ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئابووری و کەمکردنەوەی دەستی کار.
 
رۆژی هەینی 30-05-2025 دادگەی باڵای ئەمریکا رێگەی بە ئیدارەی ترەمپ دا بەرنامەیەکی سەردەمی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رابگرێت کە رێگەی بە نزیکەی 530,000 پەناخواز لە کوبا، هایتی، نیکاراگوا و ڤەنزوێلا دابوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بژین و کار بکەن، لەکاتێکدا دۆسیەی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتییان تەواو نەبووە.
 
ئیدارەی ترەمپ دەڵێت، ئەو هاووڵاتییانە بۆ سەر ئاسایشی گشتی مەترسین. تریشیا مەکلۆکلن، یاریدەدەری وەزیری ئاسایشی ناوخۆ دەڵێت، کۆتاییهێنان بە بەرنامەکە گەڕانەوەیە بۆ ئەجێندای "ئەمریکا خاڵی لەپێشینەیە."
 
داکۆکیکارانی مافی کۆچبەران و پەناخوازان دەڵێن، ئەم بڕیارە ژیانی زۆرێک لەو پەناخوازانە ئاوەژوو دەکاتەوە. ئابووریناسانیش هۆشداری دەدەن، دەکرێ دوورخستنەوەی ئەو کرێکارانە زیان بە ئابووریی نێوخۆیی بگەیەنێت، بەتایبەتی لە پیشەسازییەکانی وەک میوانداری، چاودێریی تەندروستی و بیناسازی.
 
بەرنامەکە ناوی (CHNV)ـیە کە هەر پیتێک ئاماژەیە بۆ پیتی یەکەمی کوبا، هایتی، نیکاراگوا و ڤەنزوێلا.
 
کێ مافی یاسایی لەدەستدەدات؟
 
نزیکەی 110 هەزار پەناخوازی کوبایی، 211 هەزار پەناخوازی هایتی، 93 هەزار نیکاراگوایی و 117 هەزار ڤەنزوێلی لەو بەرنامەیە بەشدارن و مافەکە لەدەستدەدەن. 
 
بەگوێرەی بەرنامەکە، ئەو هاووڵاتییانە مافی ئەوەیان پێدرابوو بۆ دوو ساڵ لە ئەمریکا بژین و کاربکەن.
 
لە کوێ دەژین؟
 
زۆربەیان لە فلۆریدا و تێکساس دەژین و بەشێکیشیان لە نیوجێرزی، ئیلینۆی، یوتا، کالیفۆرنیا، جۆرجیا، ئۆهایۆ و مێریلاند نیشتەجێن.
 
لە کوێ کار دەکەن؟
 
پەناخوازەکان لە کەرتەکانی میوانداری، کاتبەسەربردن، بیناسازی، چاودێریی تەندروستی، پەروەردە، پیشەسازی و فرۆشتن کاردەکەن. 
 
کاریگەرییەکان چین؟
 
داکۆکیکاران دەڵێن، بڕیارەکە دەبێتەهۆی جیابوونەوەی خێزانەکان و ناچارکردنی خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی مەترسیداری ئەو وڵاتانە. 
کۆمپانیاکان ئەو کرێکارانە لەدەست دەدەن کە پشتیان پێبەستوون و زیان بەر دەستی کاری ئەمریکا دەکەوێت.