هەزاران کەس لە ئوسترالیا دژی پەنابەران خۆپیشاندانیان کرد؛ حکومەت سەرکۆنەیان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە ئوسترالیا هەزاران هاووڵاتیی خۆپیشاندانیان لە دژی زیادبوونی کۆچبەران و پەنابەرانی وڵاتەکە کرد، حکومەت سەرکۆنەی خۆپیشاندانەکەی کرد و رایگەیاند، هەوڵدەدەن رق بڵاوبکەنەوە.
رۆژی یەکشەممە 31-08-2025 خۆپیشاندان لە سەرانسەری ئوسترالیا بەڕێوەچوو و خەڵک درووشمی جۆراوجۆری دژە کۆچبەرییان بەرزکردەوە.
ماڵپەڕی ئەو گرووپەی خۆپیشاندانەکانی رێکخستووە دەڵێت: "کۆچی بەکۆمەڵ ئەو پەیوەندییانەی پچڕاندووە کە کۆمەڵگەکانمانی پێکەوە بەستوونەتەوە."
گرووپەکە رۆژی شەممە لە ئێکس بڵاویکردەوە، گردبوونەوەکان ئامانجیان ئەوەیە "ئەوە بکەن کە سیاسەتمەدارە سەرەکییەکان هەرگیز بوێریی ئەوەیان نییە بیکەن: داوای کۆتاییهێنان بە کۆچی بەکۆمەڵ."
گرووپەکە ناویان لە خۆپیشاندانەکان ناوە "رێپێوان بۆ ئوسترالیا."
ئوسترالیا، کە لە هەر دوو کەسێک یەکێکیان یان لە دەرەوە لەدایکبووە یان دایک و باوکێکی کۆچبەری هەیە، رووبەڕووی بەرزبوونەوەی تووندڕەویی راستڕۆ بووەتەوە.
مورەی وات، وەزیری ژینگە و ئاو بە تەلەفزیۆنی سکای نیوزی گوت: "ئێمە بە تەواوی گردبوونەوەی رێپێوان بۆ ئوسترالیا سەرکۆنە دەکەین. ئەمە پەیوەندیی بە زیادکردنی هاوئاهەنگیی کۆمەڵایەتییەوە نییە."
وات ئاماژەی بەوەدا، ئەوان "لەلایەن" گرووپە نازییەکانەوە "رێکخراون و رێکلامیان بۆ کراوە" و گوتی: "ئێمە پشتیوانی لە گردبوونەوەی لەو شێوەیە ناکەین کە پەیوەندیی بە بڵاوکردنەوەی رق و دابەشکردنی کۆمەڵگەکەمانەوە هەیە."
ئاژانسی هەواڵیی ئوسترالیا بڵاویکردەوە، نزیکەی 5,000 بۆ 8,000 کەس، کە زۆربەیان ئاڵای ئوسترالیایان پێبوو، بۆ گردبوونەوەکەی شاری سیدنی کۆبوونەوە.
لەلایەکی دیکەوە، گردبوونەوەیەکی پێچەوانە لەلایەن (هاوپەیمانیی کردەوەی پەنابەران)ـەوە بەڕێوەچوو. گوتەبێژێکی هاوپەیمانییەکە رایگەیاند: "چالاکییەکەی ئێمە قووڵایی قێزەونی و تووڕەیی سەبارەت بە ئەجێندای راستڕۆی توندڕۆی رێپێوان بۆ ئوسترالیا نیشان دەدات."
گلێن ئاڵچین، خۆپیشاندەری دژە کۆچبەر رایگەیاند، خوازیاری "خاوکردنەوەی" هەڵمەتی کۆچبەرییە. ئاڵچین بە رۆیتەرزی گوت: "ئەمە پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە وڵاتەکەمان خەریکە دەتەقێت و حکومەتەکەمان زیاتر و زیاتر خەڵک دەهێنێتە ناوەوە."