تۆڕی پزیشکانی سوودان: هێزەکانی دەگەلۆ 2000 کەسی سڤیلیان کوشتووە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرەتای ڤیدیۆکە هاوار و پاشماوەی شەڕ لە شاری فاشرە لە ویلایەتی دارفوری باکوور دەبینن. لە 26ی ئەم مانگەوە شارەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرایە، ئەوەش دوای پێکدادانێکی قورس لەگەڵ هێزەکانی حکومەت. 
 
بەگوێرەی تۆڕی پزیشکانی سوودان، هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا کۆمەڵکوژیان کردووە و لە رۆژی یەکشەممەوە، لانیکەم دوو هەزار کەسیان کوشتووە. 
 
جەنەراڵ محەممەد حەمدان دەگەلۆ، فەرماندەی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا دەڵێت، "پێشێلکاری لە فاشر روویداوە. لێرەوە رایدەگەیێنم کە لیژنەی لێکۆڵینەوەمان پێکهێناوە و ئەمەش تەنیا قسە نابێت. لیژنەکەمان گەیشتووەتە ئەلفەشیر". 
 
هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا بە سەرۆکایەتی جەنەراڵ محەممەد حەمدان دەگەلۆیە و لە نیسانی 2023وە شەڕیان دژی هێزەکانی حکومەت دەستپێکردووە. ئەمە دوای ئەوەی جەنەراڵ حەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپای سوودان کە حکومەتی سودانیان لەژێر دەستە، رازینەبوو بە دامەزراندنی 100 هەزار چەکداری هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە ریزی سوپای سوودان. 
 
لە 16 هەرێمی سوودان، شەشیان کە دەکەونە رۆژئاوا و باشووری سوودان بە تەواوی و بەشێکی سێ هەرێمی دیکەشیان لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرادان. 
 
بەهۆی هێرشەکەی فاشرەوە، ژیانی نزیکەی 177 هەزار کەسیش کەوتووەتە مەترسییەوە. 
 
شەلدۆن یەت، نوێنەری یونیسێف لە سوودان رایدەگەیێنێت، "دۆخەکە تۆقێنەرە. شارەکە زیاتر لە 600 رۆژ بوو لە ژێر گەمارۆدابوو. هیچ خۆراکێک، دەرمانێک و هیچ پێویستییەکی سەرەتایش نەدەگەیشتە ئەوێ. ئێستا خەڵکەکەی رووبەڕووی تووندوتیژی تۆقێنەر بوونەتەوە". 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 26ی مانگەوە لانیکەم 36 هەزار کەس لە شاری فاشرەوە ئاوارە بوون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای پاراستنی ژیانی کەسانی سڤیل دەکات. 
 
ستیفان دووژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "پێویستە هەموو لایەنەکان لە سوودان پاراستنی ژیانی خەڵک و سەلامەتی ملیۆنان کەس بخەنە پێشەوەی ئامانجەکانیان. پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندبوونی نەگۆڕیان بە پاڵپشتیکردنی خەڵکی سوودان هەیە."
 
شەڕی هێزەکانی نزیک لە حکومەت و بەرپەرچدانەوەی خێرا لە نیسانی 2023وە دەستیپێکردووە. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی ئەو شەڕەوە لانیکەم 150 هەزار کەس کوژراون و 14 ملیۆن کەسی دیکەش ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە.