هاکان فیدان: ئەردۆغان و پووتین بابەتی گواستنەوەی دانەوێڵە یەکلایی دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرز دەنرخێنێت و دەشڵێت، "سەرباری دەستپێشخەرییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، بەڵام سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرز دەنرخێنین و پێکەوە درێژە بە کاری بونیاتنەرانەی نێوانمان دەدەین. ئێمە دوو وڵاتی هاوبەشین و بەرژەوەندیی هاوبەشی زۆرمان هەن". هاکان فیدان-یش ئاماژە بە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی نێوان پووتین و ئەردۆغان دەکات و دەڵێت، "بابەتی گواستنەوەی دانەوێڵە یەکلایی دەکەنەوە."
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 31-08-2023 دوای کۆبوونەوەی درێژخایەنی نێوان سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە مۆسکۆ، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان رێکخست.
سێرگی لاڤرۆڤ باسی لە بابەتی گواستنەوەی دانەوێڵەی رووسی کرد و رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون، بۆیە ئەوانیش رێککەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینی کە بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا، هەڵپەساردووە و تاوەکو ئەو کاتەی وڵاتانی رۆژئاوا پابەندییەکانیان بەجێ نەگەیێنن، ئەوانیش ئەو رێککەوتنە کارا ناکەنەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە ئەگەر وڵاتانی رۆژئاوا پابەندییەکانیان بەجێگەیاندایە، بە دڵنیاییەوە پرۆسەکە پەکی نەدەکەوت و بەردەوام دەبوو.
سێرگی لاڤرۆڤ ئاماژەی بۆ گواستنەوەی یەک ملیۆن تۆن گەنم و دانەوێڵەی رووسی بۆ تورکیا کرد و رایگەیاند، دوای ئەوەی لە تورکیا دەکرێتە ئارد، بە پاڵپشتیی قەتەر رەوانەی ئەو وڵاتانە دەکرێن کە زۆر هەژار و کەمدەرامەتن لە کیشوەری ئەفریقا.
لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تورکیا، سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند، سەرباری ئاستەنگە بەردەوامەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، بەڵام قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ تورکیا فراوانتر دەکەن، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، رێگەی گواستنەوە و گەیاندن بۆ ناوچەی قەوقاز و گوتی، "ئامادەین رێژەی پێدانی گازی سرووشتی بۆ تورکیا زیاتر بکەین، بەهۆی ئەوەی پرۆژەی هاوبەشی ستراتیژیی نێوانمان لە بواری وزە گەورەتر و پێشکەوتووتر دەکەین."
لەلای خۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانیکردنی مۆسکۆ دەربڕی و رایگەیاند، یەکەم سەردانیەتی وەکو وەزیری دەرەوە و لە پەرێزیدا چەندین بابەت و پرسی زۆر گرنگ و هەستیار هەن لەپێناو گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوبەشە رووسیاییەکەی.
هاکان فیدان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، تورکیا پێداگرە بۆ ئەوەی رێککەوتننامەی ئیستەنبووڵ بۆ گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینی کارا بکرێتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش پاڵپشتیی تەواوی هەوڵەکانیان دەکات، گوتیشی، "چەندین پێشنیازمان لەگەڵ خۆمان هێناوە بۆئەوەی دەستپێشخەرییەکەمان سەربگرێت و رێککەوتننامەکە کارا بکرێتەوە."
راشیگەیاند، تورکیا مەبەستیەتی لە رێگەی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاشتی بۆ دەریای رەش، بتوانن ئاسایشی خۆراکی جیهان بپارێزن و گوتی، "لە رێگەی ئەم دیدارەمان لەگەڵ بەڕێز لاڤرۆڤ، رێگە خۆش دەکەین بۆئەوەی لە دیداری چاوەڕوانکراوی هەردوو بەڕێزان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە و بەمەش رۆڵێکی کاریگەر لە پەیوەندییەکانماندا دروست بکرێنەوە."
هاکان فیدان ئاماژەی بە مەرج و نیگەرانییەکانی رووسیا لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا دەربڕی سەبارەت بە دروستکردنی کێشە و ناکۆکی لە بابەتی گواستنەوەی دانەوێڵە و پێداگریی لەوە کرد، کە لە دیداری سۆچی لەنێوان ئەردۆغان و پووتین ئەم بابەتە بە تێروتەسەلییەوە دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە.