رووسیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: دۆخی تورکیا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاسایشمان هەیە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاڵپشتی چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکانی تورکیا و پەکەکە دەکەن و دەشڵێت، دۆخی ئەوێ کاریگەری راستەوخۆی لەسەر وڵاتەکەیان هەیە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی و لە وەڵامی پرسیارێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە نێوان تورکیا و پەکەکە رایگەیاند، "رووسیا پاڵپشتی لە چارەسەری سیاسی بۆ ئەو کێشانە دەکات. ئەمەش لە پەرۆشیمانە بۆ ئاشتی لەو وڵاتە و ناوچەکەدا". 
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا لە یەکی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەگەڵ سەرکەوتنی پرۆسەکەیە و دەڵێت، "رەوشی تورکیا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەمان هەیە". 
 
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.