بەرپرسێکی ئەورووپی بۆ رووداو: رێڕەوی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا لە سیلیڤرییەوە دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
ناچۆ سانچێز ئامۆر، ئەندامی لیژنەی پەرلەمانیی هاوبەشی یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا، ئەمڕۆ شەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا و چارەسەرکردنی دۆسیەی زیندانییە سیاسییەکان، لەنێویاندا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، عوسمان کاڤالا و سەلاحەدین دەمیرتاش، کلیلی زیندووکردنەوەی پرۆسەی بەئەندامبوونی تورکیایە لە یەکێتیی ئەورووپادا.
ئامۆر سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا گوتی: "پێمانوایە ئەمە دەرفەتێکی نایابە بۆ گەڕاندنەوەی هیوا لە کێشەیەکی زۆر قووڵی ژیانی خەڵکی تورکیادا و هانی دەسەڵاتداران دەدەین بەم ئاراستەیەدا هەنگاو بنێن. چونکەپرۆسەکە دەستیپێکردووە. هەواڵی خۆش لە هەردوو لاوە هەیە، بەڵام دەبێت ئەم بیرۆکەیە لە پەرلەمانی نیشتمانی، لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی گەورەدا، جێگیر بکرێت، بۆ ئەوەی" لیژنە پەرلەمانییە هاوبەشەکەی یەکێتیی ئەورووپا و تورکیاش بتوانێت دەست بە کارەکانی بکات.
پەرلەمانتارە ئیسپانییەکە روونیشیکردەوە: "ئێمە وەک یەکێتیی ئەورووپا، رۆڵێکی راستەوخۆمان نییە،" بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، برۆکسل هانی هەموو لایەنێک دەدات "پەرە بە بەم پرۆسە ئومێدبەخشە بدەن"
جەختیشیکردەوە و گوتی: "ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی شتەکان دەکەین [...] ئەمە پەیوەندیی بە ژینگەیەکی دیموکراتیی باشترەوە هەیە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر پرۆسەی ئەندامێتی هەیە. واتە، ئەگەر هەواڵی خۆش لە پرۆسەی ئاشتیدا هەبێت، بۆ پرۆسەی ئەندامێتیش هەواڵێکی خۆش دەبێت، چونکە ئەوە مانای وایە ژینگەی دیموکراتی باشتر دەبێت."
تورکیا لە ساڵی 1987ـەوە داواکاریی فەرمی بۆ بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورووپا (ئەوکات کۆمەڵەی ئابووریی ئەورووپی) پێشکێش کردووە و لە ساڵی 2005ـەوە دانوستاندن بۆ ئەو مەبەستە دەستیپێکردووە. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، بەهۆی پاشەکشەی تورکیا لە بنەماکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا، پرۆسەکە وەستاوە.
ئەندامەکەی پەرلەمانی ئەورووپی هەروەها باسی لە سەردانی خۆی بۆ لای ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی لەکارلادراوی ئیستەنبووڵ کرد لە زیندانی سیلیڤری و گوتی: "دوێنێ لە سیلیڤری سەردانی ئیمامئۆغڵوم کرد، وەک چۆن چەند مانگێک لەمەوبەر سەردانی کاڤالام کرد، پێشتریش سەردانی دەمیرتاشم کردبوو. حەزدەکەم ئەوان لە دەرەوە ببینم. حەزدەکەم کاڤالا لە شوێنی کارکردنی ببینم؛ حەزدەکەم دەمیرتاش لە بارەگاکەیدا ببینم. حەزدەکەم ئیمامئۆغڵو لە شارەوانیدا ببینم."
ئەکەرم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ، کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزسیۆن و سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە. 19ی ئاداری ئەمساڵ، بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستان، بەرتیلوەرگرتن و گەندەڵی دەستگیرکرا.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە ساڵی 2016ەوە زیندانی کراوە و رووبەڕووی چەندین تۆمەتی پەیوەندیدار بە "تیرۆر" بووەتەوە. دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا چەندین جار داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کردووە.
عوسمان کاڤالا، بازرگان و چالاکڤانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە ساڵی 2017ەوە زیندانی کراوە و سزای زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، ئەوەش بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ رووخاندنی حکومەت. دۆسیەکەی بووەتە یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان تورکیا و ئەنجوومەنی ئەورووپا.
ئامۆر جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری دۆسیەی زیندانییەکان پێشمەرجێکی سەرەکیی نزیکبوونەوەی تورکیایە لە ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورووپا. گوتیشی: "وەک دوای دەرچوونم لە زیندان گوتم، رێڕەوی ئەورووپیی تورکیا لە سیلیڤرییەوە دەستپێدەکات. ئەگەر شتەکان باشتر بن پەیوەست بەم دۆسیانەوە، ئەمە هەواڵێکی خۆشە بۆ پرۆسەی بەئەندامبوون. هەربۆیە ئەوەی بە دەسەڵاتدارانی تورکیام گوت ئەوەیە، ئەگەر دەتانەوێت پرۆسەی بەئەندامبوون زیندوو بکەنەوە، رێگەکە لە سیلیڤرییەوە دەستپێدەکات. ئەمە پەیامی منە."
ئامۆر سەبارەت بە دۆخی دەروونیی ئیمامئۆغڵو رایگەیاند: "ئەکرەم بەی بە ورەیەکی بەرز، گیانێکی جەنگاوەرانە و زۆر خۆڕاگرانەم بینی. زۆر نیگەران لەو شتانەی بەسەر کەسانی دیکەدا هاتوون، چونکە دەزانێت بەرپرسانی دیکە، فەرمانبەرانی دیکەی ئەم شارەوانییە، تەنیا لەبەرئەوەی ئەو ئامانجێکی سیاسییە، زیانیان بەرکەوتووە. ئەمە ئەو بەرپرسیارێتییەیە کە خەمباری دەکات."
بەرپرسە ئەورووپییەکە داوای ئازادکردنی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە پەیوەندییان بەم دۆسیەیەوە هەیە و گوتی: "ئەوەی داوای دەکەین، بێگومان، ئازادکردنی هەر کەسێکە، هەر کەسێک کە پەیوەندیی بەم دۆسیەیەوە هەیە. ئەگەر دۆسیەیەک هەبێت، دۆسیەکە بەردەوام بێت، ئەم داواکارە گشتییەی ئیستەنبووڵ بتوانێت شتی زۆر ئەندێشەیی دروست بکات، رەنگە کەسێک بانگهێشتی دادگە بکرێت. بەڵام دانانی 100 کەس لە زینداندا بە هۆکاری زۆر لاواز، لەگەڵ دیموکراسیدا یەکناگرێتەوە."